logopay.jpg

بەیاسایی كردنی بڕینی موچەی خەڵك لە ئەجێندای پەرلەماندا

Sep 22, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

بەیاننامەی ئینستتیوتی پەی لەسەر بەرنامەی کۆبوونەوەی (٢٠١٧/٩/٢٣) پەرلەمانی کوردستان .

 

دووابەدوای دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە 15/9/2017، فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بە بەیاننامەو لێدوان و كۆبوونەوەكانیان باسێكیان هێناوەتە كایەوە گوایە لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەیانەوێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چاك بكەن و سیستەمی پاشەكەوت نەهێلن و حكومەت بانگهێشتی پەرلەمان بكەن و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكەن، تا ئەو ئاستەی متمانەشی لێ وەربگرنەوە. كە ئەمانە ئەركی سەرەكیی پەرلەمانن و ئەنجامدانیان مایەی دەستخۆشین.
لەم چوارچێوەیەدا رۆژی 18/9/2017 لە كۆبوونەوەیەكدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی سەرجەم فراكسیۆنەكان و سەرۆكی چوار لیژنەی (كاروباری یاسایی ، دارایی و ئابوری و وەبەرهێنان ، دەستپاكی ، پشەسازی و ووزە و سەرچاوە سروشتییەكان ) كە تەنها گۆڕان و كۆمەڵ بەشداریان نەكرد. لەسەر پاشەكەوتی مووچە كۆبوونەوە. كۆبوونەوەی دووەمیش لە رۆژی 20/9/2017 بە ئامادەبوونی هەمان ستافی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەرانی حكومەت بەڕێوە چوو، لەئەنجامدا بەیاننامەیەك بەناوی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دەركرا كە چوار خاڵی لەخۆ گرتبوو. لێرەدا بەپێویستی دەزانین لەسەر دەرەنجامی كۆبوونەوەكان و ئەو بەیاننامەی كە دەریانكردووە، ئەم خالانە بخەینە روو:
یەكەم: لە خالی یەكەمی بەیاننامەكەدا هاتووە: "كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێ لەنێوان حكومەت و لیژنە پەیوەندیدارەكان بەمەبەستی زووتر گەلالە كردنی سیستەمی نوێی موچە كە حكومەت بنەماكانی داڕشتووە". لێرەدا دەردەكەوێ‌ كە پەرلەمان ئەم سیستەمی بڕینی موچەیە بە یاسایەك رێكدەخات كە بنەماكانی موچەكە حكومەت دیاریی دەكات، ئەمەش بەیاسایی كردنی برینی موچەی خەلكە نەك گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچە.
دووەم: بنەماكانی موچە بە یاسا رێكخراوەو حكومەت بە بڕیار بڕیویەتی، ئێستا پەرلەمان ئەگەر دەیەوێ‌ بەرگری لە خەلك بكات پێویستە لەسەر یاساشكێنی لێپێچینەوە لە حكومەت بكات، نەك هەماهەنگی بۆ بەیاسایی كردنی بڕینی موچەی خەلك كە لە خاڵی دووەمی بەیاننامەكەدا جەختی لێ كراوەتەوە.
سێیەم: كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتاوە حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانی بووە و لە هەموو هێزە سیاسیەكان پێكهاتووە، (جگە لە بزوتنەوەی ئیسلامی كە لەسەرەتاوە ئۆپۆزسیۆنە)، واتە لە پەرلەمانی كوردستان بەرەیەك بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە نەبووەو نیە كە دەنگ و رای لەناو حكومەتدا نەبێت، كەواتە هەموو فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان هاوكات نوێنەرە باڵاو بڕیار بەدەستەكانیان لەناو حكومەتن. (بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی كە هەرچوار وەزیری گۆڕان بەزۆر لەحكومەت دوورخرانەوە) بە نمونە: پارتی (سەرۆكی حكومەت كە جێگری سەرۆكی حزبەكەیە و پێنج وەزارەتی فیعلی هەیەو پێنج وەزارەتیش بە وەكالەت بەڕێوە دەبەن و چوار پلە وەزیریشی لە ئەنجومەنی وەزیراندا هەیە)، یەكێتی (جێگری سەرۆكی حكومەت و چوار وەزیری فیعلی و دوو پلە وەزیریشی لە ئەنجومەنی وەزیراندا هەیە)، یەكگرتوو (چوار وەزارەتی هەیە و لە وەزارەتێكیان دەستیان كێشاوەتەوەو وەزارەتێكیش بەوەكالەت بەرێوە دەبەن و وەزیرەكانیان لە سەركردایەتی حزبەكەن)، كۆمەڵ (دوو وەزارەتیان هەیە و وەزیرێكیان لەئاستی مەكتەبی سیاسیەو لێپرسراوی ستافی حكومەت و پەرلەمانە لە حزبەكەیدا). كەواتە كۆی ئەم چوار فراكسیۆنە كە قسە لەسەر موچە دەكەن (25)ئەندامیان لە ئەنجومەنی وەزیراندا هەیەو هەر بڕیارێكیان بوێت دەتوانن دەری بكەن یا هەلی بوەشێننەوە. بەتایبەت بڕیاری پاشەكەوتی موچە كە بە بڕیار دەرچووەو پێچەوانەی یاساشە سەد دەرسەد لەدەسەڵاتی خۆیانە كە هەلی وەشێننەوە یا چاكتری بكەن.
بۆیە دەپرسین ئەگەر ئەمە رۆل دابەش كردن نیە، ئاخۆ دەكرێت لە رووی حزبی و واقیعیەوە ستافی پەرلەمانی دەسەلاتیان لە ستافی حكومەت زیاتر بێت؟ ئەمە لەكاتێكدا دەبووایە پێچەوانەكەی راست بێت، چونكە پەرلەمان حكومەت دروستدەكات و پەرلەمان بۆی هەیە لێپێچینەوە لە حكومەت بكات لەسەر پابەندنەبوون بەیاساوە! ئەگەر مەسەلەكە دلسۆزیە بۆ خەلك ئاخۆ رێگە دەدرێت نوێنەرە پەرلەمانتارەكانی هەمان حزب دلسۆزتر دەركەون لە ستافی حكومەتیان؟ لەكاتێكدا نوێنەری حكومەت بەنایاسایی بیبڕێت و نوێنەری پەرلەمان بەیاسا ئەم مافە شایستەیە بۆ خەلك بگێڕێتەوە! دەپرسین ئەگەر ئەو كۆبوونەوانە بۆ گێڕانەوەی مافەكانی خەلكە نەك بەیاسایی كردنی سیستەمی بەناو پاشەكەوت، بۆچی بڕیارەكە كە حكومەت داویەتی هەر خۆیشی هەلیناوەشێنێتەوەو مافەكە ناگێڕێتەوە؟ ئایا بەراستی رێگە بە پەرلەمانتاران دەدرێت ئەم شانازییە بۆخۆیان تۆمار بكەن؟ لەكاتێكدا دوو ساڵە ناردونیانەتەوە ماڵەوە! هیچ گومان لە دڵسۆزی و پەرۆشیی زۆرینەی پەرلەمانتاران نیە وەك تاك كە خوازیارن جێبەجێی بكەن، بەلام ئەجێنداو پلانی زۆرینەی فراكسیۆنەكان كە لە ئێستادا پەیرەوی دەكەن لەگەڵ ئەم راستیەدا وێك نایەتەوە.
چوارەم: بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە پاشەكەوتی موچە پێی وایە لەبەر ئەوەی حكومەت یاساشكێنی كردووە بۆیە دەبێ لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێ و متمانەی لێ وەربگیرێتەوە، ئەمە راستترین شێوازی بەدواداچوونی پرسەكەیەو یاسایی ترین كاری پەرلەمانیە، بەلام لەمەشیاندا چەند گرفت و لەمپەرێك هەن، ئاخۆ گۆڕان تا چەند بیری لەچارەسەركردنیان كردۆتەوە؟ كە بەبێ چارەسەریی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هەموو هەنگاوەكان لە مەرەكەبی سەر كاغەز و موزایەدەیەكی سەر شەقام زیاتر هیچی تریان لێ شین نابێت، بۆیە دەپرسین:
1-متمانە وەرگرتنەوە پێویستی بە رێژەی 2/3 ی ئەندامانە، واتە (76) دەنگ، ئایا چەند ئەندام لەفراكسیۆنەكانی تر كە نوێنەرەكانیان لە حكومەتدان ئامادەن لەكاتی سەلماندنی پێشێلكارییە یاساییەكانی حكومەتدا لەپەرلەمان ئامادەیە دەنگ بۆ لێسەندنەوەی متمانەی بدات؟
2-متمانە وەرگرتنەوە پێویستی بە پەسەندكردنی مەرسومی سەرۆكی هەرێمە، گۆڕانیش بارزانی بە سەرۆكی هەرێم دانانێت، بە چ رێكارێك متمانە لە حكومەت وەردەگرنەوە؟ ئایا وەك سەرۆكی هەرێم دان بە بارزانیدا دەنێن؟ یان دەیانەوێت لەم رێگەیەوە مامەلەی لەگەلدا بكەن؟
پرسی بەدواداچوونی موچەو لێپێچینەوە لە حكومەت ئەركی سەرشانی پەرلەمانە و خواستێكی رەوای فەرمانبەران و موچەخۆرانە، كە حكومەت بەنایاسایی مافێكی شایستەی پێشێلكردوون. بەلام ئەوەی جێگەی تێڕامانە، ئەو هەوڵانەی ئێستا لە پەرلەمان لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی موچە دەدرێن بۆ چەواشەو بەلاڕێدابردنن، لایەنەكان دەیانەوێت وەك دەستكەوتێك بۆ خۆیان بەكاریبهێنن. لەبەرئەوەی حكومەت خۆی بڕیاری كەمكردنەوەی موچەكەی داوە، بۆیە دەبێ هەر خۆشی چاكی بكاتەوە، نەك فراكسیۆنەكان لەبری ئەو هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بدەن كە هەر فراكسیۆنێك لای خۆیەوە خەریكە پڕۆژەیەك لەوبارەیەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات، چونكە بەم واقیعەی هەیە نە دەیانەوێت بیكەن و نە پێشیان دەكرێت و نە رێگەشیان پێدەدرێت.
ئەگەر پێشتر هاولاتیان پێیان وابوو بڕینی موچەكەی بەناوی پاشەكەوتەوە كاتیەو ئومێدیان بەوە هەبوو رۆژێك لەرۆژان ئەم سیستەمە هەڵوەشێتەوەو موچەكەیان چاك بكرێتەوە، بەلام ئێستا بەپێی پێشبینیەكان هەولێك هەیە لە رێگەی پەرلەمانەوە بە هەمیشەیی و بەیاسایی بكەن و هاولاتیان تەواو ئومێد بڕاو بكەن. ئەگەر دوێنێ هەر حكومەت تاوانبار بوو بە بڕینی قوتی خەڵك، ئەمڕۆ هەولێك هەیە پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش تاوانبار بكەن كە شەرعیەت بە بڕیارە نابەجێیەكەی حكومەت بدەن و بە یاسایی بكەن. بۆیە ئەوەی ئێستا لە پەرلەماندا بەناوی بەرژەوەندی خەڵك و چاككردنی موچەوە بانگەشەی بۆ دەكرێت، جگە لە یاریكردن بە هەستی خەڵك شتێكی تری لێ بەدی ناكرێت، پەرلەمان دەزگایەكی گەورەو پیرۆزە، بەرزترین مەرجەعی یاسایی و شەرعی ئەم ولاتەیە، ناهەقی زۆری دەرهەق دەكرێت لەلایەن حزبە سیاسیەكانەوە، ئەگەر فراكسیۆنەكانیش كەمەندكێشی دەسەلات و ئاوێنەی سیاسەتی حزبەكانیان بن، بەلام هەقە ئەندامانی پەرلەمان وەكو تاك، هەروەكو بەشێكیان بەردەوام هەلوێستیان هەبووەو لەخەڵك دانەبڕاون، رێگەنەدەن هیچی تر هەیبەتی ئەم دەزگا نیشتمانیە گرنگە بشكێنرێت، چونكە لەوە دەچێ ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ بەشی دووەمی ئەو سیناریۆیە بێ كە بۆ بەردەوامیی ناشەرعی بوونی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و درێژەدان بەو خوولەی پەرلەمان وئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەوە پەیڕەو دەكرێت.

ئینستتیوتی پەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
22/9/2017