Xandan1.jpg

ئینستتیوتی پەی هۆشداری دەدات لە هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان

Sep 28, 2019  |   هەواڵەکانی پەی 

خەندان - ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند،"پێویستە پەرلەمانی كوردستان بە ئەركی خۆی هەڵبستێت" رەخنەش لە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەگرێت و رایدەگەیەنێت رێك پێچەوانەی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنە لە لیستی نیمچە كراوەوە بۆ لیستی داخراو.

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند،"پەرلەمانی كوردستان وێڕای ئەوەی بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە درەنگ كەوتە كار، ئێستا كە ساڵێك بەسەر تەمەنی ئەم خولەدا تێدەپەڕێت، كەچی وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستاوە، كەمترین یاسای دەركردوە، لەچاودێری حكومەتدا سستە، كاری لەسەر رەشنوسی دەستور نەكردوە".

ئینستتیوتی پەی دەشڵێت،"ئەوەی لەكارە سەرەتاییەكانی ئەم خولەدا تێبینی دەكرێت، ئەو یاسایانەی دەریكردون لە كاڵایەك دەچن كە بۆ باڵایەكی تایبەت ئامادەكرابن، بۆ نمونە: یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان، دواهەمین هەوڵیش هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانە، بە تایبەت مادەی (110) كە پەرلەمانتار ئازادە حیزب و هەڵوێست بگۆڕێت".

ئاماژە بەوەشكراوە،"لە پەیرەوی ناوخۆی پێشو تەنها رێگا درابو پەرلەمانتار ئازاد بێت لە كارو چالاكی پەرلەمانتاربون، لەگەڵ ئەوەش بینیمان تەنها لەسەر جیاوازی راو بۆچونیان نەك حیزب گۆڕین لە خولی پێشو بە زۆر و بێ ئاگاداری خۆی، پەرلەمانتار (فەرهاد سەنگاوی) دەركرا، دواتر بۆ ئەوەی رێگا بگرن لە رۆیشتنی پەرلەمانتاران بۆ ناو حیزبی تر، پەرلەمانی كوردستان لە خولی چوار لەسەرەتای دەستبەكاربونی لەڕێگەی پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆ كاریانكرد، دواتر بە دو خوێندنەوەی جیاواز پەسەندیان كرد، كە ئێستا تەنها ساڵێك بەسەر ئەم پەسەندكردنەدا تێپەڕیوە، كە ئەو كاتە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ)ش لەپەرلەماندا بونی نەبو. بەلام ئەمڕۆ هاتون ئەو ماددەیە دەستكاری دەكەن كەتایبەتە بە حیزب گۆڕین، نەك هەلوێستی ئازاد".

"هەڵوێستی جیاواز بابەتێكەو گۆڕینی حزب لەلایەن كەسێكەوە كەبەدەنگی حزبەكەی چۆتە پەرلەمان بابەتێكی ترە. ئێمە پشتیوانی ئازادی پەرلەمانتار دەكەین لە چوارچێوەی بەرنامەی حیزبەكەی نەك ئازادی بۆ دەرچون لەحیزبەكەی و چونە پاڵ حزب و فراكسیۆنێكی تر و بردنی دەنگی حزبەكەی بۆ حزبێكی تر" ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان وادەڵێت.

لەدرێژەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە،"ئەم هەموارە كە پەرلەمان خوازیارە بیكات و رێگە بە پەرلەمانتار دەدات بچێتە پاڵ حزب و فراكسیۆنێكی ترەوە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ كڕینی كورسی حیزب و ئیرادەی خەڵك، دەبێتە هۆی زوڵمی زۆرینە لە كەمینە، دەبێتە مایەی ئەوەی حزبە گەورەكان كورسی حزبە بچوكەكان بكڕن، لەلایەكی تر پێشێلی یاسایە، چونكە هیچ كاندیدێك نابێتە خاوەن دەنگی خۆی ئەگەر لەساتی هەڵبژاردندا سەرەتا دەنگ بە لیست نەدرێت، بەپێی یاساو رێكارەكانی هەڵبژاردن كاتێك دەنگدەر دەنگ دەدات، سەرەتا دەبێت دەنگ بە حزب و كیانەكە بدات ئینجا بە كاندیدەكە، هەر دەنگێك ئەگەر تەنها بە حزبەكە درابێت و بە كاندیدیش نەدرابێت هەژمار دەكرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە دەنگەكە بە پوچەڵ هەژمار دەكرێت. هەمو كاندیدێكی سەركەوتووش پابەندە بە جێبەجێ كردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی حیزبەكەی، هەروەها ئەمە دژ بە جێگیربونی  دۆخی یاسادانانە، و دیكتاتۆریەتی زۆرینە لە بەرامبەر كەمینەدا دێنێتە كایەوە، وێرای فەندو فێڵ و گزییەكانی ساتی هەڵبژاردن، تەوق كردنە لە ئەستۆی ئەو فراكسیۆنانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دادەنێن، هەروەك لە رابردوشدا نمونەی لەو جۆرەمان بەرچاو دەكەوێت".

بەبڕوای ئینستتیوتی پەی،"سەربەخۆیی پەرلەمان و ئازادی پەرلەمانتار وەك ئەوەی پروپاگەندەی بۆ دەكرێت، بەم رێگەو شێوازە نایەتەدی، پەرلەمان كاتێك سەربەخۆ دەبێت كە یاسای باش پەسەندبكات، كە لە ئەركی چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردندا كارابێت، لەروی داراییەوە سەربەخۆ بێت، لەروی سەربازییەوە پاسەوانەكانی لەژێر چاودێری و فەرمانی سەرۆكی پەرلەماندا بن". 

ئەوەشخراوەتەرو،"پەرلەمانتار كاتێك ئازاد دەبێت كە لەبەدواداچونەكانیدا ئازابێت و رێگەی پێ نەگیرێت، ئەگەر باس لە بەڵێن و كارنامەی حزبەكان بكەین هەرهەمویان لەسەر كاغەز رێكوپێكن و شایەنی جێبەجێكردنن، ئازادی و ئازایەتی پەرلەمانتار ئەوەیە ئەو بەلێنانە جێبەجێ بكات".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان راشیگەیاندوە،"لەپەرلەمان پرۆژەیاسایەكی تر ئامادەكراوە بەمەبەستی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن لە لیستی نیمچە كراوەوە بۆ لیستی داخراو، ئەوكاتە ئەم هەموارە رێك پێچەوانەی یاساكە دەبێت و جارێكی تر دەبێت هەمواری بكەنەوە، ئەمەش دەلالەت لەوە دەكات پەرلەمانتاران و پەرلەمان ورد نین لە كارەكانیاندا. بۆیە ئەگەر لە دوێنێدا دامەزراوەكانی حكومەت و حزب هەوڵیاندابێت بۆ تەسكردنەوەی كار و ئازادی پەرلەمان و پەرلەمانتاران، ئەوا ئەمڕۆ خودی پەرلەمان هەوڵدەدا ئەو ئەركەی ئەوان جێبەجێ بكات بۆ سنورداركردنی ئەرك و چالاكیەكانیان. ئەم بابەتە بەجۆرێك هەستیارە، لەبەر گرنگیەكەی لەهەندێك ولاتدا لە دەستوردا چارەسەركراوە، هەربۆیە ناكرێت لەپەرلەمانی كوردستاندا بەپێی رۆژ دەستكاری بكرێت".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتوە،"لەبەر ئەم هۆكارانە پێویستە پەرلەمانی كوردستان هەمواری ئەو مادەیە رابگرێت، یان دەقی پەیرەوەكە وەك خۆی جێبەجێ بكات كە لادان و مانەوەی پەرلەمانتار لەسەر هەڵوێستەكانی دواجار بەستراوەتەوە بە رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانەوە كە تیایدا هاتوە: "پەرلەمانتار ئازادە لە كاری پەرلەمانی، بەلام  هەر كاتێك ئەندامی فراكسیۆنێك لە فراكسیۆنەكەی خۆی جیابۆوە، یاخود چوە پاڵ فراكسیۆنێكی تر، ئەوا ئەندامیەتی خۆی لەدەستدەدات لە پەرلەمان و كەسێكی تر، لەو فراكسیۆنە بەپێی ریزبەندی شوێنی پڕدەكاتەوە بە رەزامەندی پەرلەمان". بۆیە باشتروایە پەرلەمان خەریكی ئەركە سەرەكیەكانی خۆی بێت كە خەڵكی كوردستان و دەنگدەرانی چاوەڕوانیی لێدەكەن".

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=77826&babet=1&relat=1024