Xendan.jpg

ئینستتیوتی پەی: پەرلەمان نەیانتوانیوە چاودێری حکومەت بکات

Dec 22, 2021  |   هەواڵەکانی پەی 

خەندان-

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند، لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان وەک پێویست بەدواداچون و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان نەکردوە، هەروەها زۆرینەی یاساکانی پەرلەمان لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ ناکرێن و پەرلەمانیش لەسەر ئەم بابەتە بێدەنگە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا راپۆرتی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆرینەی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان کە لە خولی پێنجەمدا دەرچون "کوالیتیان نزمە سەرەڕای بونی دەستەیەکی یاسایی راوێژکاری پێکهاتو لە مامۆستایانی زانکۆ، هەروەها حکومەتیش پابەندنەبوە بە جێبەجێکردنی یاساکان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ماوەی نۆ ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەکردوە، پەرلەمانیش فشاری نەکردوە بۆ ناچارکردنی حکومەت تا پڕۆژەی بودجە لەوەزیاتر دوانەخات، هەروەها دەستە سەربەخۆکانیش کە بەگوێرەی یاسا سەر بە پەرلەمانی کوردستانن، سەرۆک و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنیان کێشەی یاساییان هەیە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەركێكی لیژنەکانی پەرلەمان، بەپێی ماددەی (41)ی پەیڕەو، بەداوداچونە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام بە وەرگرتنی چەند نمونەیەك بۆمان دەردەكەوێت لیژنەكان ئەو ئەركەیان جێ‌ بەجێ‌ نەكردوە، لەباشترین حاڵەتدا بە یاننامەیەكیان دەركردوە، كە كاریگەریی لەسەر دۆخەكە نەبوە".

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=142471&babet=2&relat=1024&fbclid=IwAR0rnfUbGGXeu9cQU3SkBDwm7RFGEGwDqK_klGF5HA-MuJaDYj98rYESoXw