30102017.jpg

دیسانەوە… شكۆی پەرلەمان شكێنرا

Oct 30, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

كاتژمێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، 29/10/2017، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاساییی خولی پایزە، ساڵی چوارەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا. سەرەتای دانیشتنەكەش لەسەر پێشنیاری جەعفەر ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بە دەنگدانی زۆرینەی پەرلەمانتاران بڕیار درا دانیشتنەكە بە شێوەی داخراو بەڕێوە بچێت. لەو كۆبوونەوەیەدا نامەی (مسعود بارزانی) بەناوی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كە ئاراستەی پەرلەمانی كردیوو خوێندرایەوە، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای (دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دامەزراوە گشتییەكانی هەرێم) كرا و دواتر لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بۆ یەك سەعات دانیشتنەكە هەڵپەسێردرا، تاوەكو لیژنەی یاسایی دوا دارشتنەوە بۆ پرۆژە یاساكە بكات. پاشان پرۆژە یاسای (دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دامەزراوە گشتییەكانی هەرێم)، بەپێی راسپاردەكانی لیژنەی یاسایی خرایەروو، كە لە پێنج ماددە پێكهاتبوو، كە تێیدا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەپێی تایبەتمەندی دامودەزگا گشتییەكانی هەرێم، بەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری دابەشكران. دوای گفتوگۆكردنی برگەو ماددەكانی پرۆژەكە بەجیا، كۆی پرۆژە یاساكە خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا. دوا خالیش تایبەتبوو بە دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار (گۆران ئازاد محمد) لەئەندامیەتی پەرلەمان و بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندكرا. ئەوەی تێبینی كرا لەم كۆبوونەوەیەدا كۆمەڵێك پێشێلكاری كرا:

1-بەرنامەی كار كە پێویستە (48) سەعات بەر لە كۆبوونەوەكە رابگەیەنرێت و بەدەست ئەندامان بگات، بەلام تا ساتی كۆبوونەوەكە بەرنامەی كار ئاشكرا نەكرابوو.

2-هیچ بیانوێك نەبوو كە كۆبوونەوەكە داخراو بێت، بەلام لەسەر پێشنیاری سەرۆكایەتی پەرلەمان و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پارتی و یەكێتی و هاوپەیمانەكانیان كۆبوونەوەكە داخرا و دوور لەچاوی میدیاكان ئەنجامدرا.

3-پەلەپروزێیەكی زۆر بە كۆبوونەوەكەوە دیار بوو، لەماوەی چەند كاتژێرێكدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاساكە كراو راپۆرتی لیژنەی یاسایی نوسراو پەسەندیش كرا.

4-لەدابەشكردنی دەسەلاتەكاندا ناهاوسەنگی هەیەو زیاتر هەولیاندا دەسەلاتەكانی سەرۆكی هەرێم بدرێت بە سەرۆكی حكومەت.

جگە لەهەموو ئەمانە لە رۆژی كۆبوونەوەكەدا پەرلەمان لەگەشێكی نائارامدا بوو و بارگرژییەكی زۆر بالی بەسەر پەرلەماندا كێشابوو، لەگەل سەرەتای دەستپێكردنی كۆبوونەوەكەدا كاتێك پەرلەمانتار (رابوون مەعروف) لە پرێس كۆنفرانسێكدا لێدووانی بۆ رۆژنامەنوسان دەدا، بەبەر چاوی كامیراكانەوە راستەوخۆ لەلایەن چەند كەسێكەوە كە بەناوی رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنیەوە هاتبوونە نێو پەرلەمانەوە پەلامار دراو رێگەی پێنەدرا قسەكانی تەواو بكات. لەماوەكانی دواتریشدا بەر لە تەواو بوونی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كەسانێك بەناوی خۆپیشاندانەوە هێنرابوونە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، هەرچەندە ژمارەی خۆپیشاندەران كەم بوو و لە (100) كەس تێپەڕی نەدەكرد، بەلام بارێكی گرژیان خولقاندبوو، هەر ئەوەش بوو لە كاتژمێر (5:30) خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر پەرلەمان و هاتنە ژوورەوە، سەرەتا بە دار و بەرد پەلاماری راگەیاندنكارانیاندا و كامیراكانیان شكاندن و ئەشكەنجەی میدیاكارەكانیاندا و هەرەشەیان لە پەرلەمانتاران دەكرد. هێزەكانی پۆلیس و پاسەوانەكانی پەرلەمانیش وەك پێویست نەبوون و بەریان پێ نەدەگیرا (یاخود نەیاندەویست بەریان پێ بگرن)، تا دەهات ژمارەی خۆپیشاندەران كە هەرەشەیان لە پەرلەمانتاران دەكرد زیاتر دەبوو، دەرگاكانی پەرلەمانیان گرتبوو و پەرلەمان گەمارۆدرابوو و پەرلەمانتاران وەك بارمتە لەنێو پەرلەماندا مابوونەوەو ئەم رەوشە تا كاتژمێر یەكی شەوی خایاند. هەرەشەیەكی زۆر لەسەر پەرلەمانتاران بەگشتی و پەرلەمانتار (رابوون مەعروف) بەتایبەتی بە بیانووی لێدوانەكانیەوە هەبوو، شایانی باسە لەنێو حەرەمی پەرلەماندا ئەشكەنجەیەكی زۆری پەرلەمانتار (رابون مەعروف) درا. ئەو رەوشەی لەپەرلەماندا گوزەرا، دوای پەكخستنی جۆرێكی تر لە سوكایەتی كردن بوو بەم دەزگا نیشتیمانیە، لەكاتێكدا هیچ خۆپیشاندانێكی خەلكی لە شاری هەولێردا رێگە پێدراو نیە، كەچی چەند كەسێك هێرشیان كردە سەر پەرلەمان و حەرەمی پەرلەمانیان پێشێل كرد و تەنانەت چەند كەسێكیان چوونە ناو بیناكەشەوەو دەرگاو پەنجەرەكانی پەرلەمانیان شكاند، ئەمەش جێگەی گومان و تێڕامانەو دەسەلاتدارانی ئەم شارە لێی بەرپرسیارن و ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی ئەوانە كە رۆژ بەرۆژ ئەزمونەكەمان و پرۆسەی دیموكراسیی هەرێم ناشیرین تر دەبێت و دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

30/10/2017