PAYPERLEMAN.jpg

هەنگاوە نایاساییەكانی پەرلەمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

Oct 18, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

 
 پەرلەمانی كوردستان بەپێی بانگهێشتێك ئەمڕۆ دانیشتنی ژمارە (3)ی خۆی ئەنجامدەدات، كۆمەڵێك هەنگاوی نایاساییان گرتۆتەبەر كە لێرەدا تێبینیەكانمانی لەسەر دەخەینە روو:

یەكەم: بەپێی بڕگەی دووەمی بەرنامەی بەرنامەی كار، سێ ئەندامی پەرلەمان جێگەی ئەو ئەندامانە دەگرنەوەكە دەستیان لەكار كێشاوەتەوە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە هێشتا پەرلەمان هەڵبژاردنی دوانەخستووەو تەمەنی پەرلەمان تەنها دوو هەفتەی ماوەو لە 6/11/2017 كۆتایی دێت. لەئەگەری دەنگنەهێنانی درێژكردنەوەی تەمەنیدا چۆن دەكرێت بۆ تەنها دوو هەفتە ئەندامی تازەی پەرلەمان دابنرێت؟ بێگومان ئەم هەنگاوەش ئەو نیەتە دەردەخات كە (پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو و حزبە هاوپەیمانەكانیان) و كۆمەڵی ئیسلامیش كە یەك لەو سێ كاندیدە سەر بە كۆمەڵە، خوازیارن بۆ ماوەیەكی درێژ لەڕێگەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە هەڵبژاردنەكان دوابخەن.

دووەم: لە بڕگەی سێیەمی بەرنامەی كاردا هاتووە كە گفتوگۆی راپۆرتی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەكرێت كە لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆبوونەتەوە. ئەم راپۆرتە لەلایەن ئەندامانی لیژنەی یاساییەوە نوسراوەو جگە لە هەریەك لە (د.بەهار مەحمود، ئەنوەر قادر لە بزوتنەوەی گۆڕان و گەشەدارا حەفید لە یەكێتی) ئیمزایان نەكردووە، كۆمەڵێك ناڕوونی تیادایەو دووای ئەم هەموو گۆڕانكاریانە نەشیاوە بخرێتە بەرنامەی كارەوە:

1-لەم راپۆرتەدا قسەكانی كۆمسیۆن ئەوەندە دانراوە كە پەرلەمان پێویستی پێیەتی، بۆنمونە كۆمسیۆن وتویەتی لە 1/11 ناتوانین هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكەین، بەلام كاتیان دەستنیشانكردووە كە لەماوەی (3) بۆ (6) مانگی تردا ئامادەن، بەلام ئەوە نەنوسراوە لە راپۆرتەكەدا.

2-لە خاڵی یەكەمی راپۆرتەكەدا باس لە دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم كراوە، گوایە نزیكەی ملیۆنێك و سەدهەزار كەس بەشداری ریفراندۆمیان كردووەو ناكرێت بێ بەش بكرێن لەبەشداری كردن لە هەڵبژاردن. ئەمە لەكاتێكدایە كە بارودۆخەكە گۆڕاوە، ئێستا نزیكە 50%ی خاكی كوردستان لەلایەن سوپای عیراق و حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەرداگیراوە و پێشمەرگەی تیادا نەماوە، ئەوكاتەی ئەم راپۆرتە نوسراوە بەرپرسی یەكە كارگێڕیەكان (پارێزگار و قایمقام و مدیر ناحیە) كورد بوون، كەچی ئێستا زۆرینەیان گۆڕاون. جگە لەهەموو ئەوانە رای زۆرینەی حزبە كوردستانیەكان ئەوەیە كە ئەو كارەساتانەی دروستبوون و لەدەستدانی ئەم ناوچانە باجی ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی بێ بەرنامە بوو دەدرێت، كەوابێت چۆن دەكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمان تیایاندا ئەنجامبدرێت و باسی لێوە بكرێت.

سێیەم: پێویست بوو هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەلام بەهۆی ئامادەنەبوونی كۆمسیۆنەوە بەسەرقاڵی بە پرۆسەی ریفراندۆم و پەلەپروزێ و ململانێ سیاسیەكان و نەبوونی تۆمارێكی پاك و شیاو كە ناتوانێت لە 1/11 هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجامبدات، وەك كۆمسیۆن لە كۆبوونەوەكەیدا لە (14/10/2017) لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی رایانگەیاندبوو كە لەماوەی (3) بۆ (6) مانگ دەتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و پێشتریش لە رۆژی (9/10/2017) لە كۆبوونەوەیاندا كۆمسیۆن لەگەڵ (18) رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی هەمان رایان دەربڕی. بەلام ئەوەی تێبینی دەكرێت بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت سەبارەت بە (بەردەوامبوونی خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمان) ماوەی چوار خولی گرێدانیان دیاری كردووە كە درێژ بكرێتەوە كە (دوو ساڵ) دەخایەنێت. ئەمەش لەگەڵ یاساو پرەنسیپەكاندا ناگونجێت و هەروەك لە مادەی (51)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 دا هاتووە دەڵێت: “ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە، لەیەكەم دانیشتنەوە دەستپێدەكات، لەدوادانیشتنی ساڵی چوارەمدا كۆتایی دێت”. ئەمەش درێژكردنەوەی قەیرانەكان و بەردەوام بوونی گرفتەكان دەگەیەنێت و لێسەندنەوەی مافێكی سەرەتایی خەڵكە كە تەنها ئەو رۆژەیان هەیە رای خۆیان دەربڕن و بڕیاری خۆیان بدەن و دادگایی پارتە سیاسیەكان بكەن ئاخۆ تاچەند لەو بەلێنانەی لەبانگەشەی هەڵبژاردندا پێیانداون جێبەجێیان كردووە.

چوارەم: پەرلەمان لە بری ئامادەكردنی راپۆرتێك بەناوی كۆمسیۆنەوە كە خۆشحاڵە بە دواخستنی هەڵبژاردن، دەبوایە لێپێچینەوە لە كۆمسیۆن بكات كە لە (14/8/2017) رایگەیاند دەتوانن رۆژی (1/11/2017) هەڵبژاردنی پەرلەمان بكەن. نەك راپۆرت بنوسن و (بەشێك) لە قسەكانیان وەك بنەمایەك وەربگرن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەكی درێژ.

پێنجەم: پەرلەمانی كوردستان ماوەی دوو ساڵ داخراو ئیرادەی شكێنرا لەسەر ئەوەی بە مۆدێلی درێژكردنەوە رازی نەبوو و دژی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بوو، ئێستا ناكرێت دەست بۆ مەلەفێك ببات كە دووسال تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوەو لەپاڵیا دووساڵیش سەرۆكی هەرێم درێژە بە ویلایەتەكەی بدات، لەم حاڵەتەدا ئەو فراكسیۆن و پەرلەمانتارانەی ئەوكاتە رازی نەبوون ئێستا وەلامیان چیە بۆ دووساڵ داخستنی پەرلەمان!؟

شەشەم: بەرنامەی كار لەلایەن جێگری سەرۆك (جەعفەر ئیمینكی) و سكرتێری پەرلەمان (بێگەرد دلشاد)ەوە ئیمزا كراوە، ئەمەش كارێكی نایاساییە، چونكە بێگەرد دلشاد سكرتێری كاتی بوو و تا ئەو كاتەی سكرتێری فەرمی (فەخرەدین قادر) دەستی لەكار نەكێشابوویەوە ئاسایی بوو ئیمزا بكات، بەلام لەو رۆژەوە كە (فەخرەدین قادر) دەستی لەكار كێشایەوە هیچ بنەمایەكی یاسایی بۆ سكرتێربوونی (بێگەرد دلشاد) نەماوە. بۆیە بەپێی پەیڕەو هەروەك لە بڕگەی (2) لە ماددەی (16)ی دا هاتووە: “لەكاتی بەتاڵبوونی پێگەی سەرۆكی پەرلەمان یان جێگرەكەی یان سكرتێر لەبەر هەر هۆیەك بێت ئەوا پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنی گرێدراوی دوای بەتاڵبوونەكەوە بەهەمان ڕێگەی دەقكراو لەم پەیرەوەدا جێگرەوەیەكیان بۆ هەڵدەبژێرێت”.

حەوتەم: دەبوایە وەك كۆبوونەوەی رۆژی 15/9/2017 ئیمزای ئەندامان كۆبكرایەتەوەو ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرایە بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوە، نەك بەم شێوەیەی ئێستا كە نایاساییە.

هەشتەم: مەسەلەی كۆبوونەوەی ئەمرۆ كە دواخستنی هەڵبژاردنەكان تیایدا بڕیاری لێدەدرێت، پێویستە سەرجەم فراكسیۆنەكان بەشداری تیادا بكەن و لەهۆڵی پەرلەمانەوە رای خۆیان دەربڕن و داكۆكی لە داواكارییەكانیان بكەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئامادەنەبن دواتر قسەكردنیان لە موزایەدەیەكی راگەیاندنەكان زیاتر هیچی تر ناگەیەنێت. لەكۆتاییدا داوا لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و ئەندامانی بەڕێز دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك رەزامەند نەبن لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ دوو ساڵ و پێویستە گوێ لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بگیرێت بەوەی كە لەماوەی (3) بۆ (6) مانگی تر دووای ئامادەكاری هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت كە تاكە رێگەچارەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قەیراناوییە.

لەگەل رێزدا

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان 18/10/2017