Xandan.jpg

ئەنیستیتیۆتی پەی وردەکاری ٩٠٠ھەزار ناوی ساختەو دووبارەی لەتۆماری دەنگدەران خستەروو

Jan 7, 2018  |   هەواڵەکانی پەی 

خەندان – کاروان مەسعود 

سەروەر عەبدولرەحمان سەرۆکی ئەنیستیتیۆتی پەی، بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار ناوی ساختە و دووبارە لە تۆماری ناوی دەنگدەران ھەیە .

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە تیایدا راپۆرتێک لەبارەی تۆماری ناوی دەنگدەران "لە نێوان بێگەردی و ساختەکاریدا" خرایەڕوو ، سەروەر عەبدولرەحمان رایگەیاند، تا ئێستا تۆمارێکی ناوی دەنگدەرانی فەرمی نیە ، ئەوەی ھەیە لە حکومەتی عێراقی وەرگیراوە و ژمارەیەک کێشەی تیادایە لەوانە یاسایی و بونی ناوی مردوان و ناوی دووبارە و ناوی ئاوارەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و جیانەکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی گشتی و تایبەت .

وتیشی "ئەگەر بمانەوێت ھەڵبژاردنێکی بێگەردو بێ خەوش ئەنجامبدەین پێویستە تۆماری ناوی دەنگدەران پاکبکرێتەوە لەو کێشانەی لەتۆماری ناوی دەنگدەران ھەیە، چارەسەر بکرێن و تۆمارێکی بێخەوش ئامادە بکرێت".

لە راپۆرتەکەدا کێشەکانی تۆماری ناوی دەنگدەران خرانەڕوو کەبەپێی بەدواداچونی ئەنستیوتی پەی ئامادەکراوە، بەپێی راپۆرتەکە کێشەکان بریتین لە ١٨٤ ھەزار ناوی دووبارەی دەنگدەرانی تایبەت کە دووبارە ناویان ھەیە ، دووبارەبونەوەی نێو خودی ھەرێم ١٠٠ ھەزار ، ناوی دەنگدەرانی پارچەکانی تری کوردستان لە تۆماری ناوی دەنگدەران ژمارەی ورد دەست نەکەوتوە.

دووبارە بوونەوەی دەنگەکان لە نێوان ھەرێم و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بریتین لە ٩٤ ھەزار و ٥٦٧دەنگ،، ژمارەی مردووان ٢١٨ ھەزار و ٩٥٦ ناون ، لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٠ کە تەمەنیان لە وادەی ھەڵبژاردن نەگەیشتووەتە ١٨ ساڵ ٢٧٥ ھەزار و ٤٢٣ ناون ، کۆی گشتی ئەو ناوانە بریتین لە ٩٣٢ ھەزار و ٩٥٥ ناو.

 لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=40174&babet=1&relat=1024