HELBJARDN.jpg

هەڵمەتێكی بەپەلە لەپێناو هەڵبژاردنێكی بێگەرد

Dec 28, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

كۆمه‌ڵێک لە رێكخراوە مه‌ده‌نییەکان كه‌مپینێكیان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك راگه‌یاندن و داوا ده‌كه‌ن، رێكاره‌كان ده‌ست پێ‌ بكات، ئه‌مه‌ ده‌قی یاداشته‌كه‌ و ناوی رێكخراوه‌كانه‌

هەڵمەتێكی بەپەلە لەپێناو هەڵبژاردنێكی بێگەرد

بەڕێزان:
-سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
-سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
-كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی
-گشت لایەنە سیاسیەكانی كوردستان

لەسایەی دەسەڵاتی حزبە حوكمڕانەكانەوە، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانگەلێكی سیاسی و یاسایی و دارایی و كارگێڕی سەخت بۆتەوە، پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسیەكان ئاڵۆزی تێكەوتووە، دامودەزگا گشتیەكان پەكیان كەوتووە، پێشێلكارییەكی یاسایی زۆر دەكرێت، پرۆژەكان وەستاون، ماوەی سێ ساڵە بە نایاسایی موچەی فەرمانبەران بۆ چارەكێك كەمبۆتەوەو مانگانە لەكاتی خۆیدا ئەوەیشیان پێ نادرێت، هاوڵاتیان بژێویی ژیانیان پێ دابین ناكرێت، ئەمانەو دەیان گرفتی تر بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتووە. ئەمە لەكاتێكدا ئەم دەسەڵاتە تەمەنی پەرلەمانیشی بۆ دوو خولی گرێدان درێژكردەوەو هەڵبژاردنەكانیشی دواخست.
تاكە رێگە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە، لەسایەیدا پەرلەمانێكی هەڵبژێردراوی نوێ بێتە كایەوەو حكومەتێكی شەرعی دروستبكرێت. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەنگی خۆمان یەكخستووەو داواكارین لەپێناو هەڵبژاردنێكی بێگەرددا پێویستە ئەم رێكارانە بگیرێنەبەر:
یەكەم: لەئێستاوە بەچاودێری پەرلەمانی كوردستان رێكارەكانی هەڵبژاردنەكان دەستنیشان بكرێن، ئەمەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەدانیشتنێكی پەرلەماندا ئامادەبن و ئامادەكاری و رێكارەكان دەستنیشان بكەن.
دووەم: ئەگەر بڕیارە یاسای هەڵبژاردنەكان (هەڵبژاردنی پەرلەمان) و (سەرۆكایەتی هەرێم) هەموار بكرێنەوە، پێویستە دەستوبرد لە هەمواركردنەكەدا بكرێت تا كات هەبێت بۆ ئامادەكاریی پێویست.
سێیەم: سەبارەت بە یانزە كورسیی (كۆتاكان)، پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوەو تەنها خودی پێكهاتەكان بۆیان هەبێت دەنگ بەنوێنەری كۆتاكان بدەن، ئەمەش بەوە دەكرێت كە لەتۆماری دەنگدەرانیشدا جیا بكرێنەوە. بۆ ئەوەی پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان.
چوارەم: ئەگەر بكرێت تۆماری دەنگدەران بە (بایۆمەتری)ی عێراق رێكبخرێت. بەمەش تۆمارەكە لەناوی مردووان و دووبارە پاك دەبێتەوە.
پێنجەم: ئەگەر كار بەبایۆمەتری نەكرێت، پێویستە ئەم تۆمارەی ئێستا هەیە پاك بكرێتەوە بە:
1-سڕینەوەی ناوی مردووان.
2-سڕینەوەی ناوی دووبارەی نێو خودی هەرێم.
3-سڕینەوەی ناوی دووبارەی هەرێم لەگەڵ ناوچە دابڕێنراوەكان.
4-سڕینەوەی ناوی كوردانی پارچەكانی تر كە پەنابەرن یا بەهۆكاری تر نوسراون (رۆژئاوا و رۆژهەڵات و باكور).
5-لیستی ناوی دەنگدەرانی تایبەت و گشتی لێك جیابكرێنەوەو دووبارە نەبێتەوە.
6-لەدایكبووانی ساڵی 2000 بەپێی یاسا ناویان لەتۆماری دەنگدەراندا تۆمار بكرێت، كە لەیاساكەدا هاتووە دەلێت: دەنگدەر ئەو كەسەیە كە لە رۆژی هەڵبژاردندا تەمەنی بووبێت بە (18) ساڵ.
شەشەم: بنكەكانی دەنگدان لەفرە وێستگەییەوە بكرێن بەیەك وێستگە، واتە لەبری ئەوەی لەبنكەیەكدا چەند وێستگەیەك لەچەند ژورێكی جیاجیادا هەبێت، هەموو سندوقەكانی بنكەكە لەیەك هۆڵدا دابنرێن، بەمەش بواری ساختەكاری كەمدەكاتەوەو چاودێریی باشتر دەكرێت.
حەوتەم: دەنگدان بە (عەد و فەرز)ی ئەلیكترۆنی بێت، یاخود بە(سمارت سكان) بێت، بەمەش بواری ساختەكاری كەمدەبێتەوە لەكاتی بژاردنی دەنگەكاندا.
هەشتەم: لەنێو كۆمسیۆندا (تالین سەنتەر) باشتر رێكبخرێت و مەرج و ستانداردە نێودەوڵەتیەكانی تیادا رەچاو بكرێت، بۆ ئەوەی لەكۆتایی كۆكردنەوەی دەنگەكاندا ساختەكاری نەكرێت.
نۆیەم:دەنگدەری تایبەت و گشتی لەیەك رۆژدا دەنگ بدەن، بەمەش بوار كەمدەبێتەوە بۆ دەنگدەرانی تایبەت كە لەهەڵبژاردنەكانی پێشوودا دووجار دەنگیانداوە.
دەیەم: هەوڵ بدرێت زۆرترین چاودێری نێودەوڵەتی (بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان) بهێنرێن بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەكان.
یانزەهەم: هەوڵ بدرێت زۆرترین چاودێری كیانە سیاسیەكان ئامادەبكرێن بۆ سەرجەم بنكەو وێستگەكان.
دوانزەهەم: لەئێستاوە ئامادەكاری بكرێت بۆ تۆمار كردنی زۆرترین كەس لە نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی وەك چاودێر لە رۆژی هەڵبژاردندا.
سیانزەهەم: خشتەی كاتی جێبەجیكردنی ئەو رێكارانەی سەرەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، هەروەها بەهەهانگی و هاوكاری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق، و كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت و رێگە نەدرێت و هیچ هێز و لایەنێك بۆی نەبێت یاری بەكاتی دەنگدانەكان بكەن و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان و دوور لە یاسا هەڵبژاردنەكان پێش یا دوای بخەن.
ئەم رێكارانە ئەركی كۆمسیۆنن، داواكارین بەئەركی خۆی هەڵسێت، و هەق نیە رێگە بدرێت ئەم دەزگا گرنگە ئیرادەی حزبەكانی بەسەردا بسەپێنرێت و بەسیاسی بكرێت و ببێت بەدەسكەلای هێزە سیاسیەكان، خۆ ئەگەر ئەم رێكارانە نەگیرێنە بەر، نەهەڵبژاردنێكی پاك ئەنجامدەدرێت و نەنوێنەرانی شەرعیی خەڵك هەڵدەبژێردرێن و نەدۆخی ژیانی خەڵكیش لەمەی ئێستا تێی كەوتووە باشتر دەبێت، لەم دۆخەشدا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێدەنگ نابن. ئەمڕۆ تاكە شت كە ماوە ئومێدی لێ بكرێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە كە تاكە رێگەی چارەسەری سیاسیە، ئەمەش بەیەكڕیزیی خەڵكی كوردستان دەبێت، هەر بۆیە ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی هەرچی رێگەو فشاری مەدەنی هەیە دەیگرینەبەر بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم نەهامەتیە دەربازی بێت و شەرعیەت لەخەڵكەوە بۆ دامودەزگا گشتیەكان بگەڕێتەوەو كۆتایی بە نادادی بهێنرێت.

ناوی رێكخراوەكان:
1-پەیمانگەی پەرەپێدانی یاسایی.
2-رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA).
3-ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپیێدان (PAY).
4- ریكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی.
5- پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان.
6- رێكخراوی گەیاندن بۆ چالاكیە دیموكرسیەكان و مافی مرۆڤ.
7- ریكخراوی رونیا بۆ هوشیاری.
8-تۆڕی لیدەر بۆ پێگەیاندنی سەركردە
9-پەیمانگەی كوردی بۆ دیالۆگ.
10-رێكخراوی جوگرافیای گشتی كوردستان.
11-ئینستتیۆتی برادۆست بۆ گەشەپێدان.
12-رێكخراوی كۆژین بۆ گەشەپێدان
13-رێكخراوی دۆستان لەگەرمیان
14-رێكخراوی فیوچەر
15-رێكخراوی پەرەپێدانی پەروەردەیی
16-رێكخراوی خوشكانی ئیسلامی
17-ناوەندی نیشتمانی بۆ مافی مرۆڤ
18-رێكخراوی ژیانی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و ژنان
19-رێكخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ
20-رێكخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان
21-رێكخراوی هەڵوێست
22-رێكخراوی پایتەختی ئاشتی
23-تۆڕی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لەدەڤەری راپەڕین
24- ئینستتیوتی برادۆست بۆ گەشەپێدان
25-سەنتەری كوردستان بۆ بەهێزكردنی توانای كارگێڕی و بەڕێوەبردن
26-رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
27-رێكخراوی هیوا بۆ هاوكاری منداڵی كەمدەرامەت
28-رێكخراوی چرۆ بۆ گەشەپێدانی منداڵانی نەوجەوانان
29-رێكخراوی ئاورینگ بۆ پێگەیاندنی كچان
30-رێكخراوی ئەزمون
31- رێكخراوی به‌سه‌ (Enough)
32-رێكخراوی دوارۆژ بۆ پێگەیاندنی كچان
33-رێكخراوی گلێنە بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ
34-تۆڕی ستارت
35-رێكخراوی سەروەریی هەلەبجە
36-تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە
37- رێکخرای دیمەن بۆ پرسە کۆمەڵایەتیەکان
38- رێکخراوی سکاڵا بۆ پرسەکانی ئافرەت
39- ڕێکخراوی ماڵی سەرکەوتن بۆگەشەپێدانی تواناکان
40 سەنتەری پەرەرپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)
41- ریكخراوی ئاران بۆ په‌ره‌بیدانی كلتوری مه‌ده‌نی
42- ریكخراوی‌ پێكه‌وه‌ ژیان نوێ‌