Xandan.jpg

کۆمسیۆن: ھەرژمارەیەک لەسەر ناوی ساختەی تۆماری دەنگدەران بڵاوبکرێتەوە لێی بەرپرس نین

Jan 7, 2018  |   هەواڵەکانی پەی 

خەندان-خۆزگە عزیز

بەڕێوەبەری گشتی داتای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامن لە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران ھاوکات ئەو ژمارانە رەتدەکاتەوە کە باس لە ناوی ساختەو دووبارە دەکەن.

کاروان جەلال، وتیشی، بە پێی ئەو داتایانەی کە لە وەزارەتی تەندروستی دەستیان کەوتووە، ھەندێک لە داتاکانیان بە ئەليکترۆنی کردووە،"لەمەودوا بەراوردیان دەکەین بەو داتایانەی کە لامانن، چونکە ئێمە ناوی دەنگدەرانمان بەشێوەیەکی فەرمی لە عێراق وەرگرتووە لە ٢٥-٥-٢٠١٧".

ئەوەشی خستەڕوو، لیستەکان بەروارد دەکەن"بزانین چەند ئەو ناوانە بوونیان ھەیە، چونکە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو ئەو کەسانەی لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا بوونیان ھەبووە ناوى خانەوادەکەی پێشکەش کۆمسیۆن کردووە".

بەڕێوەبەری گشتی داتای کۆمسیۆن، دەڵێت، پرۆژەکە ئاستێکی باشى بڕیوەو"ھیچ گرفتێک نەھاتووەتە پێش بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی دامان نابوو ڕۆیشتووە، لەماوەیەکی نزیکدا تەواودەبێت و دەیدەینە ئەنجومەنی کۆمسیاران گفتوگۆی لەسەر دەکەین و ڕایدەگەیەنین".

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا سەرجەم وەزارەتەکان ھاوکاربوون بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی وداواشیان لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کردووە کە فۆڕمی خۆراکیان پێبدەن. "چونکە ئەوانەی کۆچی دوايی دەکەن لەناو فۆڕمی خۆراک دەسڕێنەوە، لەتۆماری دەنگدەراندا نامێنن".

"تاکۆمسیۆن ژمارەکە ڕانەگەیەنێت ئێمە لێی بەرپرسیارنین و ھەرداتاو زانیاریيەکیش بڵاوبکرێتەوە سەبارەت بەو پرسە، کۆمسیۆن لێێ بەرپرس نییە ،ھەر ژمارەیەکیش ڕابگەیەنرێت تا لای کۆمسیۆن پشت راست نەکرێتەوە باوەڕپێکراو نییە" کاروان جەلال وای وت. 

ئەوە لەکاتێکدایە، سەروەر عەبدولرەحمان سەرۆکی ئەنیستیتیۆتی پەی، بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار ناوی ساختە و دووبارە لە تۆماری ناوی دەنگدەران ھەیە .

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە تیایدا راپۆرتێک لەبارەی تۆماری ناوی دەنگدەران "لە نێوان بێگەردی و ساختەکاریدا" خرایەڕوو ، سەروەر عەبدولرەحمان ئەمڕۆ رایگەیاند، تا ئێستا تۆمارێکی ناوی دەنگدەرانی فەرمی نیە ، ئەوەی ھەیە لە حکومەتی عێراقی وەرگیراوە و ژمارەیەک کێشەی تیادایە لەوانە یاسایی و بونی ناوی مردوان و ناوی دووبارە و ناوی ئاوارەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و جیانەکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی گشتی و تایبەت .

وتیشی "ئەگەر بمانەوێت ھەڵبژاردنێکی بێگەردو بێ خەوش ئەنجامبدەین پێویستە تۆماری ناوی دەنگدەران پاکبکرێتەوە لەو کێشانەی لەتۆماری ناوی دەنگدەران ھەیە، چارەسەر بکرێن و تۆمارێکی بێخەوش ئامادە بکرێت".

لە راپۆرتەکەدا کێشەکانی تۆماری ناوی دەنگدەران خرانەڕوو کەبەپێی بەدواداچونی ئەنستیوتی پەی ئامادەکراوە، بەپێی راپۆرتەکە کێشەکان بریتین لە ١٨٤ ھەزار ناوی دووبارەی دەنگدەرانی تایبەت کە دووبارە ناویان ھەیە ، دووبارەبونەوەی نێو خودی ھەرێم ١٠٠ ھەزار ، ناوی دەنگدەرانی پارچەکانی تری کوردستان لە تۆماری ناوی دەنگدەران ژمارەی ورد دەست نەکەوتوە.

دووبارە بوونەوەی دەنگەکان لە نێوان ھەرێم و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بریتین لە ٩٤ ھەزار و ٥٦٧دەنگ،، ژمارەی مردووان ٢١٨ ھەزار و ٩٥٦ ناون ، لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٠ کە تەمەنیان لە وادەی ھەڵبژاردن نەگەیشتووەتە ١٨ ساڵ ٢٧٥ ھەزار و ٤٢٣ ناون ، کۆی گشتی ئەو ناوانە بریتین لە ٩٣٢ ھەزار و ٩٥٥ ناو.

 لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=40180&babet=1&relat=1024&__cf_chl_jschl_tk__=pmd_ptKDrCUPODwIF.sfGnOT5oyA0ciHNYYA1SsuJ3qWOCc-1630497896-0-gqNtZGzNAhCjcnBszQoR