logo-7kumet.jpg

پێكهێنانی حكومەتێكی ئینتیقالی، پێویستییەكی قۆناغەكەیە

Oct 23, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

پێشتر زۆر وترا كە هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەو دەرفەتدایە، بەداخەوە لەسایەی سیاسەتی هەڵەی سەركردایەتی سیاسیی باڵادەستی هەرێمدا دەرفەتەكە لەدەستدرا، پانتاییەكی جوگرافی بەرفراوان و نزیكەی 50%ی خاكی كوردستان لەلایەن سوپای عیراق و حەشدی شەعبیەوە داگیركرایەوە، قەیرانی ئابوری قوڵتر بوویەوەو ناردنەدەرەوەی نەوت راگیراو داهاتە ناوخۆییەكانیش كەمتر بوونەوە بەوەی دەروازە گومرگیەكان لەلایەن دەسەلاتی ناوەندەوە لەبەردەم هەڕەشەی كۆنترۆڵ كردندان، ئاشتەوایی ناوخۆ و یەكڕیزی هێز و لایەنە سیاسیەكان زیاتر لێكترازان، پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ ناوەند و دەوڵەتە دراوسێكان دژوارتر بوو و دۆستەكانی كورد ساردبوونەوە لە پشتگیریكردنی هەرێم و تەنانەت هەندێكیان پشتیان تێكرد، بۆیە ئێستا هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی ئێجگار سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، ئەمانە هەمووی لەكاتێكدایە كە پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا تەنها دوو هەفتەی تەمەنی ماوە، بۆ دەرباز بوون لەم بارە قەیراناویەو دۆزینەوەی رێگەچارە، پێویستە هەنگاوی كردەیی بنرێت، بەتایبەتی ئەمە ئەركی پەرلەمانی كوردستانە، خۆ ئەگەر لە رابردوودا رێگری لەم دەزگایە كرا ئەركەكانی ئەنجامبدات، بەلام لەم كۆتاییەدا كە كۆبوونەوەكانی دەستپێكردۆتەوە دەبێ بەهەق پەرلەمانی خەڵكی كوردستان بێت و لەئاست ئەو لێپرسراویەتیە مێژووییەدا بێت، نەك تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە (بەپێی زانیاری بڕیارە لە كۆبوونەوەی رۆژی 24/10/2017 دا پەرلەمان بۆ ماوەی هەشت یان دە مانگ تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە) بۆ خزمەتی ئەم دەسەلات و حزبە سیاسیانەی لەسایەیاندا دۆزی كوردیان بۆ چارەكە سەدەیەك بۆ دواوە گێڕایەوە. بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێت:

1-لە كۆبوونەوەی رۆژی 24/10/2017 پەرلەمانی كوردستان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی بدات، نەك تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە، چونكە لەكاتی بوونی پەرلەماندا حكومەتی ئینتیقالی پێكنایەت.
2-دوابەدوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان حكومەتێكی ئینتیقالی پێكبهێنرێت كە سەرجەم هێزە سیاسیەكانی هەرێم تیایدا بەشدار بن.
3-دووای رووداوەكانی ئەمدواییە بەتەواوی دەركەوت كە ئەم دەسەلاتە لەدانوستاندندا سەركەوتوو نابێت، بۆیە حكومەتی ئینتیقالی دوو ئەركی سەرەكی دەكەوێتە سەرشان:
ا-بنیاتنانەوەی دامەزراوە نیشتیمانیەكانی ولات و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و هێنانەكایەی پەرلەمانێكی تازەی هەڵبژێردراو و دروستكردنی حكومەتێكی نوێ.
ب-ئەم حكومەتە ئینتیقالیە بەبەرنامەیەكی نوێوە دەست بە گفتوگۆ بكەنەوە لەگەڵ بەغدا و ولاتانی دەوروبەر.
چونكە لە ئێستا دامەزراوەی سەرۆكایەتی لەڕووی یاساییەوە نیەو پێویست ناكات باس لە دەستلەكاركێشانەوەی بكرێ. جگە لەمە پەرلەمانیش دوای دوو هەفتەی تر كۆتایی دێت، هەر بۆیە ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە هەموو دامودەزگاكانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت شەرعیەتیان نامێنێ‌ و لەرووی یاساییەوە كۆتاییان پێ دێت، لە وجودی پەرلەمانیشدا كابینەی حكومەت دەگۆڕێت نەك پێكهێنانی حكومەتی ئینتیقالی، بەمەش تەنها روخسارەكان دەگۆڕێن. بۆیە پێویستە دیراسەی ئەوە بكرێت ئایا پێش هەڵبژاردنەكانی عیراق یا دووای ئەوە هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام بدرێت. كە پێشتر كۆمسیۆنی بالای هەلبژاردن و راپرسی لە راگەیەنراوێكیاندا لە 18/10/2017 رێكارەكانی هەلبژاردنیان هەڵَپەسارد، هەروەها بەپێی قسەی كۆمسیۆن كە لە پەرلەمان وتویانەو پێشتریش و لای رێكخراوەكانی كۆمەلی مەدەنی رایگەیاندبوو كە لەماوەی (3 بۆ 6) مانگ دەتوانن هەلبژاردن ئەنجام بدەن، كە ستاندارتی نێودەولەتی 6 مانگەو هیوادارین گوێ لەو پێشنیارەی كۆمسیۆن بگیرێت و كاری پێ بكرێت.
ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی پێمانوایە لە زووترین دەرفەتدا (بەلەبەرچاوگرتنی پێوەرەكان) ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەرفەت دەڕەخسێنێ‌ كە سەركردایەتیەكی نوێ هەڵبژێرین بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن، چونكە بەغدا لە 13/5/2018 هەڵبژاردن دەكات، تا هەرێمی كوردستان بەو سەركردایەتیە نوێیەو بە یەكڕیزییەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات و بەدەسكەوتەوە لێی دەربچێت. بۆ دڵنیاییش پێویستە بە بەشداری كۆمەلگەی نێو دەوڵەتی و چاودێریان قۆناغی ئینتیقالی تیپەڕێنرێت تا ئەمانیش هاوكاری بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بن، هەروەها مەترسی ئەوەش بڕەوێنرێتەوە كە ماوەی ئینتقالی درێژ نەبێت، چونكە لەوانەیە بیانەوێت درێژە بەو بارودۆخە بدەن...
بەداخەوە هەندێك لە پارتە سیاسیەكان چەواشەكارانە باس لە حكومەتی ئینتیقالی و رزگاری نیشتمانی دەكەن، هەندێكیان قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناكەن و بەشێكیشیان هەنگاو بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەنێن كە ئەمەش تەواو پێچەوانەی هەنگاونانە بۆ دروستكردنی حكومەتی ئینتیقالی و رزگاریی نیشتمانی. چونكە ئەم جۆرە حكومەتە كاتێك دروست دەبێت كە پەرلەمان هەڵوەشابێتەوە، ئەمەش بە دەستلەكاركێشانەوەی (56) پەرلەمانتار دەبێت، بەلام وەرگرتنەوەی متمانە لە كابینەی حكومەت (76) دەنگی پێویستە، ئایا كامەیان قورسترە!؟ ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە كە پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لەوادەی خۆیدا بكرێت و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ئەو ماوە زۆرە كاریگەریی خراپی دەبێت بۆسەر پرۆسەی دیموكراسیی هەرێم و ئەزمونەكەمان زیاتر لەكەدار دەبێت.
لەگەل رێزدا
23/10/2017

 

1-پەیمانگەی پەرەپێدانی یاسایی (ILDK)
2-ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپیێدان (PAY)
3- پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان (NIIR)
4-رێكخراوی دیمەن بۆ پرسە كۆمەڵایەتیەكان
5-ئینستتیۆتی برادۆست بۆ گەشەپێدان (BID)
6-رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوری كوردستان (KEDO)
7-رێكخراوی هەڵوێست
8-رێكخراوی پایتەختی ئاشتی
9- ڕێكخراوی كوردۆ زانست بۆ دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ
10-رێكخروای گەشەپێدانی خوێندكاران و گەنجان (SYEO)
12-رێكخروای ئاران بۆ پەرەپیێدانی كلتوری مەدەنی
13-تۆڕی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە دەڤەری ڕاپەڕین
14-رێكخراوی جیوگرافیای گشتی كوردستان
15-ڕێكخراوی ئەزموون AOCD
16-ماڵی‌ سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناكان
17-رێكخراوی پێكەوەژیان
18-تۆڕی لیدەر بۆ پێگەیاندنی سەركردە
19-رێكخراوی ستۆپ
20-رێكخراوی چاوی زانكۆ