logopay.jpg

بەیاسایی كردنی پاشەكەوتی موچە لەنێوان حكومەت و پەرلەماندا

Jun 13, 2018  |   هەواڵەکانی پەی 

زیاد لە دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی دروستكراوی داراییەوە، گوایە ئابووری سەربەخۆ بنیات دەنێن، بەبێ ئەوەی هیچ ئامادەكارییەكیان بۆ كردبێت و لەئەگەری رووبەرووبوونەوەی قەیران و رێگریی دەوڵەتی عیراقدا هیچ پلانێكی تریان دانابێت، هەرێمی كوردستانیان خستە گێژاوێكەوە كە ئەوەتا خەڵك باجەكەی دەدات، بەبیانوی دابەزینی نرخی نەوتەوە سیستەمی پاشەكەوتی موچەیان داهێنا، دوور لەهەموو یاساو نەریتێك مانگانە و جاری هەبووە بە دوومانگ جارێك فەرمانبەران چارەكە موچەیەكیان وەرگرتووە. ئێستا كە نرخی نەوتیش بەرز بۆتەوەو خەریكە لە دەگاتەوە ئاستی بەرلەقەیران، كەچی حكومەت بەردەوامە لەسەر سیستەمەكەی كە بڕینی موچەی فەرمانبەرانە. بەرلەوەی پەرلەمانی داخراو دەست بە كۆبوونەوەكانی بكاتەوە، سەرجەم فراكسیۆنەكان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئەگەر پەرلەمان بكەوێتەوە كار یەكەم هەنگاویان هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەكەوت و گێڕانەوەی موچەی شایستەی موچەخۆران دەبێت، و دەیان بەیاننامە و لێدوانیان لەم بارەیەوە بڵاو كردەوە.
حكومەتیش بۆ چارەسەر كردنی ئەم گرفتە، بەناوی چاكسازییەوە حكومەت پرۆژەیاسایەكی بۆ پەرلەمان نارد و هەر ئەوكاتە لەرێگەی وەزیری دارایی و وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند كە بەدەركردنی ئەم یاسایە پاشەكەوتی موچە لادەبەن، دووای ئەوەی پەرلەمان دەستی بە كۆبوونەوەكانی كردەوە، حكومەت ئەوەندە پەلە بوو لەپەسەندكردنی چاوەڕێی پەرلەمانی نەدەكرد و رایگەیاند كە لە (1/1/2018) ئەم یاسایە دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە! سەرباری ئەوەی دەیان كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان لەسەر ئەم پرۆژەیە كراو راپۆرتی (6) لیژنەی لەسەر نوسرا، لە رۆژی (27/2/2018)دا یاساكە پەسەند كرا. بەلام دواتر لەئەنجامی فشاری شەقامەوە (كە تەنها دژ بە موچەی پلەباڵاكان بوو) بەناچاری لە (4/3/2017) یاساكە رەتكرایەوە. دوای رەتكردنەوەی پێویست بوو لە زووترین كاتدا پەرلەمان كۆبوونەوەی نائاسایی بكات و دوای هەمواری ئەو مادەو بڕگانەی ناڕەزاییان لەسەر بوو پەسەندی بكاتەوە، كەچی نەك ئەوەی نەكرد بەڵكو پشووی وەرگرت و شاندی سەرۆكایەتی لەوكاتەدا چوون بۆ ئەوروپا، لەوەش زیاتر، جگە لە دوو مانگی پشو، ئێستا نزیكەی مانگێك و نیوێكیشە پشوو تەواو بووەو خولی گرێدان دەستی پێكردۆتەوە، كەچی پەرلەمان نەیتوانیوە هیچ كۆبوونەوەیەك بكات.

بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی هەنگاوەكانی پەسەند كردنی یاساكە، لە رۆژی (20/5/2018) بریار بوو لیژنەكانی یاسایی و دارایی بەمەبەستی نوسینی راپۆرت لەسەر پرۆژەكە كۆببنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەی یاسایی ئەندامان ئامادە نەبوو كۆبوونەوەكە نەكرا و هەمان كات كۆبوونەوەی پەرلەمانیش كە بانگهێشتیشی بۆ كرابوو دواخرا.

لەرۆژی (4/6/2018) دووبارە لیژنەكانی یاسایی و دارایی كۆبوونەوەو راپۆرتیان نوسی و پرۆژەكە ئامادەبوو بۆ گفتوگۆكردن، بەلام لەبەر ئەوەی ناوەرۆكی راپۆرتەكە بەدڵی حكومەت نەبوو هەڵوەشێنرایەوەو ئەندامانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە لیژنەكان لێی پاشگەز كرانەوە.

لەرۆژی (11/6/2018) سێ بارە لیژنەكان كۆبوونەوە، راپۆرتیان نوسیەوە، بەپێی بانگهێشتی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیار بوو كە رۆژی (12/6/2018) دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی. سەرباری ئەوەی راپۆرتی نوسراوی لیژنەكان ئەمجارە زیاتر لەخزمەتی خەڵك و فەرمانبەران نوسرابوو، هیچ دەرماڵەیەك لەفەرمانبەران نەبڕابوو، كەمترین موچەی خانەنشینی هەرێم لەگەڵا خانەنشینانی عێراق هاوتا كرابوو بۆ (400.000) چوارسەد هەزار دینار، بەمادەیەك حكومەت مولزەم كرابوو كە پاشەكەوتی موچە هەڵوەشێنێتەوە، هەروەها زۆرینەی فراكسیۆنەكان لەسەر موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان (كە گوایە كێشەی سەرەكی لەسەر ئەمە بوو) دوای كەمكردنەوەی (بە بوونی تێبینیشەوە لەسەری) گەیشتنە جۆرێك لە رێكەوتن، بەڵام وەك دەركەوت گرفتی حكومەت لەسەر بڕینی دەرماڵەكان بوو نەك موچەی پلە باڵاكان، هەر بۆیە رەزامەند نەبوو و ئامادە نەبوو وەزیری پەیوەندیدار بنێرێتە كۆبوونەوەی پەرلەمانەوە، ئەمەش لاوازیی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەرخست لە بەرامبەر حكومەتدا، لەژێر فشاری حكومەتدا سەرۆكایەتی پەرلەمان كەوتەوە پاشەكشەو بۆ جارێكی تر وادەی كۆبوونەوەكەی هەڵوەشاندەوەو بۆكاتێكی نادیاری دواخست و نەیتوانی بڕیار بدات و سەربەخۆیی خۆی وەك دەسەڵاتێكی جیاواز لە حكومەت پیشان بدات و پیادەی دەسەڵاتەكانی خۆی بكات. هەرچەندە بڕیار بوو بەپێی ئەم پرۆژەیە پاشەكەوتی موچە هەڵگیرێت، كەچی حكومەت چاوەڕێی پەرلەمان و دەركردنی یاساكەی نەكرد، هەر دووای رەتكردنەوەی یاساكە بە بڕیارێكی تاك لایەنە بڕێكی كەمی لەپاشەكەوتی موچە هەڵگرت. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە نە پەیوەستە بە بڕیار و راوێژی پەرلەمان و نە بە پرۆژەی چاكسازیشەوە كە زۆر جار وەك بیانوو باسی لێوە دەكەن. چونكە بەپێی زانیارییەكان حكومەت نەك ئامادە نیە پاشەكەوتی موچە لابەرێت بەلكو دەیەوێت لەڕێگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە پاشەكەوتەكە بەیاسایی بكات و پەرلەمان بەخواستی ئەوان یاساكە دەربكەن و هەر پەرلەمانیش باجی هەڵەكانی حكومەت بدات، بۆیە حكومەت بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی راگەیاندووە:

ئەگەر ئێوە دەرماڵەكان نەبڕن ئێمە ناتوانین سیستەمی پاشەكەوت لاببەین!

پرۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی سەرباری ئەوە تێبینیانەی لەسەریەتی،بەلام لەلایەن لیژنەكانی پەرلەمانەوە لەكاتی نوسینەوەی راپۆرتدا چەند بڕگەو مادەیەكی بۆ زیادكراوە یاخود لێی لادراوە كە خزمەتی پرۆَۆژەكە دەكات، وەك (هاوتاكردنی كەمترین موچەی خانەنشینی بۆ 400 هەزار دینار، لابردنی ئەو مادەیەی باس لە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران دەكات، ئیلزام كردنی حكومەت لە مادەیەكدا كە پاشەكەوتی موچە هەڵوەشێنێتەوە، كەمكردنەوەی خانەنشینی پلە بالاكان).

بەلام حكومەت لەسەر ئەمانە رەزامەند نیە، قبوڵی نیە موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵا عێراق هاوتا بكرێت، هەمانكات دەیەوێت لەڕێگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە سیستەمی پاشەكەوت درێژە پێ بدات و لەژێر چەتری یاسای چاكسازی لەلایەن پەرلەمانەوە بەیاسایی بكات و شەرعیەت بەو نادادی و كارە نایاساییەی بدات و بیچەسپێنێ‌.

ئێمە وەك ئینستتیۆتی پەی كە پرۆژەی چاودێری كارەكانی پەرلەمان ئەنجام دەدەین، نزیكەی سالێك لەمەوبەر دركمان بەو مەترسیە كردبوو و هەر ئەو كاتە لە دوو یادداشتی جیاوازدا هۆشداریمان دابوو بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران و رای گشتیمان لەو مەترسیە ئاگادار كردبوویەوە كە دەسەلات دەیەوێت لەرێگەی پەرلەمانەوە بڕینی موچەو سیستەمی بەناو پاشەكەوت بەیاسایی بكات.

وێرای دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانەی فشاری دەسەلات كاری تێنەكردن كە سازش لەسەر قوتی خەڵك بكەن، پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی تریش پابەند بن بە بڕیار و راپۆرتەكانی خۆیانەوەو رێز لە واژۆ و راگەیەنراو و دانانی وادەی كۆبوونەوەكانیان بگرن، وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ و بەرزترین دامەزراوەی شەرعیی هەرێم لەزووترین كاتدا كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدەن و یاساكە پەسەند بكەن و عەدالەتی كۆمەڵایەتی لەدانانی موچەی پلەباڵاكان و فەرمانبەرانی ئاساییدا رەچاو بكەن و ئەم یارییە قێزەونە كۆتایی پێ بێنن، نەك وەك پاشكۆی حكومەت بناسرێن!

لەسەر حكومەتیش پێویستە ئەگەر هەر تێبینیەكی كارگێڕی و دارایی و یاسایی هەبێت، وەك ئەتەكێتی پەرلەمانی نوێنەری بنێرێتە پەرلەمان و لەهۆڵی كۆبوونەوەدا راشكاوانە دەری ببڕێت، نەك وەك ئێستا كە دوور لەهەموو عورف و عادەت و یاسایەك رای خۆی بەسەر پەرلەمان و پەرلەمانتاراندا سەپاندووە.

 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

13/6/2018

تێبینی: ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی ژمارە (12)ی چاودێری و هەلسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمان كە ئەنستتیۆتی پەی بەهاوكاری رێكخراوە (NED)ی ئەمەریكی لەچوارچێوەی پرۆژەیەكدا وەرزانە بڵاوی دەكاتەوە.