NRT.jpg

راپۆرتێکی ئینستیتیوتی پەی لە روماڵێکی کەناڵی NRTی دا

Sep 18, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

دوای ساڵێک و ١١ مانگ سەرئەنجام لە ١٥ى مانگدا بە هەموو  ڕەخنە و کەموکوڕییەکانەوە پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجامدا.

لە ٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا تەمەنی ئەم خولەى پەرلەمان کۆتایی دێت و لەڕووی یاساییەوە نزیکەی مانگ و نیوێکی ماوە، کە بەپێی یاسا دەبوو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تەواو بکردایە و دوو هەفتەی تر بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێبکردایە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن لەکاتی یاسایی خۆیدا پەرلەمانی نوێ هەڵنابژێردێت.

ئینستیۆتی پەی لە ڕاپۆرتێکیدا لەژێر ناونیشانى "خوێندنەوەیەکی یاسایی و سیاسی بۆ ھەوڵەکانی پشت دانیشتنی پەرلەمان" نوسیویەتی، مەبەستى سەرەکی لە پشت کاراکرنەوەی پەرلەمان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمە کە بڕیارە لە سەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، لەو ڕێگەیەشەوە لایەنەکان دەیانەوێت ویلایەتی بارزانی درێژبکەنەوە، چونکە بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی شورا کە لە مانگى ئابی ساڵی ٢٠١٥ دەریکرد تا هەڵبژاردنی سەرۆکێکى نوێ بۆ هەرێم بارزانی لە پۆستەکەیدا بەردەوام دەبێت.

ئینستیتوتەکە نوسیویشیەتی، مەبەستێکی دیکە لە پشت کاراکردنەوەی پەرلەمان دۆزینەوەی دەرچەیەکە بۆ ئەو قەیرانەى بەهۆی ڕیفراندۆمەوە دروستبووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لایەنە بەشداربووەکانی دانیشتنە نا ئاساییەکەی پەرلەمان دەڵێن، کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی ڕۆژی ٢٥ى ئەیلول بووە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەروەها بۆ ئەوەشە پەرلەمان دەستبکاتەوە بە کارەکانى خۆى، کە یاسادانان و چاودێرییە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە دانیشتنەکەى پەرلەمان نایاسایى بووە، چونکە داواکارى دانیشتنى کۆبوونەوەکە لەلایەن جێگرى سەرۆکى پەرلەمانەوە ئاراستەى فراکسیۆنەکان کراوە نەک دەستەى سەرۆکایەتى.

دەشڵێت، دەبوایە ھەر ئەو کاتەى کە داواى کۆبوونەوەى پەرلەمان کرا،  سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ھەیانبوو بڕیاری بانگەشەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان رەتبکردایەتەوە و داوایان لە ئەندامان بکردایە کە کۆبوونەوەکە نایاساییە چونکە یاداشتەکە پێشکەش بەوان نەکراوە بۆیە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەکەن، ئەوەش کەموکوڕی و کەمتەرخەمی ئەوان دەردەخات لەھەمبەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا.

ئینستیتوتەکە دەشڵێت، کۆبوونەوەی پەرلەمان کاتێک گرنگ دەبوو کە بیتوانیایە کۆدەنگیەکی نیشتمانی لەنێوان ھێز و لایەنە سیاسیەکاندا دروستبکات، بەلام ھەم شێوازی کۆبوونەوەکە و ھەم کات و بابەتی کۆبوونەوەکە و ئەو رێکارانەی لە ئەنجامدانیدا گیرانەبەر نەیانتوانی ئامانجەکە بپێکن.

ئینستیتیوتى پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان  لە ڕاپۆرتەکەیدا دەشڵێت، لەژێر پەردەی پەرلەماندا هەموو حزبە سیاسییەکان مەرج و خاڵی جیاجیایان هەبووە، هەر لە پرسى سەرۆکایەتى هەرێمەوە تا دەگاتە پرسى هەڵبژاردنەکان و پرسى نەوت و غاز، بەڵام هەموو ئەو داواکارییانە بە یاسا هەن، لەبەرئەوە کێشەکە لە جێبەجێنەکردن و پێشێلکردنى یاسادایە نەک نەبوونى یاسا.

ئینستیتیوتى پەی ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەگەر لایەنەکان کێشەکانیان بەپێى یاسا بۆ چارەسەرناکرێت و بارزانییان لە پۆستەکەی پێ لانابرێت و خوازیاری ڕێکەوتنی سیاسین، باشتر وایە راستی نییەتی خۆیان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن، نەک لە چوارچێوەیەکی دیکەی ڕتوشکراودا هەڵوێستەکانیان بە خەڵک بفرۆشنەوە.