lyburdnigsjty.jpg

یاداشتی رێكخراوەكان لەسەر گرفتی پرۆژە یاسایی لێبوردنی گشتی

Dec 15, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكانی كرد سەبارەت بە كەلینەكانی ناو پرۆژە یاسایی لێبوردنی گشتی.
رۆژی (14/12/2017) رێكخراوی ئاسودەو رێكخراوی تاكۆ بەهەماهەنگی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بەبەشداری لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و دەستەی دەستپاكی، لەشاری سلێمانی پنێڵكیان رێكخست و لەكۆتاشدا یاداشتێكیان ئاراستەی پەرلەمان كرد، كە ئەمەدەقەكەیەتی :
بەرێز/ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
بەڕێزان لە/ لیژنەی مافی مرۆڤ   لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی
بابەت/ یاداشت- سەبارەت لەیاسای لێبوردنی گشتی
بەڕێزان وەك ئاشكرایە پەرەلمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ یاسای لێبوردنی گشتی لەهەرێمی كوردستان كردووەو بڕیارە رۆژی یەك شەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساكە بكرێت وتێبپەڕێنرێت، ئەگەرچی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان راپۆرت وراوسەرنجەكانی خۆیانیان لەوبارەیەوە پێشكەشكردووەو بەهۆیەوە یاساكە 14 بڕگەی تاوانی وەك بەدەر تێدا ناسێنراوە، بەڵام هێشتا ئەو بەدەرانە جێگەی قسەكردنن و پێویستە یاساكە بە شێوەیەك بێت، كە سەرباری بارودۆخی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان وحكومەتی هەرێمیش، ناكرێت پاساوی قەیران و زۆر بابەتی دیكە، بكرێتە فاكتەر بۆ ئەوەی یاسای لێبوردنی گشتی بە بێ‌ بوونی زەمانەتێكی حەتمی، بۆ پاراستنی كۆی هاووڵاتیان لەدەرئەنجام لێكەوتەكانی بەباشی هەڵ نەسەنگێنرێت.
ئێمە دەمانەوێت ئەوەتان پێڕابگەیەنین، كە لەبەرواری 14/12/2017، لە پانێلێكی تایبەتدا، كە رێكخراوی ئاسودەو رێكخراوی تاكۆ بەهەماهەنگی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بەبەشداری لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و دەستەی دەستپاكی و كۆمەڵناس وئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی كوردستان وبەغداو نوێنەری زۆرێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نووسەران و رۆشنبیران و چالاكانی بواری مافەكانی ژنان و بەرپرسی دامودەزگا حكومییە پەیوەندیدارەكان سازیان كردبوو، پرۆژە یاساكە خرایە بەرباس وگفتوگۆی جددییەوە، بەو مەبەستەی كۆی گفتوگۆكە بكرێتە یاداشتێك و پێشكەش بە ئێوەی بەڕێز بكرێت، ئەگەرچی درەنگ وەختەش بێت، بەڵام گرنگە رای ئەو كەسانەش وەربگیرێت، كە دەیانەوێت یاساكانی هەرێمی كوردستان باشترین خزمەت بەهاووڵاتیان بكات و زیان لە بەرژوەندی وئاسایش و ئارامی خەڵكی نەگەیەنێت.
ئەمە سەرباری ئەوەی كە بەشێكی زۆری ئامادەبووان و تەنانەت هاووڵاتیانیش لەسەر دەركردن و قسەكردن لەسەر دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتی بەكارێكی خراپ دەزانن و بە زیانی دەزانن لەسەر سەروەری یاساو بەرژەوەندی كۆمەڵگە…

لەم سۆنگەیەوە داوا لە بەرێزتان دەكەین:
1.    یاسای لێبوردنی گشتی تێكەڵ بە ململانێی حزبی و سیاسی نەكرێت، یان بەمانایەكی تر مەبەست لەدەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی، مەبەستی حزبی نەبێت و بۆ بانگەشەی حزبی بەكار نەهێنرێت.
2.    بە روونی و بێ‌ پێچو پەنا لەو بەدەرانەی كە لە یاساكەدا دیاریكراون، تاوانبارانی كوشتنی ژنان بێ‌ هیچ پاڵپشتی و پاساوهێنانەوەیەك، لێبوردنی گشتی نەیگرێتەوە.
3.    دیراسەو لێكۆڵینەوەی زیاتر بكرێت لەو پرۆژەیاسایە، بۆ ئەوەی دەركردن وپەسەندكردنی یاساكە نەبێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە.
4.    قەیرانی ئابووری حكومەت و فشاری زۆری دادگاكان نەكرێتە پاساوو هۆكار بۆ خێرا تێپەڕكردنی ئەم یاسایە،چونكە وەك هەمووتان لاتان ئاشكرایە یاسای لێبوردنی گشتی پەیوەندی بە كۆی كۆمەڵگەوە هەیەو ناكرێت ئەم لێبوردنە سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستان زیاتر بخاتە ژێر پرسیارەوە.
5.     لەپاش دیراسەكردنی تەواوی پرۆژە یاساكە، پێویستە زەمانەتی تەواوەتی هەبێت، كە ئەو بەدەرانەی لەو یاسایەدا دیاریكراون، هەڵاوێردی پاش دەرچوونی یاساكە دروست نەكرێت بە پاساوو بیناوی جیاجیاوە، كە بۆ ئەمەش پێویستە پەرلەمانی كوردستان چاودێری زیاتری جێ‌ بەجێكردنی ئەم یاسایە بكات..

-رێكخراوی ئاسوودە
-رێكخراوی تاكۆ
– ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان
– ئەنیستوتی پەی
– رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان

 

 

lyburdnigsjty.jpg1

 

lyburdnigsjty.jpg2