logopay.jpg

بە جێبەجێكردنی یاسا، سەنگەری خۆپارێزی خەلكی كوردستان بەهێزتر دەبێت

Mar 27, 2020  |   هەواڵەکانی پەی 

 

هەرچەندە دابەشكردنی موچەو شایستەكانی فەرمانبەران و خانەنشینان لەهەرێمدا بووە بە گرفتێكی بەردەوام، بەڵام مووچە مافێكی یاساییەو هیچ دەسەڵات و هێزێك ناتوانێت بێ پاڵپشتی یاسایی دەستكاری بكات، یان دوای بخات و دابەشی نەكات. ئەگەر پێشتر بەناوی قەیرانی داراییەوە كابینەی پێشوو (هەشتەم) پاشەكەوتی موچەی پەیرەوكرد، دواتر كابینەی نوێ (نۆیەم) بەلێنی دا كە هەر (30) رۆژ جارێك موچە دابەش بكات، كەچی ئەوەتا سەرباری ئەوەی چوار مانگی موچەی فەرمانبەران دواكەوتووە، ئێستا حكومەت بەرنامەی ئەوەی هەیە كە لەسایەی یاسای بەناو چاكسازیدا قووتی فەرمانبەران و خانەنشینان ببڕێت و موچەكانیان كەم بكاتەوە. ئەوەتا (وەزیری دارایی) لە دوا لێدوانیدا رۆژی 26/3/2020 بە ئاشكرا رایگەیاند و وتی: "لەم دۆخەدا دەبێ بیر لە دەستكاریكردنی مووچە بكرێتەوە"، كە ئەمە زەنگێكی مەترسیدارەو نابێ رێگە بدرێت تێپەڕێت. لەم یاداشتەدا چەند خالێكی پەیوەندیدار بەو بابەتە دەخەینە روو كە خوازیارین لایەنە پەیوەندارەكانی (پەرلەمان و حكومەت) بە هەستكردن بە لێپرسراویەتیەوە كاری لەسەر بكەن، بەپێچەوانەوە كاردانەوەو كاریگەریی نەرێنی لێدەكەوێتەوە. یەكەم :دابەش كردنی مووچە: كۆرۆنا نەخۆشییەكی جیهانییە، بە گوێرەی دواهەمین راپۆرتی تەندروستی جیهانی و راپۆرتی ناوەندەكانی توێژینەوە چارەسەری ئەو پەتایە كاتی پێویستە، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم بەر لە چارەسەری ئەم نەخۆشییە خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێ. تا ئێستاش حكومەتی هەرێم تا ئاستێكی باش رێكاری خۆپارێزیی بۆ هاوڵاتیانی گرتۆتەبەر، كە بە پلەی یەك خۆی لە چاودێری و راگرتنی دەوام و قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینەكردن و هێشتنەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەكانیاندا دەبینێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پەیوەست بن بە رێنمایی و رێكارە خۆپارێزییەكانی حكومەتەوەو گوێڕایەڵ بن و كەرەنتین بە بیانویەك بۆ دابەش كردنی مووچە لێك نەدرێتەوە، پێویستە بژێویی ژیان و خۆراكیان بۆ دابین بكرێت، لەبەر ئەمە ناكرێت مووچە دوابخرێت، دەبێت لەژێر رێكار و مەرجی خۆپارێزیدا پەلە بكرێت لە دابەش كردنی. دووەم:لێپرسراویەتی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات: پەرلەمانی كوردستان وەك ناوەندێكی چاودێری، لە لایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان و ئەندامانەوە، لەم بارەیەوە زۆرترین قسەو بەیاننامەو هەلوێستی فەرمی دەربڕی، بێ ئەوەی سنووری لێپرسراویەتی خۆیان بزانن. ئاشكرایە ئۆپۆزسیۆن نوێنەرایەتی دەسەڵات ناكەن لە حكومەتدا، بۆیە پێشنیار و رەخنەكانیان لە رێگای میدیاوە دەردەبڕن. بەڵام ئەو فراكسیۆنانەی دەنگیان بە حكومەت داوەو خاوەن نوێنەرن، ناكرێت لە میدیاوە فرمێسكی تیمساحی بڕێژن، چونكە ئەگەر دابەش نەكردنی مووچە بەتاوان ئەزانن، ئەوە ئەوان بەشدارن لەو تاوانە، وە تەنها بە دەست كێشانەوە لە پلەوپۆستەكانیان هاوبەشی ئەو تاوانە نابن، بە پێچەوانەوە هەڵوێستە چەواشەكارییەكانیان وا ئەكات لەیەك كاتدا هاوبەشی تاوانی دابەش نەكردنی مووچە بن، هاوكات تاوانباری ووتنی ناڕاستی و خۆ ئارایشت كردن بن لە رێگای چەواشەكاریەوە. كاری پەرلەمانتارە بەدواداچوون بكات و بڵێ چی بكرێت نەك وەك میدیاكار تەنها بڵێ بكرێت. بۆ ئەو مەبەستە با سوود لە ئەزموونی (كاتی پۆرتەر) ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا وەربگرن كە لە رێگای بە دواداچوونی ووردو پێشنیاری گونجاو توانی تێستی كۆرۆنا بكات بەخۆڕایی، لە كاتێكدا (1331) دۆلاری تێئەچوو. سێیەم: بەگوێرەی ووتەی سەرۆكی فراكسیۆن و لێدوانی حكومەت بێت، حكومەت بە نیازە لە رێگای جێبەجێكردنی مادەی (16) لە یاسای چاكسازی مووچەی فەرمانبەران كەمبكاتەوە. بۆیە ئێمە وەك رێكخراوێكی تایبەتمەند هۆشداری ئەدەینە حكومەت كە ناتوانێ لە ئێستادا ئەم یاسایە جێبەجێبكات بە پاڵپشتی ئەم بنەما یاساییانە: ١-بە گوێرەی مادەی (5) لە بەشی پێنجەمی یاسای ژمارە (1) چاكسازی ساڵی (2020)، بە رەهایی دەسەڵات بە حكومەت دراوە دەرماڵەكان رێك بخاتەوە. ٢-بە گوێرەی مادەی (17) لە هەمان یاسای چاكسازی پێویستە حكومەت پەیرەوێك دەربكات بۆ جێبەجێ كردنی ئەو یاسایە لە ماوەیەك زیاتر نەبێت لە (60) رۆژ. ٣- لە مادە (19)ی ئەم یاسایەدا هاتووە كە دوای بڵاوكردنەوەی پەیرەوەكە، یاساكە جێبەجێ دەبێت لە دوای تێپەر بوونی (90) رۆژ. كەواتە لە ئەنجامی شیكردنەوەی ئەو ماددە یاساییانەوە دەردەكەوێت كە: -ئێستا پەیرەوەكە دەرنەچووەو هەركات دەرچوو یاساكە دوای (90) رۆژ دەچێتە بواری جێ بەجێكردنەوە. -چونكە یاساكە تایبەتە بە مووچەو خانەنشینی، جا یان بە كەم كردنەوە یان زیاد كردن، دەبێت لەو مانگی مووچەیە جێ بەجێ بێت كە یاساكە دیاری كردووە. وەك ئاشكرایە مانگی مووچەو مانگەكانی ساڵ جیاوازن، بۆ نموونە ئێمە ئێستا لە مانگی (4) نیساندا، فەرمانبەران مووچەی مانگی (12) كانونی یەكەمی سالی 2019 دەردەگرن، كەواتە ئەگەر بە گریمانە یاساكە لە مانگی (7) تەموزدا بكەوێتە جێبەجێكردن، كە لە مانگی (7)یشدا فەرمانبەران موچەی مانگی (4) وەردەگرن، كەواتە مەرجەو دەبێت حكومەت دوای مانگی (10) یاساكە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە (ئەمە لەكاتێدا ئەگەر هەموو 30 رۆژ جارێكك موچە دابەش بكرێت). چوارەم: داوا لەو پەرلەمانتار و فراكسیۆنانە دەكەین تا ئەو كاتە ئەو ماددەیە هەموار بكەنەوەو مادەی (5) كە تایبەتە بە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران لایبدەن، بۆ ئەوەی هەڵەی بەشدار بوونیان لە بڕینی قوتی مووچە خۆرانی كوردستان، راست بكەنەوە. ئەگەر حكومەتی هەرێم خوازیارە هاوڵاتیانی لە ئافاتی كرۆنا بپارێزێت و خەڵكی كوردستان گوێڕایەڵی بڕیار و رێنماییەكانی بن، ئەگەر حكومەت خوازیارە ئاشتی كۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت و هەموو ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا لەو بوارەدا ناویەتی هەر بە ئەرێنی بمێنێتەوە، دەبێت موچەو شایستەكانی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش بكات و بژێوی و گوزەرانیان دابین بكات، هیچ نا لەم قۆناغەدا باری سەر شانیان قورستر نەكەن. ئەگەر پەرلەمان و حكومەت خوازیارن هاوڵاتیان یاسا پەیرەو بكەن، پێویستە خۆیان پێشێلی نەكەن، بە پێچەوانەوە ئەم حكومەت و دەسەڵاتە بەرپرسیار دەبن لەهەمبەر هەر ئەگەرێكی تری نەخوازراو كە ئەم هەرێمە بگرێتەوە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
27/3/2020
وێنەیەك بۆ:
-سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.
-سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
-سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
-سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان.
-سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان. -دادگای فیدراڵی عیراق.
-نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان.
- سەرجەم قونسڵخانەکانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان.

 


بە جێبەجێكردنی یاسا، سەنگەری خۆپارێزی خەلكی كوردستان بەهێزتر دەبێت