logopay.jpg

یەكەم دانیشتنی دەستپێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە پێشێلكاری یاسایی دەستی پێكرد

Nov 6, 2018  |   هەواڵەکانی پەی 

ئەمڕۆ 6/11/2018 یەكەم دانیشتنی دەستپێكی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەنجامدرا، ئەمە لەكاتێكدایە وێڕای ئەو هەموو تێبینیەی لەسەر هەڵبژاردنەكەو میكانیزمی كاری كۆمسیۆن و دادگای هەڵبژاردنەكان هەبوو سەبارەت بەو ساختەكاریانی هەم لیستە باڵادەستەكان لەساتی هەڵبژاردنەكان لەیەكترییان كرد و هەم لەنێو خودی یەك لیستیشدا لە كاندیدەكان كرا، لەگەڵا هەموو ئەوانەشدا خەڵكی كوردستان چاوی بڕیوەتە ئەو پەرلەمانە كە بەبەرنامەیەكی تازەوە بێتە مەیدان و حكومەتێك دروستبكات كە لەو هەموو قەیرانەی رووی لە هەرێم كردووە رزگاریان بكات.
بەڵام بەداخەوە ئەوەی تێبینی كرا لەیەكەم دانیشتنی دەستپێكدا كۆمەڵێك پێشێلكاری لە یاساكان و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا كرا:
1-بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە هەر ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و هەردوو جێگری یەكەم و دووەم) هەڵبژێردرایە، بەڵام جگە لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران هیچی تر نەكراو دانیشتنەكە بە كراوەیی هێڵدرایەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی مادەی یەكەمی پەیرەو دانیشتنی پەرلەمان لە شەو و رۆژێكدایەو ناكرێت دانیشتن بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە، ئەمەش یەكەم پێشێلی پەیرەو بوو لەلایەن خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە ئەنجامدرا.
2-بەپێی مادەی (21) لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە لیژنەیەك سەبارەت بە دروستی ئەندامێتی ئەندامانی پەرلەمان پێك بهێنرێت، بۆ پێداچوونەوەی ئەو تانانەی لەسەر دروستی ئەندامێتی پێشكەشكراون. ئەمەش پێشێلێكی تری پەیرەو بوو.
3-بەشێك لەپەرلەمانتاران لەساتی سوێند خواردنەكەدا پەیوەست نەبوون بەو دەقە یاساییەی سوێند كە لە مادەی (12)ی پەیڕەودا هاتووە.
4-لەساتی خستنە دەنگدانی پێشنیاری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چەند ئەندامێك ویستیان بە (نقط النظام) خاڵی پەیڕەوی رای خۆیان دەرببڕن بەڵام لەلایەن سەرۆكی كاتیەوە رێگەیان پێنەدرا، ئەمەش پێشێلی پەیرەو بوو.
ئەوەی تێبینی دەكرێت دەبوایە هەر ئەمرۆ دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت بەڵام نەكرا، ئەگەر قسە لەسەر یەكریزی و سازانی نێوان لایەنەكانە ماوەی (10) رۆژ بەسەر پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا تێپەڕیوە كەچی هیچ جوڵەیەكی سیاسیی لایەنەكان نەبینراو هیچ رێكەوتنێك ئەنجامنەدراوە، ئەمە لەكاتێكدا ئەمرۆ رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ هێنانە كایەی وەرچەرخانێك لە رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و سەرەتای قۆناغێكی نوێ بوو، كەچی زۆرینەی بەرپرسە بڕیار بەدەستەكانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە دەرەوەی كوردستانن. لەلایەكی ترەوە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان سوێندیان خوارد كە “بەرژەوەند گەلی كوردستان و شكۆ و ماف و ئازادییەكانی هاوڵاتیان بپارێزن” كەچی لە هەمان كاتدا هەم ئەندامان سوێندەكەی خۆیان شكاند و یاسایان پێشێلكرد، هەم زۆرینەی فراكسیۆنەكانیش (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، ئازادی، هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی، ئەنجومەنی گەلی كلدان سریان ئاشوری، رافیدەین، پارتی گەشەپێدانی توركمان، پارتی چاكسازی توركمان، میللەت، سەردەم) پێشنیارێكی نایاساییان كرد سەبارەت بە هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و هێشتنەوەی دانیشتنەكە بە كراوەیی. ئەمانە هەمووی ئاماژەی مەترسیدارن لە دەستپێكی ئەم خولە تازەیەدا كە رێكنەكەوتن و كەمتەرخەمی و نیەتی ئەو لایەنانە دەردەخات.
بەو هیوایەی خولی پێنج لەئاست ئەو بەڵێنانەدا بێت كە لەساتی بانگەشەدا لایەنەكان بەخەڵكی كوردستانیان دابوو.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
6/11/2018

 دەقی بەیاننامەکە بە pdf 

روماڵی میدیاکان بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی پەی لەسەر یەکەم دانحشتنی خولی پێنجەم یەکەم

وێستگە نیوز

سپی میدیا

شار پرێس

 


دەقی بەیاننامەکە بە pdf