پەرلەمانی كوردستان... كۆبوونەوە لەپێناو كۆبوونەوەدا

Sep 21, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

رۆژی 21/9/2017 لە بانگهێشتنامەیەكدا كە ئیمزای بەڕێز جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی بەسەرەوەیە و ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمان كراوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی دانیشتنی ژمارە (1)ی ئاسایی خولی پاییزە لە كاتژمێر (11) ی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 23/9/2017 لە پەرلەمان ئامادەبن.

لەبەرنامەی كارەكەشدا كە ئيمزای هەریەك لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان (جەعفەر ئیمنیكی) و سكرتێری پەرلەمان (بێگەرد دلشاد) ی بەسەرەوەیە بۆ ئەندامان نێردراوە، لەوەی پەرلەمانی كوردستان تەنها كۆبوونەوە لەپێناوی كۆبوونەوەدا دەكات، چەند پێشێلكارییەكی یاسایی لەبەرنامەی كارەكەدا بەدی دەكرێت:

1-پرۆژە یاسای راگرتنی كاركردن بە یاسای بەكرێدانی خانووبەرە، لەبەر ئەوەی بەهۆی پەكخستنی پەرلەمانەوە لەكاتی خۆیدا كاری لەسەر نەكراو لە (15/7/2016)ەوە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، و لەو كاتەوە لە دادگاكاندا كاری پێ دەكرێت، بۆیە پێویستی بە پێشكەشكردنی پرۆژەی هەموارە نەك راگرتن.
2-لە پرۆژە یاسای كاركردن بە یاسای تیرۆردا، ئەم یاسایە بەهۆی پەكخستنی پەرلەمانەوە دەبوایە لە (16/7/2016)دا درێژ بكرێتەوە، بەلام نەكراو لەو كاتەوە حكومەت مامەلە لەگەل ئەم یاسایە دەكات، ئەم بابەتە پەلە نیە و دەكرێت هەروەك ئێستا مامەلەی پێ دەكرێت بەردەوام بێت و بە شێنەیی كاری لەسەر بكرێت نەك بەم پەلە پروزێیە.
3-ئەگەر هەر خوێندنەوەی پرۆژە یاسا بێت، تا ئێستا (155) پرۆژە لەپەرلەمان خوێندنەوەیان بۆ كراوەو تەنها (18) دانەیان كراون بە یاسا، ئەوانەی تر وەك خۆیان ماونەتەوە و دەتوانن ئەوانە بخەنە بەرنامەی كارەوە كە زۆر گرنگترو پەیوەندیدارترن بە ژیان و گوزەرانی خەلكەوە، بەلام دیارە لەبەر ئەوەیە ئەو دوو پرۆژەیە كە لەرووی ناوەرۆكەوە هەریەكەیان تەنها دوو ماددەن و كاتی كەمیان پێویستە بۆ پەسەند كردن، مەبەست لێی ئەوەیە لەو ڕێگەیەوە بە بێدەنگی شەرعیەت بەویلایەتی بەڕێز بارزانی بدەن وەك سەرۆكی هەرێم، چونكە دەركردنی هەر یاسایەك مەرسومی سەرۆكایەتی پێویستە! ئەگەر نا دووای دوو مانگی تر پەرلەمانێكی نوێ هەڵبژێردرێت باشتر وایە بە یاسایەكی نوێ و لە پەرلەمانێكی نوێ ئەم یاسایانە پەسەند بكرێن.
4-ئاخۆ دەبێت ئەو دوو پرۆژەیاسایەی خراونەتە بەرنامەی كارەوە لە پرسێكی نیشتیمانیی وەك راپرسی گرنگتر بن؟ لەكاتێكدا لە كۆبوونەوەی رۆژی (15/9/2017)دا سەبارەت بەم پرسە پەرلەمان نە یاساو نە بڕیاری پەسەند نەكرد بەلكو بەچەند راسپاردەیەك لێی دەرچوو، دیارە هۆكارەكەش نەبوونی مەرجەعی یاسایی بوو كە سەرۆكی هەرێمەو ناتوانێت ئیمزای بكات، بەلام ئەم سەرۆكایەتیە تازەیە دەستیان بۆ بابەتێكی زۆر هەستیار بردووە كە دەركردنی یاسایەو مەبەستیش لێی جگە لەشەرعیەتدان بە ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لەڕێگەی مەرسومی ئیمزاكردنەوە تەفسیرێكی تری نیە.
5-سەبارەت بە دەنگدان لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانیش، كە ناوی دوو پەرلەمانتار هاتووە، تەمەنی پەرلەمان كەمتر لە یەك مانگ و نیوی ماوە، ئێستا چی پێویست بە دەنگدان لەسەر دەستلەكار كێشانەوەو دانانی كەسانی تر دەكات؟ خۆ تەنها پرۆسەی دەركردنی فەرمانی دەستلەكاركێشانەوەو دانانی ئەندامە نوێیەكان لە شوێنیان زیاد لە مانگێكی پێویستە، پرسیار ئەوەیە بۆچی دەبێت چەند كەسێك بۆ تەنها دوو هەفتە پۆستی ئەندامێتی پەرلەمان وەربگرن و دواتر خانەنشینیش بكرێن؟ ئەم خاڵەش سەلمێنەری نیەتی درێژكردنەوەی پەرلەمانە كە لە بەیانی رۆژی (16/9/2017)ی (ئینستیۆتی پەی)دا ئاماژەمان پێدا بوو، كە درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێمە لەژێر پەردەی درێژ كردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا.
6-پرسیاری ئەوە دێتە كایەوە: ئاخۆ هەڵوێستی هەریەك لە بەڕێزان سەرۆكی پەرلەمان (د.یوسف محەمەد) و سكرتێری پەرلەمان (فەخرەدین قادر) چیە لەهەمبەر ئەو بانگهێشتكردن و كۆبوونەوە نایاساییەدا بەر لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە؟
ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
21/9/2017

IMG_1297IMG_1298-1