perleman13.jpg

بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت کار بەیاسای هەڵبژاردن بكرێت

Feb 12, 2019  |   هەواڵەکانی پەی 

 وابڕیاره‌ (18) ی ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵببژێردرێت، به‌ڵام ناكۆكی هه‌یه‌ له‌ نێوان یاسا ژماره‌ (1) هه‌لبژاردنی ساڵی‌ (1992) و له‌گه‌ڵ‌ په‌یره‌وی نوێی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌(2018) په‌سه‌ندكراوه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ د.خامۆش عومه‌ر راوێژكاری یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت : له‌دوای پەسندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمان لە ڕۆژی (17/7/2018)، لە ڕۆژی دەرچواندنیەوە چووە بواری جێبەجێکردن، سەرەڕای لایەنە ئیجابیەکانی، هەندێک گرفتی درووستکردووە بە تایبەت لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لە ماددەی چل و هەشتەمی یاسای هەڵبژاردن هاتووە: “پەرلەمان لەیەکەم دانیشتنیدا، بەڕێگەی دەنگدانی نهێنی سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، بە زۆرینەی موتڵەقی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێرێ”.

کەچی لە ماددە (10)ی پەیڕەوەکە هاتووە: “دەستەی سەرۆکایەتی پێکدێت لە (سەرۆک و جێگری یەکەم و جێگری دووەم)ی پەرلەمان بەمەرجێک یەک لە (3) سێ ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئافرەت بێت”.

لەبارەی جیاوازی نێوان یاسا و پەیڕەوەکە:

1-لەڕووی پێکهاتەی دەستەی سەرۆکایەتی: بەگوێرەی یاساکە لە (سەرۆک و جێگر و سکرتێر) پێکدێت. کەچی بەگوێرەی پەیڕەو لە (سەرۆک و دوو جێگر پێکدێت).

2-لە ڕووی بەشداری ئافرەتان: یاساکە مەرجی دانانی ئافرەتی لە دەستەی سەرۆکایەتی دانەناوە، کەچی پەیڕەوەکە ئەو مەرجەی داناوە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، لەو حاڵەتە کار بە یاساکە یاخود پەیڕەوەکە دەکرێت؟

لە ڕاستیدا بەگوێرەی بنەمای پلەبەندی بنەما یاساییەکان، دەبێت کار بە یاساکە بکرێت، نەک پەیڕەوەکە، بۆ سەلماندنی ئەو بۆچونەشمان دەتوانین پشت بە مومارەسەی کاری پەرلەمان، و ڕای ئەنجومەنی شورا ببەستین:

1-لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان، هەمدیسان گرفتی جیاوازی دەستەواژەکانی سوێندخواردن هەبوو لە نێوان یاساکەو پەیڕەوەکە، بەجۆرێک ناوەڕۆکی سوێندخواردن لە یاساکە بە شێوەیەکە کە جیاوازە وەک ئەوەی لە پەیڕەوەکە هاتووە. بەڵام کاندیدە سەرکەوتوەکان بە گوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە سوێندی یاساییان خوارد.

2-چەند کاندیدێکی سەرکەوتوو لە یەکەم دانیشتن سوێندی یاساییان نەخوارد، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددە (شەست و یەک) بێت ئەوا لە حاڵەتی سوێند نەخواردنی لە ماوەی (90) ڕۆژ مافی ئەندامیەتی نامێنێت، کەچی بەگوێرەی بڕگە (دووەم)ی ماددەی (13)ی پەیڕەو لە ماوەی (30) ڕۆژدا مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت.كار به یاساكه كرا.

3-ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە (18/2018) لە ڕێکەوتی (2/12/2018) ڕایەکی دەربڕیووە تیایدا هاتووە “….لەکاتی بونی ململانێ لە نێوان دەقەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان- عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەموارکراو و دەقەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان- عێراق ساڵی 2018 عیبرەت بە دەقەکانی یاساکە دەبێت…”.

کەواتە دەبێت لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کار بە یاساکە بکرێت و سەرۆک و جێگر و سکرتێر هەڵبژێردرێن، نەک سەرۆکێک و دوو جێگر، مەرجیش نیە ئافرەت لەنێوانیاندا هەبێت.