LanyaTaha.jpg

کچێکی کورد دەبێتە گەنجترین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئایسڵەند

Sep 27, 2021  |   هەواڵەکانی پەی 

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایسڵەندا، بۆیەکەمجار کچێکی کوردی ته‌مه‌ن (22) ساڵ وەک گەنجترین پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.

 رۆژی 25/9/2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایسڵەند بەڕێوەچو و رۆژێك دواى ئه‌وه‌ ئەنجامەکەی راگەیەنرا، کە تیایدا کچە کوردێک بە ناوی (لەنیا تەها کەریم)، تەمەن (22) ساڵ، وەک بچووکترین ئەندام پەرلەمانی ئایسلەند هەڵبژێردرا.

لەنیا لەدایکبوی ساڵی 1999ى ئایسڵەندایە و بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتەش هەر کەسێک تەمەنی لە (18) ساڵ زیاتر بێت مافی خۆ کاندیدکردنی بۆ پەرلەمان هەیە، بۆیە لەنیا دەبێتە بچوکترین پەرلەمانتار لەم خولە و لەمێژوی ئەو وڵاتەشدا کە خاوەنی کۆنترین پەرلەمانە لەجیهاندا.

لەنیا پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەکردبوو: "من لە ئایسلەند لە دایکبووم و گەورە بووم. زمانی ئایسلەندی زۆرباش دەزانم، بەڵام هاوکات دەشزانم کە من بە بنەچە لە خێزانێكی کۆچبەرەوە هاتووم".

به‌پێی زانیارییه‌كان، باوکی لەنیا خەڵکی سلێمانییە و دایکی خەڵکی هەڵەبجەیە، باوکی پێشوتر هەر لەو وڵاتە ژیاوە، بەڵام دایکی لەساڵی 1996 چوەتە ئایسلەند و لەنیا تەها لەوێ لەدایکبوە.