logopay.jpg

پەرلەمان لە كودەتاكانی بەردەوامە

Sep 30, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی رۆژی (15/9/2017) ەوە بە پێشێلكاری پەیرەوی ناوخۆ و یاسا، كۆبوونەوەكانی دەست پێ كردۆتەوە، ئەمرۆش لە كۆبوونەوەیەكی تردا بەردەوامیی بە پێشێلكارییەكانی داو كودەتا ئاسا چەند خاڵێكی خستە بەرنامەی كارەوە:
1-بەڕێز (فەخرەدین قادر) وەك سكرتێری پەرلەمان ویستوویەتی لە دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەماندا ئامادەبێ و دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات و بیخوێنێتەوە، بەلام لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە رێگری لێ كراوە، لەبەر ئەوەی لەكاتی چوونی بۆ هۆلی پەرلەمان بەسیفەتی ئەوەی سكرتێری فەرمیی پەرلەمانە، دەبوایە بچێتە شوێنی خۆی پێشكەشی بكات و سكرتێری كاتی بچێتەوە خوارەوە، بەلام لەبەر ئەوەی سكرتێری كاتی ئامادە نەبوو شوێنەكەی بەجێ بهێلێ تا سكرتێری فەرمی بگەڕێتەوە بۆیە رێگریی لێ كرا. هەر بۆیە ناوبراو بەناچاری لەڕێگەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نامەكەی پێشكەش كرد. پەرلەمانیش دواتر دەستلەكاركێشانەوەیان خستەڕوو و بەبێ ئەوەی لەبەرنامەی كاردا هەبێت و دەنگی لەسەر درا.
2- دەستلەكاركێشانەوەی بەڕێز (فەرهاد سەنگاوی) وەك ئەندامی پەرلەمان، دەنگی لەسەر درا، ئەمە لەكاتێكدا ئەم بڕگەیە نە لە بەرنامەی كاردا هەبوو و نە ناوبراو لە دانیشتنەكە ئامادە بوو و نە (لە ئێستادا) نامەی دەستلەكاركێشانەوەیشی پێشكەشكردووە، بەڵكو ئەو نامەیە چوار ساڵ لەمەوبەر لەسەروبەندی كاندیدكردنیدا بەبێ مێژوو پێی نوسراوەو ئێستا مێژووی (28/9/2017)ی خراوەتە سەر و كاری پێكراوەو فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری پێ لە پەرلەمان دەركرا.
3-پرۆژە بڕیارێك بەناوی (هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان)ەوە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا كە لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە پێشكەشكرابوو، گوایە پەرلەمان دەیەوێت پاشەكەوتی موچە هەلبگرێت، لێرەدا دوو سەرنج دەردەكەون: یەكەمیان موچە بە یاسا رێكخراوەو ئەگەر پەرلەمان دەیەوێت بە بڕیار چارەی بكات ئەوە بڕیار هێزی ئیلزامیی لە یاسا لاوازترە، دووەمیش ئەگەر بە یاسا دەیكەن، ئایا لە ئێستادا پەرلەمان دەتوانێ‌ یاسا دەربكات؟ یاساكە بۆ كێی دەنێرن تا مەرسومی بۆ دەربكات؟ لەلایەكی ترەوە پەرلەمان ئەم بڕیارەی نەداوە تا هەلی بوەشێنێتەوە، بەلكو لەسەر پێشێلكاری یاسا دەبێت لێپێچینەوە لەگەل حكومەتدا بكرێت، هەروەك لە راپۆرتی پێشووترماندا ئەوەمان خستبووە روو كە پەرلەمان دەیەوێت ئەم بڕیارەی حكومەت لە بڕینی موچەی فەرمانبەراندا بە یاسایی بكات، نەك هەڵی بووەشێنێتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەئاست ئەم هەموو پێشێلكارییانەدا تەنانەت یەك ئەندامی پەرلەمانیش لەوانەی بەشداری كۆبوونەوەكە بوون بە خالێكی نیزامیش رەخنەیەكیان لەو رەوشە نایاساییە نەگرت كە دەگوزەرێت.
ئەم پێشێلكاریانەو چەندان پێشێلكاریی تر كە لە كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا كراوە، هەر لە بڕیاردان لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی پەرلەمان و پەلەپروزێ‌ لە دانانی كەسانی تر لە شوێنیان، لەكاتێكدا تەمەنی ئەم پەرلەمانە تەنها یەك مانگی ماوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كە پەرلەمان پلانی ئەوەی هەیە تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوەو هەڵبژاردن نەكرێت. ئەگەر پێشتر پەرلەمانتاران رەخنەیان لە سەرۆكی هەرێم دەگرت بەوەی ماوەكەی بەسەر چووەو بەبیانووی ئامادەنەبوونی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردن بەردەوام بووە لە پۆستەكەی، كەچی ئەمڕۆ خۆشیان سەرقاڵی هەمان سیناریۆن لەژێر هەمان بیانووەوە لە رێگەی كۆمسیۆنەوە هەمان كار ئەنجام دەدەن.
لێرەوە خەلكی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە پەرلەمانی كوردستان بەنیازە لەنزیكترین كاتدا بەئامادەبوونی كۆمسیۆن دانیشتنێك ساز بكات بە بیانووی ئەوەی كۆمسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات، تەمەنی خۆیان درێژ دەكەنەوە كە هاوكات دەبێتە مایەی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمیش، ئەمە لەكاتێكدا كۆمسیۆن لە (14/8/2017) لە دوو نوسراوی جیاوازدا وەلامی هەریەك لە بەڕێزان (مەسعود بارزانی) و (د.یوسف محەمەد)یان داوەتەوە و ئامادەییان دەبڕیوە كە لە (1/11/2017)دا هەلبژاردن بكەن و لەئێستادا قەوارەكان خۆشیان تۆمار كردووە. بۆیە پاشگەز بوونەوە لەو بڕیارە سەلمێنەری ئەو سیناریۆیەیە حزبە سیاسیە دەسەلاتدارەكان نایانەوێت هەڵبژاردن بكەن، هەروەك لە بەیانی رۆژی (16/9/2017)ی ئیستتیۆكەماندا خستبوومانە روو.
بە پێویستی دەزانین داوا لە حزبە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەلی مەدەنی بكەین فشارەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ رێگری لەم هەوڵە نابەجێیەو لەهەمان كاتدا داوا لەو پەرلەمانتارە ویژدان زیندووانە دەكەین لەنێو هۆڵی پەرلەماندا هیچیتر بێدەنگ نەبن و رووبەڕووی ئەم هەوڵە نایاساییانە ببنەوە و رێگریی لێ بكەن.

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
30/9/2017