سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی ئینستتیوتی په‌ی، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی چوار له‌فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر تۆماری ده‌نگده‌ران كۆبوونه‌وه .
رۆژی سێ شه‌ممه (22/8/2017) له نوسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی كوردستان، (دیوسف محمه‌د، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، فه‌خره‌دین قادر، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان) له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی فراكسیۆنه‌كانی (گۆران، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) به‌ئاماده‌بوونی (د.سه‌روه‌ر عبدالرحمن، سه‌رۆكی ئینستتیوتی په‌ی) كۆبوونه‌وه.
ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه پاكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بوو، پاش گفتوگۆ و دیاریكردنی لایه‌نه خراپه‌كانی تۆماری ئێستای ده‌نگده‌ران و ئه‌و دۆخه‌ی كه هه‌یه ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن، بڕیاردرا كه فراكسیۆنه به‌شداره‌كانی ناو كۆبوونه‌وه‌كه به‌جیا له‌رێگه‌ی خۆیان و حزبه‌كانیان و نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه له كۆمسیۆن به‌دواداچوون بكه‌ن بۆ پاككردنه‌وه‌ی تۆماره‌كه و وورده‌كارییه یاساییه‌كانی پرسی هه‌ڵبژاردن .
تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان كه بڕیاره هه‌ریه‌ك له (ریفراندۆم، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان)ی پێبكرێت، تۆمارێكه پره له كه‌م و كوڕی و سه‌دان هه‌زار ناوی دووباره و مردوو وساخته‌ی تیادایه و تائێستاش هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه بۆ پاكردنه‌وه‌ی، بۆ پرسی نوێكردنه‌وه‌شی ته‌نها یه‌ك هه‌فته (20-27/8/2017) كات له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه دیاریكراوه، ئه‌مه له‌كاتێكدا به‌پێی یاسا ده‌بێت دوو مانگ بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه دیاریبكرێت.
جێی ئاماژه‌یه، ساڵی (2013) په‌رله‌مانی كوردستان لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ ئه‌م پرسه پێكهێنا كه نوێنه‌ری سه‌رجه‌م فراكسیۆنه جیا جیاكانی تیادا بوو، به‌ڵام به‌هۆی كه‌م ته‌رخه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و كاته‌ی په‌رله‌مان هیچ راسپارده‌یه‌كی لیژنه‌كه له‌به‌رچاو نه‌گیراو كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش له‌سه‌ر ئه‌نجامی لیژنه‌كه نه‌به‌سترا كه ئه‌مه‌ش كارێكی نایاسایی بوو، سه‌ره‌نجام به‌تۆمارێكی پڕ له كه‌موكورییه‌وه هه‌ڵبژاردن كرا، ئێستاش پاش چوار ساڵ و گه‌وره‌تر بوونی كێشه‌كانی ئه‌م تۆماره و ئه‌نجامدانی ده‌یان فێڵی تر تۆماره‌كه به پاكنه‌كراوه‌ی ماوه‌ته‌وه .