Nawa.jpg

پێنج ساڵە حكومەتی هەرێم ژمارەی خەرجییەكانی بۆ پەرلەمان نەناردووە

Apr 2, 2018  |   هەواڵەکانی پەی 

نەوا–سەعید عەبدوڵڵا–هەولێر
سەرباری ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە ئاستی كۆبوونەوە و دەركردنی یاساكان رەخنەی لێدەگێرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ساڵی 2012وە تا ساڵی 2017 ئەژماری كۆتایی خەرجییەكانی بۆ پەرلەمان نە ناردووە.
رۆژی 2-4-2018 ئینیستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری پەرلەمانی كوردستان راپۆرتی ژمارە 11ی خۆی لەسەر بەڕێوەچوونی خولی پاییزەی پەرلەمان بڵاوكردەوە. 
بابان جەعفەر بەڕێوەبەری پرۆژەكانی ئینیستیوتی پەی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: خولی پاییزەی پەرلەمانی كوردستان لە رێكەوتی 6ی تشرینی دووەمی 2017 تاوەكو 6ی ئاداری 2018 دەستی پێكرد، هەرچەندە دەبوو لە 6-11-2017 ئەم خولی پەرلەمانە كۆتایی بهاتایەو شوێنی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان چۆڵ بكردایە، بەڵام خواستی حزبە باڵا دەستەكان و بێدەنگی لایەنەكانی تر ئەوە بوو كە ساڵێكی تری لەتەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژ كردەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پەرلەمانی كوردستان لەم خولەی پاییزەی كۆبونەوەكانی لە 15-11-2017 تاوەكو 27-2-2018 ئەنجامداوە و كۆی گشتی كۆبونەوەكانی بریتی بوە لە 13 كۆبونەوە، كە تەنها 6 یاسای پەسەندكردووە و لەكۆی 97 بڕگەی كاریش لەماوەی ئەم كۆبوونەوانە 34 بڕگە وەك خۆی جێبەجێكراوە و 63 بڕگەش دواخراوە، لەهەمان كاتیشدا پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ 30 پرۆژە یاسا كردوە لەگەل ئەنجامدانی سێ گفتوگۆی كراوە بۆ هەریەكە لەبابەتەكانی بارودۆخی عەفرین و رەوانەكردنی شاند بۆ عەفرین و خوێندنەوەی راپۆرت لەسەر رەوشی ئەو شارە، گوزەرانی ئاوارەكان و رەوشی خورماتوو.
هەروەها باسی لەوەشكرد، 22 لیژنەكەی پەرلەمان تەنها 110 كۆبونەوەیان لەم خولە ئەنجامداوە و كە زۆرترین كۆبونەوە لیژنەی كاروباری یاسایی بووە كە 16 كۆبونەوەی ئەنجامداوە و هەریەكە لەلیژنەكانی وەرزش و لاوان یەك كۆبوونەوە و لیژنەكانی ناوچە كوردستانیەكان و رۆشنبیری و ئەوقاف و لیژنەی پەیوەندییەكان و كاروباری رەوەندی كوردی هەریەكە 2 كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە. لەبارەی چاودێریكردنی حكومەتیش لەم خولەدا سەروەر عبدالرحمن سەرۆكی ئەنیستوتی پەی لە پرێس كۆنفرانسەكەدا وتی: "تەنها چەند كۆبونەوەیەك لەنێوان حكومەت و پەرلەمان بەرێوەچووە و پەرلەمان لەپرۆسەی چاودێریكردنی حكومەتدا هیچ چالاكییەكی نەبووەو نەیتوانیوە بە ئەركی خۆی هەڵبستێت، لەهەمان كاتدا لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئەم خولەی پەرلەمان بودجەی هیچكام لە ساڵەكانی (2014، 2015، 2016، 2017، 2018)ی پەسەند نەكردووە، ئەوەشی هەبووە حكومەت بەئارەزووی خۆی دابەش و تەخشان و پەخشانی كردووەو بەبێ ئەوەی هیچ چاودێرییەكی بەسەرەوە بێت، هەر بۆیە (حیساباتی كۆتایی) هیچ كام لە ساڵەكانی (2012 تاوەكو 2017)ی تا ئێستا نەناردووە بۆ پەرلەمان و كەس نازانێت ئەو بودجەیە چۆن دابەش و خەرجكراوە، بۆیە پەرلەمان هیچ رۆڵێكی نەبووە.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.radionawa.com/ku/all-detail.aspx?jimare=2845