fidrasyon.jpg

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی‎ ئیدانەی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و گرتنی رۆژنامەنوسان دەكان‎

Aug 9, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

له‌ راگەیاندراوێكدا فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی‎ ‎ئیدانى سەرکوتکردنیی خۆپیشاندەران و گرتنی رۆژنامەوانان ده‌كات و هاوكات داوا ده‌كات ئەو هۆکارانە چارەسەر بکەن کە دەبنە مایەی خۆپیشاندان.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٩-٨-٢٠٢٢ ده‌رچووه‌ و وێنه‌یه‌كى ده‌ست سایتى روانگه‌ى په‌ى كه‌وتووه‌، فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە توندی ئیدانەی هەموو ئەو توندوتیژی و پێشێلکارییانەی چەند رۆژی دوایی دەکه‌ن.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ لە هەرێمی کوردستاندا کاتێک گروپێکی رەسمی کات و شوێن و ئامانجی خۆپیشاندانێکی مەدەنی رادەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم لەبری ئەوەی هێزی پۆلیس بنێرێت بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، پێشوەخت هێزی لەناکاو دەنیرێتە سەر رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە و بە شەو دەدەن بەسەر ماڵەکانیاندا و دەیانفڕێنن، کار بەوەشەوە ناوەستێت و بە هێزێکی زۆرەوە گەمارۆی شوێنی خۆپیشاندانەکان دەدەن و رەشبگیری دەکەن و رۆژنامەنوسان و کەلوپەلەکانیان دەستگیردەکەن و پێشێلکاری دەگاتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی لە ژێر فشاردا پاسۆردی مۆبایلەکانیان لێبسەنن! ژمارەیەک پارێزەر بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر بکرێت، یاخود دەستگیرکردنی کوڕ لەبری باوکی کە ویستویەتی بچێت بۆ خۆپیشاندان...
ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ وه‌كخۆى:

راگەیاندراوی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی‎ ‎

ئەو هۆکارانە چارەسەر بکەن کە دەبنە مایەی خۆپیشاندان،
 نەک سەرکوتکردنیی خۆپیشاندەران و گرتنی رۆژنامەوانان

لە کاتێکدا ئێمە وەک فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە توندی ئیدانەی هەموو ئەو توندوتیژی و پێشێلکارییانەی چەند رۆژی دوایی دەکەین، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل و رۆژنامەوانان ئەنجامیداوە، هاوکات پێمان وایە کە رێگە راستەکە لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا ئەوەیە لەبری سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و پەنا بردنە بەر توندوتیژی، بە کردەوە هەنگاو بنێت بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی کە هاوڵاتیان ناچار دەکات بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن. 

لە هەرێمی کوردستاندا کاتێک گروپێکی رەسمی کات و شوێن و ئامانجی خۆپیشاندانێکی مەدەنی رادەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم لەبری ئەوەی هێزی پۆلیس بنێرێت بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، پێشوەخت هێزی لەناکاو دەنیرێتە سەر رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە و بە شەو دەدەن بەسەر ماڵەکانیاندا و دەیانفڕێنن، کار بەوەشەوە ناوەستێت و بە هێزێکی زۆرەوە گەمارۆی شوێنی خۆپیشاندانەکان دەدەن و رەشبگیری دەکەن و رۆژنامەنوسان و کەلوپەلەکانیان دەستگیردەکەن و پێشێلکاری دەگاتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی لە ژێر فشاردا پاسۆردی مۆبایلەکانیان لێبسەنن! ژمارەیەک پارێزەر بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر بکرێت، یاخود دەستگیرکردنی کوڕ لەبری باوکی کە ویستویەتی بچێت بۆ خۆپیشاندان...

ئەم شێوەی مامەڵەو نزیکبوونەوەیەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە دژی خۆپیشاندەرانی رۆژی ٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییە دووپاتدەکاتەوە کە ئەم کابینەیەی حکومەت لە هەردوو زۆنەکە کابینەی دژایەتیکردنی ماف و ئازادییەکانە.

لێرەوە داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دەکەین، بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلکاریانە بکەن و لێپرسینەوە بەرامبەر لەو هێز و لایەنانە بکەن کە بە ئاشکرا دژی سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانن کە ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکانیانە، ڕێنەدەن لە ژێر هیچ پاساوێکدا ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

٩-٨-٢٠٢٢