Awena.jpg

20 رێكخراو داوای بەدواداچون بۆ "بابەتی كڕینی مۆڵكێكی گرانبەها بۆ مەسرور بارزانی" دەكەن

Dec 11, 2021  |   هەواڵەکانی پەی 

20 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی داوا لە پەرلەمان، دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی دەكەن بەدواداچون لەسەر راستی و دروستی ئەو راپۆرتەی رۆژنامەیەكی ئەمریكی بكەن كە تێیدا باس لە كڕینی موڵكێك بە بەهای (18 ملیۆن) دۆلار كراوە كە "خاوەنە راستەقینەكەی مەسرور بارزانییە" لەگەڵ بردنە دەرەوەی یەك ملیارو 27 ملیۆن دۆلار بۆ ئەمریكا.

ئاوێنە: ئەو 20 رێكخراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە یاداشتێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتییان كردوە، ئاماژەیان بەوە داوە "لە رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمەریكی بەناوی (The American prospect) راپۆرتێكی (بنكۆڵكاری) بەناونیشانی  (دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی... پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ  میامی) بلاوكردۆتەوە،  تیایدا ئاماژە بە كڕینی موڵكێك كراوە بە بەهای (18 ملیۆن) دۆلار، كە تیایدا هاتوە خاوەنە راستەقینەكەی بەڕێز مەسرور بارزانییە، لەهەمان راپۆرتدا باس لە بڕێكی زۆری سەروەت ‌و سامان كراوە كە بردراوەتە ئەمریكا كە بەهاكەی (ملیارێك و 27 ملیۆن) دۆلارە."

وتوشیانە"بە پێویستمان زانی داوا بكەین پەرلەمانتاران و داواكاری گشتی و دەستەی دەسپاكی بەئەركی یاسایی خۆیان هەڵسن و لەسەر ئەم پرسە بەدواداچون بكەن، رونی بكەنەوە ئاخۆ ئەو بابەتە راستە یان نا."

ئەو رێكخراوانە ئەوەشیان خستۆتەڕو"ئەگەر راست بێت دەبێ ئیجرائاتی یاسایی بكەن، ئەگەر راستیش نەبێت پێویستە رونكردنەوە بە خەڵكی كوردستان بدەن و لە دەرەوەش بە فەرمی سكالای یاسایی لەسەر رۆژنامەنوسەكەو ئەو دەزگایە تۆمار بكەن كە بڵاویان كردۆتەوە، چونكە ئەم جۆرە راپۆرت و هەواڵانە ئەگەر بنەمایان نەبێت و ناڕاست بن، ئاسایشی ناوخۆیی تێكدەدەن و هاوڵاتیان توڕەو نائومێدتر دەكەن و ناوبانگی هەرێمی كوردستانیش لەكەدار دەكەن."

دەقی یاداشتەكە:

20 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی، داوای بەدواداچون دەكەن

بۆ بەڕێزان/

-سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

-دەستەی دەسپاكی

-داواكاری گشتی

بەپێی یاسا بەركارەكان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكی دامەزراوەی خزمەتی گشتییە، لە ئێستادا لە رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمەریكی بەناوی (The American prospect) راپۆرتێكی (بنكۆڵكاری) بەناونیشانی  (دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی... پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ  میامی) بلاوكردۆتەوە، تیایدا ئاماژە بە كڕینی موڵكێك كراوە بە بەهای (18 ملیۆن) دۆلار، كە تیایدا هاتوە خاوەنە راستەقینەكەی بەڕێز مەسرور بارزانییە، لەهەمان راپۆرتدا باس لە بڕێكی زۆری سەروەت ‌و سامان كراوە كە بردراوەتە ئەمریكا كە بەهاكەی (ملیارێك و 27 ملیۆن) دۆلارە.

ئەمە لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، پرۆژە خزمەتگوزارییەكان وەستێنراون، چەندین موچەی ساڵانی رابردووی فەرمانبەران لای حكومەت ماوەتەوەو لەئێستاشدا موچە لەكاتی خۆیدا نادرێت، پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە دابین ناكرێت، خۆپیشاندانەكانی خوێندكاران بەمەبەستی گێڕانەوەی دەرماڵەكانیان بەردەوامە كە ماوەی حەوت ساڵە بڕاوە، ئەمانەو چەندین گرفت و كەموكوڕیی تری پەیوەست بە قەیرانی داراییەوە.

ئەم راپۆرتە هەفتەیەكە بڵاوكراوەتەوەو وروژێنراوە، كەچی نابینرێت هیچ بەدواداچونێك كرابێت، لەكاتێكدا پەرلەمانتاران لەسەر هەمو بابەتێك لێدوان دەدەن، كەچی لە ئاست ئەم بابەتەدا بێدەنگن! دەستەی دەسپاكی موخبیری هەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، كەچی لەئاست ئەم راپۆرتەدا بێدەنگە كە لە رۆژنامەیەكی موعتەبەردا بڵاوكراوەتەوە! داواكاری گشتی لەسەر پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی و كۆمێنتێك خەڵكی داوە بەدادگا، كەچی لەسەر ئەم بابەتە بێدەنگە!

هەر بۆیە ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كاتێك ئەم بێدەنگییەمان بینی بە پێویستمان زانی داوا بكەین پەرلەمانتاران و داواكاری گشتی و دەستەی دەسپاكی بەئەركی یاسایی خۆیان هەڵسن و لەسەر ئەم پرسە بەدواداچون بكەن، رونی بكەنەوە ئاخۆ ئەو بابەتە راستە یان نا. ئەگەر راست بێت دەبێ ئیجرائاتی یاسایی بكەن، ئەگەر راستیش نەبێت پێویستە رونكردنەوە بە خەڵكی كوردستان بدەن و لە دەرەوەش بە فەرمی سكالای یاسایی لەسەر رۆژنامەنوسەكەو ئەو دەزگایە تۆمار بكەن كە بڵاویان كردۆتەوە، چونكە ئەم جۆرە راپۆرت و هەواڵانە ئەگەر بنەمایان نەبێت و ناڕاست بن، ئاسایشی ناوخۆیی تێكدەدەن و هاوڵاتیان توڕەو نائومێدتر دەكەن و ناوبانگی هەرێمی كوردستانیش لەكەدار دەكەن.

لەگەڵ رێزدا

وێنەیەك بۆ:

- لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان.

- سەرجەم فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان.

- سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان.

ناوی رێكخراوەكان:
1-ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان.
2-رێكخراوی هەڵوێست.
3-رێكخراوی پایتەختی ئاشتی.
4-پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان.
5-ئینستتیوتی برادۆست بۆ گەشەپێدان.
6-رێكخراوی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی كوردستان.
7-كوردستان تایمز.
8-تۆڕی رێكخراوەكانی سلێمانی.
9-رێكخراوی قەرەداغ بۆ گەشەپێدان.
10-رێكخراوی خۆری ئاشتی.
11-رێكخراوی منداڵانی كوردستان.
12-سەنتەری باشور بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی.
13-رێكخراوی یاوەر بۆ پەرەپێدانی زانست و رۆشنبیری.
14-رێكخراوی كابانە بۆ پەرەپێدانی خێزان.
15-رێكخراوی ئاوێزان.
16-رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی كوردستان.
17-رێكخراوی هیوا بۆ هاوكاری مناڵی كەمدەرامەت.
18-رێكخراوی توانست بۆ گەشەپێدانی تواناكان.
19-رێكخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموكراسی ومافی مرۆڤ.
20-رێكخراوی دادپەروەر بۆ پرسە یاساییەكان.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.awene.com/detail?article=62229&fbclid=IwAR2USc4WtxrC3O4hej8dcN1ZBDXuZK2Kty0JnT87i_yhhoS1Rdk1MuVrbH4