به‌بۆنه‌ى ساڵیادى یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، كه له (19/5/1992) به‌ڕێوه‌چوو، ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده و گه‌شه‌پێدان به‌هاوكاری رێكخراوی سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئه‌مه‌ریكی، له چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ی چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا، راپۆرتى ژماره (9)ى سه‌باره‌ت هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌داى ساڵێكى كارى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه.
وابڕیاره سبه‌ى پێنجشه‌ممه 19/5/2022 كاژێر (11)ى پیچشنیوه‌ڕۆ له هۆڵى ناڵى له هۆتێل رامادا له شارى سلێمانى به ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان و نوێنه‌رى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و راوێژكارانى په‌رله‌مانى كوردستان و چه‌ندین میوانى دیكه راپۆرته‌كه بڵاوبكرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌بڵاوكردنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه (د. سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان عومه‌ر) سه‌رۆكى ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده و گه‌شه‌پێدان تایبه‌ت به (چاو‌دێر) وتى: ئه‌مه دووه‌مین راپۆرته تایبه‌تكراوه به ئه‌داى كارى په‌رله‌مانتارانه‌وه، له (212) لاپه‌ڕه پێكهاتووه و له (24) خشته‌ى جۆراو جۆردا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ساڵێكى كارى یه‌كه‌یه‌كه‌یان كراوه له هه‌ردوو دوو خولى گرێدانى به‌هاره‌و پایزه له‌ماوه‌ى (1ى ئازارى 2021 تاكو 28ى شوباتى 2022)، له‌لایه‌ن تیمى رێكخراوه‌كه‌مانه‌وه له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵه‌دا سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران خراونه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه، كار و چالاكییه‌كانیان تۆماركراون و ریزبه‌ندكراون و له‌خشته‌كاندا جێگه‌یان كراوه‌ته‌وه، كه ئاخۆ له‌م ساڵه‌دا تاچه‌ند په‌رله‌مانتاران به‌ئه‌ركى یاسایی خۆیان هه‌ڵساون، كه خۆى ده‌بینێته‌وه له‌وه‌ى چه‌ند جار ئاماده‌نه‌بوونه له دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كاندا، چه‌ند جار به‌شدارى گفتوگۆكانیان كردووه‌و ماوه‌ى چه‌ند خوله‌ك قسه‌یان كردووه، چه‌ند پێشنیازه یاسا‌و بڕیاریان ئاماده كردووه‌و له‌سه‌ر چه‌ند پێشنیازه‌یاسا واژۆیان كردووه. له‌هه‌مان كاتدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌داى ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیش كراوه.
بۆ وه‌ده‌ست خستنى زانیارییه‌كانیش وتى: بۆ ده‌ستخستنى زانیارییه‌كان پشت به‌داتاو زانیارییه‌كانى خودى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ستراوه و له خودى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان ده‌رهێنراون، (ته‌نها مه‌گه‌ر ئه‌و دانیشتنانه‌ى تیادا نه‌بێت كه داخراوبوونه یاخود ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى به‌مه‌به‌ست په‌خشی راسته‌وخۆى راگرتبێت و بڵاوى نه‌كردبێته‌وه). هه‌روه‌ها له ژماره‌ى به‌شداری له‌گفتوگۆكان و قسه‌كردنه‌كانیش هه‌موو ئه‌و وتانه ده‌ستنیشانكراون كه ئه‌ندامان، وه‌ك ئه‌ندام له‌ساتى دانیشتنه‌كان پێشكه‌شیان كردووه.
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دوابه‌دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى راپۆرتى یه‌كه‌ممان، له دانیشتنى رۆژى 21/12/2021 ى په‌رله‌ماندا، هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاران و به‌تایبه‌ت به‌رێز سه‌رۆكى په‌رله‌مان ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر راپۆرته‌كه ده‌ربڕى، گوایه ناهه‌قییان ده‌رهه‌ق كراوه، به‌ڵام ئێمه هه‌روه‌ك پێشتر رامانگه‌یاندبوو و له ئێستاشدا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه كه هیچ قسه‌یه‌كى خۆمان له راپۆرته‌كه‌دا نیه، جگه له خستنه‌ڕووى ئه‌و داتا‌و زانیارییه حه‌قیقیانه نه‌بێت كه له سه‌رچاوه‌كانى خودى په‌رله‌مان وه‌رمان گرتووه. هه‌ر بۆیه لێره‌وه رایده‌گه‌یه‌نین، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى رێگریمان لێ ده‌كرێت، ئێمه وه‌ك ستافى ئینستتیوتى په‌ى كارى خۆمان و پرۆژه‌كه‌مان رانه‌گرتووه‌و راناگرین و به پاڵپشتى دۆستان و په‌رۆشانى دیموكراسی له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و په‌رله‌مانتاره لێهاتووه‌كان درێژه‌ى ده‌بێت و به‌رده‌وامین له‌سه‌ر چاودێریی په‌رله‌مان و ده‌رخستنى هه‌موو ئه‌و خه‌وش و كه‌موكوڕییانه‌ى په‌رله‌مان ده‌یكات و به‌رده‌وامین له دروستكردنى فشار له‌سه‌ر ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ى نایانه‌وێت په‌رله‌مان به‌راستى كارابێت و به ئه‌ركه‌كانى خۆى هه‌ڵبستێت.
له كۆتایشدا وتى: مه‌به‌ستى ئێمه له په‌ى ئه‌وه‌یه هاوكارى په‌رله‌مان بین وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى باڵاى یاسایی وڵات، ئه‌ویش به بڵاوكردنه‌وه‌ى زانیارى روون و ورد له‌سه‌ر سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران و ئه‌داى كاریان و زانیارییه‌كان بده‌ین به‌ده‌نگده‌رى لایه‌نه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارى چالاك له ناچالاك جیا بكرێته‌وه و فشاریكى مه‌ده‌نیش درووست بكه‌ین بۆ سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى كه به‌ئه‌ركى خۆیان وه‌ك پێویست هه‌ڵناستن. به‌كورتى ئه‌و پرۆژه‌یه ئامانجیه‌تى په‌رله‌مانتار و ده‌نگده‌ر پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه و په‌یوه‌ندى نێوان رای گشتى و ئه‌و ده‌زگا نیشتیمانیه به‌هێز بكات.
لینیكى هه‌واڵه‌كه:
https://www.facebook.com/chawdernews/photos/a.519691574719193/5264478166907153