komssion.jpg

تكایە ئەو پێشێلكاریانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رابگرن

Sep 26, 2018  |   هەواڵەکانی پەی 

بەڕێزان:

پەرلەمانی كوردستان
سەرجەم قەوارە سیاسیە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
نوسینگەی (UNAMI) لە هەرێمی كوردستان

لەرۆژی 25/9/2018 دا، كە تەنها پێنج رۆژ ماوە بۆ دەنگدان، ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، بڕیارێكی بە ژمارە (51) دەركرد سەبارەت بە رێكارەكانی هەڵبژاردن كە حەوت خاڵی لەخۆ گرتووە، ئەوەی لەو بڕیارەدا مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە خاڵی پێنجەمە كە تیایدا هاتووە: “زیاد كردنی رێكاری وێنەگرتنی دەنگدەران، بەشێوەیەك هەر دەنگدەرێك پێش ئەوەی دەنگ بدات وێنەیەكی نزیكی خۆی و ئەو بەلگەنامەیە بگیرێت كە دەنگی پێدەدات، لەلایەن فەرمانبەری وێستگەوە دەپارێزرێت و دەنێردرێت بۆ ئەو ژمارەی كە كۆمسیۆن بۆی دیاری دەكات و دواتریش لەلایەن فەرمانبەرانی بنكەی لاوەكیەوە ئەو وێنانە وەردەگیرێت و لەكۆمپیوتەری تایبەت بەو بنكەیە هەڵدەگیرێت”.
ئەمە جگە لەوەی كە دەركردنی هەر بڕیارێكی لەم جۆرەو لەم كاتەدا لەڕووی شكلیەوە رەتكراوەیە، چونكە هەموو بڕیارێكی لەم جۆرە دەبێت بواری تانە لێدانی بۆ بڕەخسێت، كەچی كاتی تانە لێدانیش نەماوە، هەر بۆیە ئەركی دادگایە راستەوخۆ ئەم بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە جگە لەوەی سەرتاپای بڕیارەكە نایاساییە، چونكە پێچەوانەی كۆمەڵێك بنەمای یاسایی و رێكەوتننامەو دەستور و یاسای بەركارە لەوانە:
1-پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و جاڕنامەی گشتیی مافەكانی مرۆڤە.
2-پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی عێراقە كە مادەكانی (15) و (17) و (37)دا باسی لە ئازادییەكان كردووەو هاتووە كە پێویستە مافی ئازادیی تاكەكەس پارێزراو بێت.
3-پێچەوانەی مادەی (4)ی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی (2014)ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیە.
4-پێچەوانەی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ی یاسای هەڵبژاردنە كە پێویستە نهێنیی دەنگدەر لەكاتی دەنگداندا پارێزراو بێت.
5-پێچەوانەی مادەی (2)ی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی (2008)ی یاسای خراپ بەكار هێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردنە كە بەبێ رەزامەندی نابێت وێنەی هیچ كەسێك بگیرێت.
6-پێچەوانەی مادەكانی (437) و (438) ی یاسای ژمارە (11)ی سالی (1969)ی یاسای سزادانی عێراقیی هەمواركراوە.
7-هەموو بڕیار و رێنماییەك دەبێت پشت بە یاسایەك ببەستێت، بەلام ئەم بڕیارە هیچ سەنەدێكی یاسایی نیە.

ئەمە جگە لەوەی كاتی دەركردنی بڕیارەكە گومانمان دەبات بەرەو نیەتی خراپ لە دانانی ئەو بڕیارە لەكاتێكدا كۆمسیۆن پێشتر وێنە گرتنی لەلایەن دەنگدەرانەوە لەناو وێستگەكان قەدەغە كردووە، لەهەمان كاتدا لەمەیدانی پراكتیكدا لەبری رێگەچارە، گرفتی لێدەكەوێتەوە، لەوانە:
1-وێنەگرتنی دەنگدەر لەلایەن بەرێوەبەری وێستگەی دەنگدانەوە دژی ئازادی تاكەكەسیە و رێگە پێدراو نیە.
2- ئەم رێكارە و وێنەگرتنی دەنگدەر لەلایەن بەرێوەبەری وێستگەی دەنگدانەوە بە مۆبایلی كەسی رێگرە لە بەشداریكردنی دەنگدەران.
3-هیچ سۆفت وێرێك نیە بۆ بەراوردكردنی وێنەی دەنگدەران و كۆكردنەوەیان لە سێرڤەرێكی تایبەت كە پارێزراو بێت.
4-هیچ رێگەیەكی پارێزراو و پلان بۆدانراو نیە كە ئەم وێنانە كۆبكاتەوە.
5-هیچ پاڵپشتێكی یاسایی نیە كە رێگە بەم كارە بدات كە ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاری لێداوە.
6-هیچ یاسایەك نیە بۆ یەكالاكردنەوەی تانە لەسەر ئەم بابەتە.
7-ئەم بڕیارە دەستەبەری پاراستنی نهێنی دەنگدان ناكات و پێچەوانەی یاسایە.
8-كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر بە ئاسایی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان و پەشێوی لێدەكەوێتەوە.
ئەگەر مەبەست لەم بڕیارە رێگری كردنە لە ساختەكاری، دەبوایە كۆمسیۆن تۆماری دەنگدەران پاك بكاتەوە، كە بەداخەوە نە خۆیان كردیان و نە رێگەیان بە قەوارەو رێكخراوەكانیشدا هاوكاریان بن و نە گوێیان لە تانەكانیشیان گرت.
9- ئەگەری هەیە ئەم بڕیارە لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە خراپ بە كاربهێندرێـت و ببێتە مایەی فشار كردن لە (دەنگدەرانی تایبەت، ئەوانەی نایانەوێت بەشداری دەنگدان بكەن)، ئەمەش دووبارە پێشیلی مافی مرۆڤە.
لەبەر ئەم هۆكارانەی سەرەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە فشارەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ رێگرتن لەو بڕیارەو هەڵوەشاندنەوەی، لەهەمان كاتدا هەموو هەوڵەكان یەك بخرێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی دوور لە ساختەكاری بەڕێوە بچێت.
لەگەڵ رێزدا

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
26/9/2018