31-7-2022-fidrasion1.jpg

کۆنگرەی رۆژنامەوانی فیدراسیۆنی رێکخراوەکان، لەبارەی دەستێوەردانی حزبی لە دادگاکان

Jul 31, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

   

کۆنگرەی رۆژناموانی فیدراسیۆنی رێکخراوەکان لەسەر دانان و پڕکردنەوەی سەرۆکی دادگاکان 

:دەقی راگەیاندراوەکە 

 "خوازیارین پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی و گەرمیان بەبێ دەستێوەردانی حزبی بەڕێوەبچێت.." بۆ بەڕێزان : - رای گشتی هەرێمی کوردستان - سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان - باڵیۆز و کونسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق - رێکخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەکان - دەزگاکانی راگەیاندن سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری پێویستی بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و دەستوەرنەدان لە کاروبارەکانیەتی لەلایەن حیزب و حکومەت و کەسانی دەستڕۆیشتوو، لە ئێستادا دەستوەردان لەكاروبارەکانی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری تەنها بە حزبەوە نەوەستاوە بگرە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانیشەوەیە، تەنانەت ئاستی دەستوەردانەکە گەیشتۆتە ئەوەی کە حیزب وەك بارەگایەكی حزبی لە دادگا بڕوانێت و بەفیلتەری خۆیدا بیانكاتە دادوەر و دەستبەرداری ئاراستەكردنی ئەم دامەزراوە گرنگە نەبێت. لە کەس شاراوە نییە کە لە ماوەی رابوردودا لە هەرێمی کوردستان دەستتێوەردانی روون و ئاشکرا بوونی هەبووە لە کاتی پرکردنەوەی پۆستە دادوەرییەکاندا و تەنانەت لە ساتی پێکهێنانی حکومەتیشدا بە ئاشکرا باسی بەپشککردنی پۆستی ئەنجومەنی دادوەری کراوە! لێرەوە متمانەی هاوڵاتی بە دادگاکان و جێبەجێکردنی دادپەروەری بە تەواوی لاواز بووە و بۆتەهۆی ئەوەی کە هاوڵاتیان خۆیان هەوڵبدەن مافی خۆیان وەربگرنەوە کە لەسەرئەنجامدا تاوان و کارەساتی لێکەوتۆتەوە، کە بەشێکی گەورەی ئەم کارەساتانە هۆکارەکەی حیزبە حکومڕانەکانن کەبە دەستێوەردانەکانیان لە کاری دادگاکان متمانەی خەڵکیان بەرامبەر کاری دادگا و دادوەرەکان لاوازکردوە. هەربۆیە پێویستە خودی ئەنجومەنی دادوەری خەمخۆری راستەقینەی دەسەڵات و پێگەو ناو و ناوبانگ و گەورەیی پەیامی دادپەروەری و یەكسانی و سەقامگیری بێت و هەرخۆیان بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەنەوە كە پاشكۆیەتی و دەستوەردان و حساب بۆ نەكردن و بێ متمانەیی لێدەكەوێتەوە، هاوکات پێویستە كاراكتەرەكانی ئەم دەسەڵاتە خۆیان زیاتر لەخەمی دادگا و دەسەڵاتی دادوەریدا بن، چونکە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و فەرمانڕەواكانی هەرێم، ئەوەی خەمی نەخۆن و گوێی پێنەدەن ناو و ناوبانگ و گەورەیی و شکۆی ئەم دامەزراوە دادوەریانەیە، كە بەلای ئێمەوە دەسەڵاتێکی یەكجار گرنگ و پیرۆزن و خۆمان بە خەمخۆریان دەزانین. ئیستا لە سەروبەندی ئەنجامدانی گۆرانکاری لە پۆستی سەرۆکی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی و گەرمیاندا، ئێمە وەک فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی خوازیزرین بەبێ دەستێوەردانی حزبی و دور لە وەلاء و تەزکیە و بەپێی پێوەرە یاساییەکان و رێکارە ئسوڵییەکان ئەو پۆستانە بە جۆرێک پربکرێنەوە کە ببێتە دەستپێک و دەروازەیەک بۆ گەرانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دادگاکان و دورخستنەوەی دەستی حیزب و سیاسییەکان لە کاروباری دادگاکان و دامەزراوەی دادوەری، بەڵام لە ئەگەری دانانی دادوەران و پڕکردنەوەی پۆستە دادوەرییەکان لەلایەن حیزبەوە ئەوکاتە بێمتمانەیی هاوڵاتیان بە دادگاکان زیاتر دەبێت و پێچەوانەشە لەگەڵ پرەنسیپەکانی دادپەروەری و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی.

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
 ٢٦-٧-٢٠٢٢    سلێمانی- هەرێمی کوردستان

31-7-2022-fidrasion