logopay.jpg

هەوڵی لایەنە سیاسیەكان بەردەوامە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

Jul 25, 2018  |   هەواڵەکانی پەی 

هەروەك پێشتر لە یاداشتێكدا هۆشداریمان دایە رای گشتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە لایەنەكان لەپشت پەردەوە لەهەوڵدان بۆ دواخستنی هەلبژاردنەكان، هەرچەندە زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان بۆ پەردەپۆشكردن بەلێدوان و راگەیاندن ناڕاستەوخۆ وەلامیان دایەوە بەوەی رایانگەیاند كە لیستی كاندیدانیان ئامادەكردووەو لەگەل دواخستندا نین، بەڵام پێشكەش نەكردنی كاندید لەلایە لیست و قەوارە سەرەكیەكانەوە و هەڵوێستی ئەمڕۆی كۆمسیۆن ئەو گومانەی پشتڕاستكردەوە بەوەی كە بۆ جاری دووەم وادەی پێشكەشكردنی لیستی كاندیدانی درێژ كردەوە.
ئەوەی لەم رەوشەدا تیبینی دەكرێت ئەوەیە:
1-لایەنە سیاسیەكان راستگۆنین لەگەل ئەو پەیامانەی لە راگەیاندنەكان بەخەڵكی كوردستانی دەدەن و دوای ئەوەی دوو جاریش وادە دانرا بۆ پێشكەش كردنی لیستی كاندیدان، سەرەتا لە (7 تا 14/7/2018) و دووەم جار لە (14 تا 25/7/2018) كە ئەمرۆ دووا وادە بوو كەچی لە (31) قەوارە تەنها (5)یان لیستی كاندیدانیان پێشكەشكردووە كە هیچ كامیان لە هێزە سەرەكیەكان نین و هەر بۆیە ئەمرۆ جارێكی تر بۆ رۆژی 29/7/2018 درێژكرایەوە.
2-كۆمسیۆنی هەلبژاردن و راپرسی نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركی یاسایی خۆی هەڵسێ، لە بری ئەوەی یاسا جێبەجێ‌ بكات و كاتێك قەوارەكان بەدەنگ داواكارییەكانیەوە نەچوون و لیستی كاندیدانیان پێشكەش نەكرد، كۆمسیۆن دەبوایە رای گشتی ئاگادار بكاتەوەو فشار بكات تا لایەنەكان پەیوەست بن بە یاساو بڕیارەكانەوە، كەچی سێ رۆژ پێش تەواو بوونی وادەكە كۆمسیۆن رایانگەیاند كە ماوەكە درێژ دەكەنەوە و ئەمرۆش لانی كەم دەبوایە تا تەواوبوونی وادەكە كە كاتژمێر (3)ی ئێوارەیە چاوەرێیان بكردایە نەك كاتژمێر 10 ی بەیانی لەسر داوای لایەنە سیاسیەكان بریاری درێژكردنەوەی بدەن!
3-دووبارە جەخت لە یاداشتی پێشوومان دەكەینەوە كە لە (21/7/2018) بلاومان كردەوەو هۆشداری ئەوەماندا كە لایەنە سەرەكیەكان لەهەوڵی دواخستنی هەلبژاردندان.
دیسانەوە رای گشتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و كۆمەلانی خەلك ئاگادار دەكەینەوە كە دواخستنی هەلبژاردنەكان هەولێكی مەترسیدارە، درێژەدانە بەو ڕەوشە نالەبارەی خەلكی كوردستانی تێكەوتووە، درێژەدانە بە تەمەنی پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو و تەمەنی حكومەتێك كە كۆلێك قەیرانی ئالاندۆتە گەردنی خەڵكی كوردستانەوە. لێرەشەوە لەئەگەری دوواكەوتنی هەلبژاردن مافی هیچ هێز و لایەنێكی سیاسی نیە كە كەمتەرخەمن لە ئەنجامدنی هەڵبژاردن و لەهەوڵدان بۆ دواخستنی، رەخنە لەو حكومەت و دەسەلاتە شكستخواردووە بگرن كە بووەەتە مایەی نەهامەتی بۆ خەڵکی كوردستان. هەر بۆیە رووبەرووبوونەوەی ئەم جۆرە هەوڵانەو دروستكردنی فشار لەسەریان ئەركی سەر شانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆشنبیران و هەموو خەڵکی كوردستانە.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
25/7/2018