r2helbjardn.jpg

پەی، راپۆرتی چاودێری لەسەر هەڵبژاردنەكانی (30 ئەیلولی 2018) بڵاودەکاتەوە

Nov 1, 2018  |   هەواڵەکانی پەی 

 

ئینستتیوتی پەی، لە دوای چاودێریکردنی ماوەی پێش هەڵبژارد و دوای هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هەڵبژاردن پێشێلکاریی و ساختەکاریی تێدا کراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، ئینستتیوتی پەی، لە هۆڵی هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، کۆنگره‌یەکی ڕۆژنامەنووسی به‌ مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی ناوه‌ڕۆکی ڕاپۆرتی چاودێری هه‌ڵبژاردن بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان، ئەنجامدا.

سەروەر عەبدولڕەحمان، سه‌رۆكی ئینستتیوتی پەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی: تیمەکانمان گەیشتوونەتە ئەوەی کە پێشەلکارییەکی زۆر کراوە و هەڵبژاردنێکی پڕ لە ساختەکاریی بەڕێوەچووە.

پەی راپۆرتەكی دابەشی چەند تەوەرێك كردووە:
تەوەری یەكەم: گرفتانەكانی بەرلەپرۆسەی دەنگدان

* ئەو گرفتانەی پەیوەندیدارن بە پەرلەمانەوە
* ئەو گرفتانەی پەیوەندیدارن بە حكومەتەوە
* ئەو گرفتانەی پەیوەندیدارن بەقەوارە سیاسیەكانەوە
* ئەو گرفتانەی پەیوەندیدارن بەكۆمسیۆنەوە
تەوەری دووەم: پێشێلكارییەكانی رۆژی دەنگدان
*پێشێلكاری قەوارەكان

*پێشێلكاری هێزە ئەمنیەكان
*كەموكوڕییەكانی كۆمسیۆن
تەوەری سێیەم : رێگەكانی ساختەكاری
تەوەری چوارەم : ئەوانەی دەڵێن ساختەكاری كراوە كێن
لەگەڵ ئەنجام و راسپاردەی راپۆرتەكە.
لەگرنگترین خاڵەكان، پەی لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی كردووە بۆ گرفتەكانی بەر لەپرۆسەكە، و پەیوەست بە پەرلەمانی كوردستانەوە دەلًێت: كۆمسیۆن بەپێی مادەی ژمارە (3)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی تەنها لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارەو تەنها پەرلەمان دەتوانێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكات، بەڵام پەرلەمان خەمسارد بوو لەبەرامبەر كۆمسیۆن و نە كارئاسانی بۆ كردن لە گیروگرفتەكانیان و نە لێپێچینەوەشی لەگەڵا كردن لە كەموكوڕی و پێشێلكارییەكانیان و چاودێریی پێویستی كۆمسیۆنی نەكرد، دەشڵێت ئەندامانی پەرلەمانەوە چەندین جار یاداشت بۆ كۆمسیۆن ناردراوە بەمەبەستی بەدواداچوونی ئەركەكانیان، بەڵام كۆمسیۆن بێ وەڵام بووە و یاداشتی ئەندامانی پەرلەمانی بەهەند وەرنەدەگرت.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، چەند جارێك ئەندامان داوای بانگهێشتی كۆمسیۆنیان كردووە بۆ پەرلەمان، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەم رێكارەی جێبەجێ‌ نەكرد، تا لە رۆژی (٩/٧/٢٠١٨) كەتەنها دوو مانگ و بیست رۆژی مابوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پەرلەمان میوانداری كۆمسیۆنی كرد بۆ نێو پەرلەمان بۆ رونكردنەوە لەسەر ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئەوكاتەش درەنگ بوو بۆ پاك كردنەوەی تۆمارەكەو بەسەری رانەدەگەیشتن، لەگەڵ ئەوەشدا لەو كۆبوونەوەیەدا كۆمسیۆن وەڵامی پێویستی نەبوو بۆ پەرلەمانتاران، و بەڵێنەكەشی لەبارەی ناردنی تۆمار لەسەر (CD)بۆ پەرلەمان نەبردە سەر و دواتریش پەرلەمان لەبەرامبەر ئەو بێ بەڵێنیەی كۆمسیۆن بێهەڵوێست بوو.
لەبارەی كەموكورییەكانی حكومەتی هەرێم بەرلە پرۆسەكە، لە راپۆرتەكەدا هاتووە، حكومەت تەداخولی لە كارەكانی كۆمسیۆندا دەكرد و ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپەكانی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بوو، هەروەها وەك پێویست هاوكاری كۆمسیۆن نەبوون لە پێدانی داتاو زانیاری و كار ئاسانی، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كە تایبەت بوو بە پرسی هەڵبژاردنەوە بەپێی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی 2017 ی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم دراوە بە سەرۆكی حكومەت، بەڵام سەرۆكی حكومەت كەم تەرخەمی لە ئەركەكەی كرد.
پەی ئاماژەیداوە، كە وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەو ئەنجومەنی ئاسایش هاوكاری پێویست نەبوون لە پێدانی ناوەكانی دەنگدانی تایبەت بە كۆمسیۆن بەمەبەستی جیاكردنەوەیان لە دەنگدەری گشتی و ئامادەكردنی تۆمارێكی پوخت بۆ دەنگدەری تایبەت.

لە گرفتەكانی پەیوەندیدارن بە كۆمسیۆنەوە، لەرپۆرتەكەدا هاتووە، كۆمسیۆن كەوتبووە ژێر هەژموونی حزبیەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ئیش و كارەكانی كۆمسیۆن هەبوو، نەیتوانی كاتی پێویست بۆ هەڵبژاردنەكان و بەجێگەیاندنی رێكارەكانی دەستنیشان و پەسەند بكات، جارێك (3) مانگ و جارێكی تر (4) مانگ بۆ هەڵبژاردن دەستنیشانكرا، هەردوو جار لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە دەستنیشانكراو كۆمسیۆن هیچ رایەكی لەسەری دەر نەبڕی جگە لە رەزامەندی.
كۆمسیۆن وەك پێویست نەیتوانی بڕیارەكانی خۆی جێبەجێ بكات و چەند بڕیارێكی خۆی پاشگەز بوەوە یا گۆڕانی بەسەریاندا هێنا. بۆ نموونە وەك:
-دەنگدان تەنها بە رەگەزنامە كە بەپێی یاساو بە بڕیار رایگەیاندبوو بەلام لەكاتی دەنگدانی تایبەتدا لە هەندێك لە بنكەكاندا بە جۆرەها پسولەی تر دەنگدراوە.
-دەنگدان بە رەگەزنامە و باری كەسێتی كە لەشەوی هەڵبژاردنی گشتیدا رایگەیاند.
-قەدەغەكردن و بەكارنەهێنانی مۆبایل و وێنەگرتن.
-كاركردن بە سیستەم و سێرڤسی واتسەپ.

پەی دەڵێت: كۆمسیۆن نەیتوانی تۆماری دەنگدەران پاك بكاتەوە، هەرچەندە ئەو تۆمارەی پێشتر كە نزیكەی (900000) نۆسەد هەزار دەنگی دووبارەو مردوو و ساختەو گوماناوی تیادابوو خستیە لاوەو تۆمارێكی تازەی هێنایە كایەوە كە بۆ ئامادەكردنی پشتی بە فۆڕمی خۆراك بەستبوو، بەلام لەگەڵا ئەوەشدا گۆڕانێكی ئەوتۆی تیادا نەبوو و هەر وەك خۆی داتاكانی دانابوویەوە، بۆ نمونە: لە نزیكەی زیاد لە (280000) ناوی مردو تەنها ناوی (1900)مردوویان كوژاندبوویەوە، ناوی دووبارە و ساختە و كوردانی پارچەكانی تر و دانیشتوانی ناوچە كێشە لەسەرەكان و دووبارەیان نەكوژاندبوویەوە.

لە راپۆرتەكەی (پەی)دا لەسەر پێشێلكارییەكانی رۆژی هەڵبژاردن، تایبەت بە قەوارەكان هاتووە،هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندنی حزبەكان تا ساتی هەڵبژاردنەكەش بەردەوام بوون لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن، لەنزیك هەندێك لە بنكەكاندا ڕیكلامی قەوارەكان هەبوون، لەهەندێك بنكەدا كارت و ژمارە و وێنەی كاندیدان بەسەر دەنگدەراندا دابەشدەكران، هەندێك كاندید لەنزیك بنكەكانی دەنگدان و لەناو دەنگدەراندا بەردەوامبوون لەسەر بانگەشە، لەهەندێك بنكەدا هەندێك قەوارە فشاریان دروستدەكرد و هەڵیاندەكوتایە سەر وێستگەكان و كەسانێك بەزۆر دەیانویست دەنگ بدەن و لەچەندین شوێنیش ئەوە چووەسەر.

لە پێشێلكاری هێزە ئەمنیەكاندا (پەی) دەڵێت: هەندێك بەرپرسی پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەداران لەدەنگدانی تایبەتدا لەبنكەكاندا بوون و بەجۆرێكی ناراستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر دەنگدەران هەبوو كە دەنگ بە چ قەوارەیەك بدەن، وە لەكاتی دەنگدانی تایبەتدا لەبازگەكانی (كۆیە، دێگەڵە، سماقووڵی، هەولێر) گرفت بۆ هاتووچۆی ئەو دەنگدەرانە دروست دەكرا كە ناویان لە شارەكانی ترەوە هاتبوویەوە بۆ دەنگدان، لە گەلێك بنكەی دەنگداندا ڕێگری لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكرا و وەك پێویست رێگەیان پێنەدەدرا كە رووماڵی پرۆسەكە بكەن. بۆ نمونە پەیامنێرانی هەریەك لە دەزگاكانی (KNN، NRT، K24، Speda، Westga News، G.kurdistan، Rudaw، Kurdistan Tv) لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، كۆیە، رانیە، چوارقورنە، سیدەكان و سەیدسادق لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە رێگرییان لێكراو پەلاماردران.
وە لەهەندێك لە بنكەكاندا لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە ئاسانكاری بۆ ئەو كەسانە دەكرا كە بەنایاسایی دەیانویست دەنگ بدەن و رێگرییان لێ‌ نەدەكرا وە لەكاتی دەنگداندا خەڵك هەبوو ناچاركرابوو دەبێت وێنەی كارتی دەنگدانەكەی بگرێت كە دەنگی بە چ لایەنێك داوە.بەڵگەی پێویستیش زۆرە لەبەردەستدا.

تایبەت بە كەموكوڕییەكانی كۆمسیۆن، لەرۆژی دەنگداندا، پەی دەڵێت: هەندێك لە رێكار و بڕیارەكانی كۆمسیۆن درەنگ بە بەڕێوەبەری بكەو وێستگەو كارمەندانی كۆمسیۆن گەیشتن، بۆ نمونە وەك بڕیاری تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری وێنەگرتنی دەنگدەران كە لە ئێوارەی 27/9/2018 دەرچوو بوو وە راگەیاندنی رۆژنامەوانی قەدەغەكردنی بەكارهێنانی مۆبایل لەنێو وێستگەی دەنگداندا لەلایەن دەنگدەرانەوە كە 28/9/2018 دەرچوو بوو، وە فەرمانبەرانی سەر سندوقەكانی دەنگدان وەك پێویست راهێنانیان پێ نەكرابوو و بەشێكیان نەشارەزابوون لە ئیشەكان. بەتایبەت ئەو كارمەندانەی لەسەر محاسەسەی حزبی دانرابوون، لەهەندێك لەوێستگەكاندا رێگری لەو دەنگدەرانە نەدەكرا كە مۆبایلیان بەمەبەستی وێنەگرتن لەكاتی دەنگداندا بەكار دەهێنا، كۆد و ژمارەی سەر سندوقەكان بە جۆرێك نوسرابوو كە زۆر بەئاسانی دەسڕانەوە، كۆدی سەر قفڵەكان لەگەل كۆدی سەر سندوقەكان جیاوازبون، كە پێویست بوو هاوتابن، ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە ناویان بۆ دەنگدان نەگەڕابویەوە.
دەنگدەرانی تایبەت بەشێوەیەكی ناڕێك بەسەر بنكەكانی دەنگداندا لە شارو شارۆچكەكاندا دابەشكرابوون، ئەمەش دەبووە مایەی ئەوەی بەئاسانی ناوەكانی خۆیان نەدۆزنەوە، ژمارەیەكی زۆری دەنگدەر ناویان نەگەڕابوویەوە بۆ دەنگدان، تۆماری دەنگدەران جیاوازی زۆری تیادابوو و ناڕێك بوو، بۆ نمونە خەڵكانێك هەبوون لە لیستی دەرەوەی بنكەكان كە هەلواسرابوو ناویان هەبوو بەلام لە لیستی ژوورەوە ناویان نەبوو و مافی دەنگدانیان نەبوو، لەهەندێ‌ بنكەدا رێگە بەدەنگدەران دەدرا كە بەكۆپی ڕەگەزنامە دەنگ بدات، لەهەندێ‌ بنكەدا بەر لە كاتژمێر شەش كارتی دەنگدان تەواوبوو، ئەمە لە كاتێدا رێژەی بەشدار دەنگدەر زۆر نزم بوو . هەروەها ئەژماركردن و ئاشكرابوونی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت كاریگەری خراپی بەسەر پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا هەبوو، شەوی 29-30/9/2018 كاتژمێر 10 ی شەو كۆمسیۆن بڕیارێكی تازەی دەركرد وە لە سلێمانی درەنگ ئەنجامەكان گەیشتنە كۆمسیۆن.
لە تەوەرێكی تردا راپۆرتەكەی پەی باس لە رێگەكانی ساختەكاری و چەند نمونەیەك لە ساختەكاریەكان دەكات، دەنوسێت: لەپرۆسەی دەنگداندا، چەند شێوازێك بۆ ساختەكاری بەكارهاتووە، كە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی دەنگی هێز و لایەنەكانی دیكە و بەرزكردنەوەی دەنگی پارتی و یەكێتی هەبووە، كە دیارترین ئەو ڕێگایانەی ساختەكاری ئەمانەبوون:
1-درووستكردنی پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە بۆ دەنگدان.
بۆنمونە: كارمەندێكی كۆمسیۆن بە ناوی (دڵشاد جەلال) لە فەیسبووك نوسیویەتی، لە بنكەی قوتابخانەی باوەشاسوار لە گەرمیان، لە كاتژمێر (٥ و سی خولەكی ئێوارە) كەسێك ڕەگەزنامە و پێناسێكی باری شارستانی پێبووە و هاتووە بۆ دەنگدان بەهەمان ناو و فۆتۆی ئەوەوە ویستویەتی دەنگ بدات.
-كوردانی پارچەكانی تر كە دانیشتوی هەرێمی كوردستانن بەكارهێنراون بۆ دەنگدان.
3-پڕكردنەوەی سندوقی دەنگدان، ئەویش لە ڕێی فشاری هێزە ئەمنییەكانەوە لە بەشێك لەبنكەكاندا كارمەندانی كۆمسیۆن كراونەتە دەرەوە و لەو ڕێگەیەوە سندوقەكانی دەنگدان لە بەرژەوەندی هەردوو هێزی دەسەڵاتدار پڕكراونەتەوە.
4-لە كاتژمێر ٣ی پاشنیوەرۆی ٣٠ی ئەیلول، هیچ جۆرە پەیوەندییەك لەنێوان لقی سلێمانی و ناوەندی سەرەكیی كۆمسیۆن لە هەولێر نەماوە و وەڵامی تەلەفونی یەكتریان نەداوەتەوە، ئەمەش ڕێگایەكی دیكەبووە بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری. بەپێی زانیاری قەوارەكان نزیكەی ١٢%ی دەنگەكان دەستكاریی كراون.
5-لادان لە ڕێكارەكانی كۆمسیۆن هەوڵێكی دیكەی پارتی و یەكێتی بووە بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری كە بەوتەی چاودێران لە بەشێك لە بنكەكانی دەنگدان كار بە ڕێنماییەكانی كۆمسیۆن نەكراوە.
6-دەنگدانی دووبارە و بەكۆمەڵا، ئەمەش ڕێگایەكی دیكەبووە كە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار بەكاریان هێناوە و دەنگی خۆیان پێ بەرزكردووەتەوە.
7- بەشێكی هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان، ئەوانەی دەنگدان نەیدەگرتنەوە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانی كوردستانەوە هێنراون بۆشارو شارۆچكەكانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجەو دهۆك و ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقیی ساختەیان بۆ دروستكرداوە، بۆ ئەوەی دەنگبدەن.
بۆ بینینی تەواو بەڵگەكان بڕوانە راپۆرتی پەی .
لەسەر سكاڵای لایەنە سیاسیەكان لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو لیژنەیەیی لە كۆمسیۆنی راسپێردرابوو بۆ لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان پڕۆسەكەی تەواوكرد و بە ڕاپۆرتێك پێشكەشی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كرد.
سەرۆكی لیژنەی باڵای سكاڵاكان لە كۆمسیۆن وتی: بەشێكی زۆر لە سكاڵاكان لەسەر هێرشكردن یان چوونە ناو بنكەكان و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تۆماركرابوو، بەشێكیشی لەسەر دەستبەسەراگرتنی ژمارەیەك بنكە بووە لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە، كە ئەوان لەو كارانە خۆشنابن و ئەنجومەن دەبێت بە بەرپرسیارێتییەوە بڕیار لەسەر سكاڵاكان بدات.
شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆن، ئەوەی خستەروو، بەشی زۆری سكاڵاكان پەیوەندییان بە چونە ژوورەوەی هێزە ئەمنییەكان هەیە بۆ ناو بنكەكانی دەنگدان، یان ئەوەی كۆمسیۆن نەیتوانیوە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو بنكانەی كردبێت، یان ئەوەی لە دەرەوەی بنكەكان تەقەكراوە و خەڵك ترساوە و بەشداری دەنگدانی نەكردووە.
ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری كۆمسیۆن ڕایگەیاند، پرۆسەی پێداچوونەوە بە سكاڵاكانی سەر سندوقەكانی دەنگدان كۆتایهاتووە و چاوەڕێدەكەن پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگی ناو سندوقە سكاڵا لەسەرەكان دەستپێبكات. زیاتر لە یەك هەزار سكاڵای سەر سندوقەكان كاری پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە و ٣٠٠ سندوقیش قردێلەی سوری لەسەرە، وا بڕیارە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی ناوی دەستپێكات. ناوبراو روونیكردەوە، دوای گفتوگۆی كۆمسیۆن بڕیاردرا ئەگەر هێزی چەكدار چووبێتە هەر بنكەیەك و بە زۆر دەنگیان دابێت دەنگەكانی ئەو بنكەیە بە گشتیی پوچەڵبكرێنەوە، “پێشنیازمان كردووە كە تەنها دەنگی ئەو حزبانە پوچەڵبكرێتەوە كە سكاڵایان لەسەرەو ئێستا گفتوگۆی ئەو بابەتە دەكەین”. هەروەها رایگەیاند، پێدەچێت لە قۆناغی لێكۆڵینەوە لە سندوقەكان ژمارەیەك لەو سندوقانەی كە قردێلەی سەوزیشیان لەسەرە بگۆڕین بۆ قردێلەی سور و زیاتر بكەونە ژێر لێكۆڵینەوە.
بەپێی بڕیاری ژمارە (62)ی كۆمسیۆن كە لە 20/10/2018 دەرچووە، قەوارە سیاسیەكان (781) سكاڵایان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە، لەوانە بەپێی بڕیارەكەی كۆمسیۆن (614) سكاڵای رەت كردۆتەوە بە بیانوی ئەوەی كاریگەریان نەبووە لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و هەروەها (167) سكاڵای پەسەند كردووە كە بۆتە مایەی هەژمارنەكردنی (96) بنكەی دەنگدان كە (119617) دەنگی لەخۆگرتبوو هەڵوەشایەوە و ئەژمار نەكرا.

بەشێكی تری راپۆرتەكە تایبەتە بەئەوانەی دەڵێن ساختەكاری كراوە،
لە بەشی حزبە سیاسیەكان، بەڵگەوە قسەی سەرجەمیان دانراوە كە دەڵێن ساختەكاری كراوە، لەوانە:
1-یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
2-پارتی دیموكراتی كوردستان:
3-بزوتنەوەی گۆڕان:
4-یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان:
5-كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان:
6-نەوەی نوێ:
7-حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان:
8-بزوتنەوەی ئیسلامی:
9-هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری:
11-بەرەی توركمانی:

پاشان رای چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆی هەیە، یان كوبیش نێردەی تاییەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند ئێمە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و گرنگە خەڵك بەشداری پرۆسەكە بكەن. تكام ئەوەیە خەڵك دەنگی خۆیان بدەن و پێویستە پەرلەمانێكی بەهێز هەبێت و پێمخۆشە خەڵك بەگەرم وگوڕییەوە بەشداری دەنگدان دەكەن. هیوامان وایە ئەنجامەكان شەفاف بن و شكۆی خەڵك بپارێزرێت. ئەوەشی خستەروو،”ئێمە چاودێری پرۆسەكە دەكەین و لە چەندین شوێن چاودێرمان هەیە”.
تیمێكی سویدی كە پێكهاتبوو لە (ئانیكا لیمیتس و جەبار ئەمین) وەك چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ڕایانگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە لە ناوەرۆكدا پڕبووە لە دژە دیموكراسی و نا عەدالەتی، پێشێلكارییمان بینیوە لە پرۆسەكەدا، هەروەك هەندێك گلەیی و رەخنەشمان لە رێكخراوەكان و نوێنەری قەوارەكانەوە بەرچاوكەوتووە. ئاماژەیان بەوەش كرد، هەندێك لە دەنگدەران لە شوێنی باڵاترەوە راسپێردراون، بۆ نمونە وێنەی دەنگەكەی خۆی بگرێت كە ئەمە كارێكی نایاساییە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پێشێلكارییانەش دەگەیەننە ئەو رێكخراوەی كە نوێنەرایەتی دەكەن و بۆ رای گشتیی بڵاودەكەنەوە.
ئاماژەیان بەوەشكرد تۆماری دەنگدەران ڕەخنەیەكی زۆری لەسەر بووە، كە ناوی دووبارە و مردوو و تەنانەت خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری دەرەوەی هەرێمیشی تێدا بووە. ڕوونیكردەوە حزبی سیاسی هەبووە كاری كردووە لەسەر دروستكردنی بەڵگەنامەی ساختە و ئەوان بە چاوی خۆیان لە چەند بنكەیەك بینیوویانە كە كارمەندانی كۆمیسۆن ڕێگرییانكردووە لە دەنگدانی كەسانێك كە بەڵگەنامەی ساختەیان پێبووە، جگە لەوەش لە چەندین شوێن پێشێلكاری و فشار ولێدان هەبووە و ئەو پرۆسەیە، ئەو پرۆسە دیموكراسییە نەبووە كە باس دەكرێت.
نوێنەری رێكخراوی فردریچ ئیبێرتی ئەڵمانی كە چاودێری هەڵبژاردنەكان بوو رایگەیاند كە رێژەی بەشداری دەنگدەران لەو هەڵبژاردنەدا كەم بووەو جێگەی چاوەروانی و پێشبینی ئەو چاودێرە بیانیانە نەبووە كە چاودێری پرۆسەكەیان كردووە، هەروەها وتیشی هەندێ تێبینیشمان لەسەر پرۆسەكە هەیە.

لە ئەنجامەكانی راپۆرتەكەدا هاتووە:
ئەم هەڵبژاردنە راستیگەلێكی دەرخست و بەشێك لەو راستییانەش كۆنن خۆیان دووپاتكردەوە، دەتوانین لەخوارەوە باسیان لێوەبكەین:
1- پەرلەمان لە ئاستی پێویستدا نەبوو لە چاودێریكردن و لێپێچینەوەی كۆمسیۆن لەو كاتانەدا كە وەك پێویست بەئەركەكانی خۆی هەڵنەدەستا یا پێشێلكاری یاسایی دەكرد.
2- حكومەت لەو ئەركانەی لەسەر شانی بوو وەك پێویست هاوكاری كۆمسیۆنی نەكردووە.
3- كۆمسیۆن لەو ئەزمونەیدا سەركەوتوو نەبوو چەندین بڕیاری دژ بەیەك و پێچەوانەی یاسای دەركرد و نەیتوانی ئەو بڕیارو پەیرەوانەش وەك خۆی جێبەجێ بكات كە دەری كردبوون.
4- زۆرینەی ئەو گرفتانەی رووبەرووی كۆمسیۆن و پرۆسەكە بوونەوە كۆمسیاران راستەوخۆ لێی بەرپرسیارن.
5- كۆمسیارانی سەر بە سێ حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەكە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو) بەهۆی نەشارەزایی و عینادیانەوە نەك هەر سەركەوتوو نەبوون بەپێی ئەو پەیامانەی حزبەكانیان بەرزیان كردبوویەوە، بەلكو لەرووی سیاسیەوە زۆرترین ئۆباڵی ئەو ساختەكاریە دەكەوێتە ئەستۆیانەوە. چونكە زۆر هەنگاو هەبوو دەبوو بینێن نەیاننا.
6- دادگای هەڵبژاردنەكان بەئەركی سەرشانی خۆی هەڵنەستا و گوێی لە تانە و سكاڵای قەوارەكان نەگرت.
7- دادگای تێهەڵچوونەوە نەیتوانی بێلایەن بێت و یاسا جێبەجێ بكات و بەبێ ئەوەی گوێ لەو هەموو سكاڵایە بگرێت ئەنجامەكانی وەك خۆی راگەیاند. ئەگەر دادگا بە یاسا كاری بكردایەو گوێی لە سكاڵاكان بگرتایە زۆرینەی ئەو كاندیدانەی دەرچوونە گۆڕانكاری بە زنجیرەكانیاندا دەهات.
8- هەموو لایەنە سیاسیەكان بەبێ جیاوازی رایانگەیاند كە لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری كراوە.
9- رای چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لەسەر هەڵبژاردنەكە نەرێنی بوو و زۆرینەیان باس لە بوونی ساختەكاری دەكەن.
10- خودی كۆمسیۆن و كۆمسیارانیش ئەوەیان نەشاردۆتەوە كە ساختەكارییەكی زۆر لە هەڵبژاردنەكاندا كراوەو هەر هەمووشیان دانیان بەو راستیانەدا ناوە.
11- كەمتەرخەمی كۆمسیۆن لە ئیشەكانیدا و ئەو فەوزاو نەشارەزاییەی كۆمسیاران دەیان هەڵەی زەقی لێكەوتەوە.
12- راگەیاندنی ئەنجامی بەرای هەڵبژاردن دوای (20) رۆژ لە ئەنجامدانی پرۆسەكە، گەورەترین ئاماژەیە بۆ سەرنەكەوتنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و نا شەفافیەتی پرۆسەكە دەسەلمێنی .
13- وێرای بوونی بەڵگە لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداری خەڵك لە بەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارەكان، بەڵام بەشداری نەكردنی لە (41%) ی هاوڵاتیان بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن سەلمێنەری نەمانی متمانەیە بە رەوایی سیستمی سیاسی لە كوردستان و نیشانەیەكی گەورەیە لەسەر هەڵبژاردن.
14- راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی دەنگدان بەدرەنگانی شەوی (20ی ئۆكتۆبەر) نیشانەی بونی پرسیاری جدییە لەسەر ئەو ئەنجامە و هەموو ئاماژەكان دەلێت بە ریككەوتنی سیاسی نا شەرعی ئەنجام راگەیەندراوە نەك بە ریكاری یاسایی و پاراستی شەفافیەتی هەڵبژاردن، نامەی چوار كۆمسیاریش بەڵگەن لەسەر ئەو راستیە .
15- پاش بڵاو بوونەوەی ئەو هەموو بەڵگەو ڤیدیۆیەی هێرش كردنە سەر بنكەكانی دەنگدان لە لایەن چەكداری ناسراوەوە، لاوازی كۆمیسیۆنی دەرخست و هەڵبژاردنەكە كەوتە ژێر پرسیارەوە.
16- داواكاری گشتی بێدەنگ بوو لەسەر ئەو هەموو پێشێلكاریانەو دروستكردنی ئەو ژمارە زۆرەی رەگەزنامەو و پێناسەی باری كەسێتیەی دروستكرابوو و لەسەر ساختەكاری هەڵبژاردن و لەسەر هێرش كردنە سەر بنكەكان و لەسەر لێدانی فەرمانبەری فەرمی كۆمیسیۆن و لەسەر تەواوی ئەو ئیرهاب و تۆقاندنەی كرا لە كاتی هەلبژاردنەكانی پەرلەمان.
17- كەمی رێژەی بەشداربووانی هەلبژاردن و ئەو ژمارە زۆرەی دەنگی پوچەل، ئەوە دەردەخات كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان بێ ئومێد بوونە لە هەلبژاردن و دژی دەسەڵاتن.
18- لەكوردستاندا خەریكە دیاردەی ساختەكاری دەبێت بە نەریت و لە ساڵی 1992 ەوە تا ئێستا هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن ئەم كولتوری نەشیاوە برەوی پێدەدرێت.

پەی لەراپۆرتەكەیدا ژمارەیەك راسپاردەكان هەیە :
1- تۆمارێكی دەنگدەران بەشێوازی بایۆمەتری ئامادە بكرێت، لە ناوی مردوو و دووبارە و ساختە پاك بكرێتەوە، كە سەرچاوەكەی كارتی نیشتیمانی بێت.
2- هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە هەڵبژاردنەوە هەموار بكرێنەوەو ئەو كەلێنانەی تیایاندایە چارەسەر بكرێن و لەگەڵ یەكتریدا بگونجێنرێن و ئەو هاودژییەی لەنێوانیاندا هەیە نەهێلدرێن، وەك:
-یاسای ژمارە (1)ی سالی 1992 ی هەڵباردنی پەرلەمانی كوردستان.
-یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 1993 ی یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان-عیراق
– یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی.
-یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عیراق
– یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق.
3- دەستەی دادوەری هەلبژاردنەكان كاری تەنها رێكخستن و ئامادەكردنی دۆسیەكان بێت، بڕیاردان لەسەر ئەنجامەكان و پەسەندكردنی لەلایەن تێكڕای ئەندامانی دادگای تێهەڵچونەوە بێت و ئەمەش بەیاسا رێكبخرێت.
4- رێكخستن و دابینكردنی ئامێری ناسینەوەی دەنگدەر لەگەڵ تۆماری دەنگدەران و داتاكەی.
5- كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان یا ئەوەتا بەتەواوی سەربەخۆ بێت، یاخود بەتەواوی بكرێت بە حزبی و پشكی سەرجەم حزبەكانی تیادابێت و بەیاسا رێكبخرێتەوەو پاشكۆی ناوی (سەربەخۆیی) لێبكرێتەوە.
6- لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامەكاندا لەسەر ئاستی یەكەی ئیداری دەنگەكان جیابكرێنەوە و رابگەیەنرێن.

 

راپۆرتی دووەم لەسەر هەڵبژاردنەكانی (30 ئەیلولی 2018) بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە pdf