hawarnamayak.jpg

هاوارنامەیەك

Mar 22, 2020  |   هەواڵەکانی پەی 

 

لە (123) ساڵەی رۆژنامەنوسیی كوردیدا
ئەگەر چی (123) ساڵ لەمەوبەر یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی (كوردستان) چاوی هەڵێنا، ئەو ساتە رۆژنامەنووسانی كورد لە پەنجەكانی دەست تێنەدەپەڕین، لە رۆژگارێكی نوتەكدا وەك پێشەنگێكی سەردەقشكێن رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی سیاسیی ئەو رۆژگارەی كوردستان توانیان مێژوویەك بۆخۆیان و گەلەكەیان تۆمار بكەن. لە ماوەی ئەو (123) ساڵەدا كاروانی رۆژنامەنووسی بە دەیان هەڵبەز و دابەزدا تێپەڕیوە، بە هەزاران رۆژنامەو گۆڤار چاپ و بلاوكراونەتەوەو بە دەیان هەزار رۆژنامەنووس لە كوردستاندا لە بوارەكانی چاپكراو و بینراو و گوێلێگیراو كاریان كردووە، پاشان میدیای ئەلیكترۆنی و لەم دواییانەشدا سۆسیال میدیاشی هاتە سەر و بوارەكە بەرفراوانتر بووە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە كە ئاوڕ لەو رابردووە دەدەینەوەو ئەمڕۆی رۆژنامەنوسیی كوردستانی پێ هەڵدەسەنگێنین (بەتایبەتی باشوری كوردستان) هەرگیز بەم شێوازەی ئێستا رووبەڕووی كۆسپ و تەگەرەو قەیران نەبۆتەوە، جا كۆسپ و تەگەرەو قەیرانەكان لەلایەن دەسەڵاتەوە دروستكرابن، یاخود لەلایەن كەناڵە میدیاییەكانەوە، یاخود خودی رۆژنامەنوسانەوە. هەر لە رێگریی دامەزراوە فەرمییەكانەوە لە پێنەدانی زانیاری، فشاری دەزگا ئەمنییەكان بۆسەر رۆژنامەنووسان، پەلاماردان و دەسگیركردنیان، تا دەگات بە ناپرۆفیشناڵیی هەندێك كەناڵ و رۆژنامەنووس كە دەبنە مایەی ئەوەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بخەنە بەردەم مەترسییەوە، هەموو ئەمانە بوونەتە مایەی ئەوەی هەم پیشە سەرەكییەكە لە شاڕێی راستەقینەی خۆی لابدەن و هەم لەبەر چاوی رای گشتی نێودەوڵەتیشدا ئەزموونی كوردستان لەكەدار بكەن، كە لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا رەنگی داوەتەوە. بەدەرفەتی دەزانین لەم یادەدا ئەم چەند خاڵە بخەینە روو:

1-فشاری دامودەزگا ئەمنییەكان لە سەر رۆژنامەنووسان نەمێنێت، ئەو رۆژنامەنوسانەی لەزینداندان (بەتایبەتی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان) بەزووترین كات ئازاد بكرێن.
2-كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان پابەند بن بە ئیتێكی پیشەیی رۆژنامەنووسییەوەو ئەو بابەتانەی دەبنە مایەی شێواندنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بەهەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
3-پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكانی تری هەرێمی كوردستان كار بۆ كاراكردنی یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی (٢٠١٣)ی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و هیچیتر زانیارییەكان لە رۆژنامەنووسان نەشارنەوە.
4-دادگاكان لەبەرامبەر رۆژنامەنوساندا كار بە یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)ی یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بكەن، نەك بەیاساكانی تیرۆر و سزادانی عێراقی و …هتد سزا بدرێن.
5-ئەو توندو تیژی و هەڵمەتە ناتەندروستانەی هەندێك كەناڵی حزبی لەبەرامبەر یەكتریدا رایانگەیاندووە بەزووترین كات رایبگرن و كۆتایی پێ بهێنن.
6-هەڵمەتی خراپ بەكارهێنانی سۆسیال میدیا بەناراستەوخۆ لەلایەن حزب و كەسایەتییە سیاسییەكانەوە دژ بەیەكتر رابگیرێت، بەتایبەتی ئەو شەڕی بەوەكالەتەی كە لەلایەن میدیای سێبەر و لەشكرێك پەیج و ئەكاونتەوە دەكرێت، كە پارەیەكی زۆریشی لێ خەرج دەكرێت و لێككەوتە خراپەكانی بوونەتە مایەی ئەوەی كۆمەڵگە دابەش بكات و كولتوری شەڕە جنێو بێنێتە كایەوە.
7- لە ساڵیادی رۆژنامەنوسیی كوردیدا بەرپرسانی باڵای هەرێم (لەسەر هەموو ئاستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، حزب) كە زۆرترین لێدوانیانداوە، بەوەی گوایە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و ئازادی رۆژنامەگەریی دەكەن، بە راستگۆییەوە لەگەڵ وتەو لێدوانەكانیاندا هەڵسوكەوت بكەن و پەیوەست بن بە یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانەوە. لە ساڵیادی رۆژنامەنووسیی كوردیدا هیوای هاتنەكایەی كۆمەڵگەیەكی ئارام دەخوازین كە یاسا تیایدا بەرقەرار بێت، هیوا خوازین رۆژنامەنووسییەكی پرۆفیشناڵ و بەرپرسیار لە هەرێمی كوردستاندا بێتە كایەوە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
22 ی نیسانی 2021