beyanname-15-6-22-3.jpg

بەیاننامەیەك بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و ڕای گشتی

Jun 15, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

 

{شکۆی دادگا هێڵی سوورە و نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا بشکێنرێت)

 

ئێمە وەك كۆمەڵێك لە چالاكوان و یاساناس و پارێزەر و فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ئەو ڕوداوە نەخوازراوەی لە ڕێكەوتی 13-6-2022 لە ناو حەرەمی دادگای سلێمانی ڕویدا. هەروەك لە پێشوتردا لە هەڵمەتی "گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ شاری سلێمانی" و دامودەزگا یاسایی و ئەمنییەكان دەستنیشانی ئەو پێشێلكاریانەمان كردبو و چەندین ڕاسپاردەمان خستبووەڕوو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ڕێگریكردن لە پێشێلكاری یاسا و گەراندنەوەی سەروەری یاسا و پاراستنی شكۆ و كەرامەتی مرۆڤ، هەربۆیە لێرەوە جارێكی دیكە بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و ڕای گشتی ئەوە رادەگەیەنینەوە كە :

 1/ مامەڵەی نامرۆڤانە و بەکارهێنانی توندوتیژی لەناو حەرەمی دادگادا هێڵی سورە و بێرێزییەکی زۆر گەورەیە بەرامبەر کەرامەتی مرۆڤ و شکۆی دادگا و یاسا، پێویستە دامودەزگاکانی لێکۆڵینەوە لێکۆلینەوەیەکی یاسایی و بێلایەن و پیشەیی بکەن و تاوانبارانیش سزای یاسایی و شایستەی خۆیان وەربگرن.

2/ ئێمە دژی نانەوەی هەموو جۆرە پشێوی و ئاژاوەیەكین لەناو حەرەمی دادگاكاندا، جا لە لایەن هەر هاوڵاتییەكەوە ئەنجامبدرێت و لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت و بە هەر سیفەتێك لە بەردەم دادگادا ئامادە بێت، چونكە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی دادگاكان بە یەكێك لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی دادگاییكردنی دادپەروەرانە دادەنرێت و لە دەرەوەی ئەوە ناتوانرێت دادگاییكردنێکی دادپەروەرانە بەڕێوەببرێت.

3/ لە بارێکدا ئەگەر پشێوی  و ئاژاوە لەناو دادگاكاندا دروست ببێت، پێویستە لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار بە كارگێڕی دادگاكان ڕێوشوێنی دروست و یاسایی بگرنەبەر بۆ چارەسەركردنی ئەو پشێوی و ئاژاوەیە تاوەكو هیچ لایەنێكی دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری بۆی نەبێت دەست لە كاروباری دادگاكان وەربدات و لە جیاتی دادگاكان بڕیار دەربكات بۆ دەستگیركردن و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.

 

4/ پێویستە لەسەر هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی ناوخۆ لەكاتی ڕودانی هەر پشێوی و ئاژاوەیەكدا هێزی گونجاو بەكاربهێنن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو پشێوی و ئاژاوەیە، كە بە شێوەیەكی مەدەنیانە و دوور لە بەكارهێنانی توندوتیژی بێت و سەر نەكێشێت بۆ بەكارهێنانی هێز كە ببێتەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و شكاندنی كەرامەتی مرۆڤ.

5/ ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانە ڕاهێنانی پێویست بۆ كارمەندانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ئەنجامبدەن بە جۆرێك کە بتوانن لەكاتی ڕودانی هەر ئاژاوە و پشێویەكدا بە شێوازی شارستانی و سەردەمیانە كۆنتڕۆڵی بكەن بە ئامانجی ئەوەی سەرنەكێشێت بۆ ڕودانی تاوان و ڕوبەڕوی ڕێكاری یاسایی و كارگێری ببنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە وەک رێکخراوەکانی تایبەتمەند لە بواری مافی مرۆڤدا ئامادەیی خۆمان بۆ هەر راهێنان و هاوكارییەكی لەوجۆرە دەردەبڕین.

لە كۆتاییدا جارێكی دیكە ئەوە بە بیری فەرمانڕەوایان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەهێنینەوە كە ئەمە یەكەمجار نییە دۆخی نەخوازراوی لەم شێوەیە رودەدات و هیچ دەرئەنجامێكی چاوەڕوانكراویش لە روداوەكانی پێشوتردا بەدینەهاتووە، هەر ئەمەشە وایكردوە ئەم حاڵەتانە ببنە دیاردە و چەندینجار دووبارە ببنەوە، هەربۆیە داواكارین ئەم ڕوداوە ببێتە خاڵێكی وەرچەرخان بۆ ڕێگریكردن و دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕوداوانە.

 

 

كۆمەڵێك لە یاساناس و پارێزەر و چالاکوان و
فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی

٢٠٢٢-٦-١٥