jiin-1.jpg

ئینستتیوتی پەی و بنكەی ژین نوسراوێكی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەن

May 17, 2020  |   هەواڵەکانی پەی 

بەمەبەستی برەودان بە بەڵگاندن و پاراستنی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە مێژووی كوردستان بەگشتی و مێژووی پەرلەمانی كوردستان بەتایبەتی، یٔەمڕۆ (٢٠٢٠/٥/١٧) وەك (یٔینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان)، یاداشتێكی لێك تێگەیشتنمان لەگەل (بنكەی بەڵگاندن و لێكۆڵینەوەی ژین) واژۆ كرد، كە یاداشتەكە چەند خاڵێك لەخۆ دەگرێت، لە گرنگترینیان كاركردنمان بۆ (پێكەوەنانی یٔەرشیفێكی هەمەلایەنە سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستان، لە رێگەی كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامەكانی پەرلەمان خۆی، یا هی فراكسیۆنەكان و پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و لایەنەكانی پەیوەندیدار سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستان) و هەروەها هاوكاری بنكەی ژین لە كاروباری بەڵگاندن و داتابەیسی بەڵگەنامەو كتێبخانەكانی بنكەدا، كە یٔەمەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە بۆ ماوەی ساڵێك، هەفتەی رۆژێك ستافی رێكخراوەكەمان خۆبەخشانە لە بنكەی ژین دەوام دەكەن بۆ بەیٔەنجام گەیاندنی یٔەم كارانە، یٔەمانەو چەند خالێكی تر لە یاداشتەكەدا هاتووە. شایانی باسە بنكەی ژین كە لەشاری سلێمانییە، بەدەوڵەمەندترن بنكەی بەڵگەنامەیی و نوسراوی مێژوویی دادەنرێت لە كوردستاندا، وێڕای دەستخۆشی بۆ هەردوو مامۆستای بەڕێز (م.رفیق صالح) و (م.صدیق صالح) كە دایانمەزراندووە، دەستخۆشی بۆ سەرجەم ستاف و كارمەندانیان كە ساڵانێكە ماندوونەناسانە یٔەو یٔەرشیفە دەوڵەمەندە نیشتمانی و نەتەوایەتییەیان دروستكردووە. هیوادارین یٔێمەش وەك رێكخراوەكەمان یٔەو شانازییەمان پێ ببڕێت بەو هەوڵە بچوكەمان خزمەتێك بە یٔەرشیف و مێژووی كوردستان و بنكەی ژین بكەین كە ماڵی هەموومانە.

ئەمە دەقی یاداشتی لێك تێگەیشتنەكەیە كە واژۆكراوە:

نوسراوی لێك تێگەیشتن لە نێوان بنكەی ژین و ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بنكەی بەڵگاندن و لێكۆڵینەوەی ژین و ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، لەسەر ناوەڕۆكی ئەم نوسراوی لێك تێگەیشتنە پێكهاتن، بۆ برەودان بە بەڵگاندن و پاراستنی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە مێژووی كوردستان بەگشتی و مێژووی پەرلەمانی كوردستان بەتایبەتی:
ئامانجەكان بریتین لە:
١-پێكەوەنانی ئەرشیفێكی هەمەلایەنە سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستان.
٢-هاندانی توێژەرەوەكان بۆ لێكۆلینەوەی زانستی لەبارەی پەرلەمانی كوردستانەوە.
٣-كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامەكانی پەرلەمان خۆی، یا هی فراكسیۆنەكان و پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و لایەنەكانی پەیوەندیدار سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستان.
هەردوو لا لەم چوارچێوەیەدا لەسەر ئەم خاڵانە رێك كەوتن:
١.بنكەی ژین لای خۆیەوە ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان وەك رێكخراوێكی ناحكومیی پسپۆری بواری چاودێری و بەدواداچوونی كاروباری پەرلەمان دەناسێنێ‌.
٢.هەردوو لا پێكەوە توێژینەوەی هاوبەشیان سەبارەت بە كاری پەرلەمانی لە كوردستان دەبێ.
٣.بنكەی ژین شوێنی گونجاوە بۆ هەموو بەڵگەنامەیەكی نوسراو، بینراو و بیستراوی تایبەت بە پەرلەمانی كوردستان تەرخان دەكات.
٤.هەردوو لا هەوڵا دەدەن كۆكراوەی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە پەرلەمانی كوردستان دەوڵەمەند بكەن.
٥.ئینستتیوتی پەی، ئەركی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە پەرلەمانی كوردستان دەگرێتە ئەستۆی خۆی. ٦.ئینستتیوتی پەی، هەفتەی رۆژێك ئەندامانی خۆی دەسپێرێ بە بنكەی ژین، تا لە كاروباری بەڵگاندن و داتابەیسی بەڵگەنامە و كتێبخانەدا هاوكاریی بكەن.
٧.هەر خاڵێكی تر كە كاتی خۆی لەسەری پێك بێن.
٨.ئەم نوسراوە كە رۆژی ٢٠٢٠/٥/١٧ ئیمزا كرا، ماوەی ساڵێك كاری پێ دەكرێ.

بنكەی بەڵگاندن و لێكۆڵینەوەی ژین ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان