logopay.jpg

بەیاننامەی (ئینستتوتی پەی) لەسەر بڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم

Mar 10, 2017  |   هەواڵەکانی پەی 

رۆژی ٢٠١٧/٣/٨ لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو تویژینەوەی زانستیدا هاتووە "بڕیاردرا لەمساڵەوە ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی (زمانی كوردی و عەرەبی) بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزە لە كاتی پێشكەشكردن بۆ كۆلێژە پزشكی و ئەندازیاری و زانستیەكان ئارەزومەندانە دەبێت)، ئیمە لە ئینستتیوتی پەی دژی ئەو بڕیارەین و بە زیانی گەورەی دەزانین بۆ سەر زمانی كوردی، بۆیە ئەم بەیاننامەیە دەخەینە بەرچاو بۆ راكێشانی سەرەنجی لایەنە پەیوەندیدارەكان .

دەقی بەیاننامەی ئینستتیوتی پەی :
بۆ بەڕێزان/ - وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی - ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
بابەت/ یاداشتی ناڕەزایی
پاش سلاو و رێزمان..
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتدا هاتووە كە لە كۆبوونەوەی رۆژی 8/3/2017 ی ئەنجومەنی وەزارەتتاندا كە لە زاخۆ بەسترابوو: "بڕیاردرا لەمساڵەوە ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی (زمانی كوردی و عەرەبی) بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزە لە كاتی پێشكەشكردن بۆ كۆلێژە پزشكی و ئەندازیاری و زانستیەكان ئارەزومەندانە دەبێت". بەڕێزان... لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر زمانی نەتەوەیی كوردی، بەتایبەتی لە سیستەمی پەروەردەو فێركردندا، پێمان باش بوو ئەم یاداشتە بخەینە بەردەم بەڕێزتان، چونكە زمان یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی دروستبوونی (نەتەوە) و ناسنامەو شوناسی نەتەوەییە و هەر تاكێكیش زمانی نەبێت، هەمیشە شوناس و بونی خۆی نادۆزێتەوە و دەكەوێتە بەردەم مەترسیەوە. لەم روانگەیەوە بەپێویستی دەزانین ئەنجومەنی وەزارەت چاوێك بەم بڕیارەدا بخشێنێتەوە لەبەر ئەم هۆكارانە:
یەكەم: ئەم بڕیارە پێچەوانەو دژی چەند یاسا و بڕیارێكە، لەوانە:
1. پێچەوانەی مادەی (4)ی دەستوری كۆماری عیراقە كە تیایدا زمانی كوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی وەك دوو زمانی فەرمی ناسێنراون. هەروەك تیایدا هاتووە: "زمانی عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمین لە عیراقدا، مافی سەرجەم عیراقیەكان پارێزراوە لە فێركردنی رۆڵەكانیان بە زمانی دایكیان وەك توركمانی و سریانی لە دەزگاكانی فێركردنی دەوڵەتدا بەپێی یاسا پەروەردەییەكان.
2. پێچەوانەیە لەگەڵ مادەو بڕگەكانی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2014 ی زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق. كە سەرجەم یاساكە جەخت لەسەر ڕۆڵ و بەهای زمانی كوردی لە هەموو ناوەندەكاندا‌ دەكاتەوە.
3. پێچەوانەیە لەگەل یاسای ژمارە(7)ی ساڵی 2014ی زمانە فەرمییەكان كە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندكراوە و تیایداجەخت لەسەر گرنگی زمانی كوردی و عەرەبی كراوەو و بەها و ڕۆڵی هەروو زمانەكەی بە یاسا ڕێكخستووە.
4. پێچەوانەی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 1997 ئەكادیمیای كوردییە كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە.
دووەم: ئەم بڕیارە وێكدێتەوە لەگەڵ ئەو بڕیارانەی رژێمی بەعسی روخاو سەبارەت بە زمانی كوردی دەریدەكرد، بۆ نمونە:
1. سیاسەتی بەعەرەبی كردنی پرۆگرامەكانی خوێندن و پەراوێزخستنی زمانی كوردی لەلایەن بەعسەوە لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولەوە لە ساڵی 1976 بە دواوە، كە سەرجەم وانە كۆمەلایەتیەكانی لە قۆناغەكانی خوێندنا كرد بە عەرەبی و بەمەش هەوڵی قرتاندنی زمانی كوردی و پەراوێزخستنی دەدا.
2. یەكێك لە سیاسەتەكانی ڕژێمی عێراقی بێبەشكردنی تاكی كورد بوو لە نوسین و خوێندن بە زمانی كوردی، ئەویش بە داخستنی قوتابخانەكان و گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن بۆ زمانی عەرەبی، كە بە فەرمانی حزبی بەعس ـ نوسینگەی تەنزیمی شیمالی بە ژمارە (71) لە (18/3/1989) كە ئاراستەی سەرجەم پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و سلێمانی كراون، بە ناونیشانی (الدراسە الكردیە)و تیایدا ئاماژە بەوە دەدات، پاش كۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئەنفال، پێویستە سەرلەنوێ چاو بە سیستەمی خوێندن بخشێنرێتەوە و بۆ ساڵی خوێندنی (1989-1990) خوێندن لە سەرجەم قوتابخانەكاندا بە زمانی عەرەبی بێت، واتە بەعەرەبكردنی پرۆگرامی خویندن لە ناوچە كوردییەكاندا بە مەبەستی سڕینەوەو قەدەغەكردنی نوسین وخوێندن بە زمانی كوردی .
3. بە مەبەستی پەراوێزخستنی زمانی كوردی لە سەرجەم خوێندنگاو پەیمانگا و زانكۆكاندا، ڕژێمی بەعس بە فەرمانی ژمارە (632) لە (7/10/1989)دا بڕیاریدا، هەر خوێندكارێك لە بابەتی زمان و ئەدەبی كوردی دەرنەچوو، ئەوا بە كەوتوو هەژمارناكرێت. واتە ئەم بابەتە لە پرۆگرامەكانی خوێندندا هیچ بەهاو گرنگییەكی نییە، بۆیە پشتگوێ بخرێت و وازی لێ بهێنرێت، لە هەمان كاتدا فێرخوازانی كورد وا ڕابهێنێت، كە زمانی نەتەوەییان زمانی زانست و زانیاری نییە .
4. بڕیاری ژمارە (12136)ی بەشی كاروباری ئەمنی وەزارەتی ناوخۆی عیراق كە لە 21/9/1999 دەرچووە، تیایدا هاتووە كە خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركوك لەسەرجەم قۆناغەكانی خوێندن (هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا زانكۆ) قەدەغە دەكرێت و دەبێت بە زمانی عەرەبی بخوێنرێت. هەروەها زمانی كوردی قەدەغە كراوە كە بەكار بهێنرێت لەلایەن خوێندكاران و دەستەی مامۆستایانەوە. 5. پەراوێزخستنی هەردوو بەشی زمان و ئەدەبی كوردی لە زانكۆكانی بەغدادو سەلاحەدین لەلایەن رژێمی بەعسەوە، بەوەی نزمترین كۆنمرەی دەرچووانی قۆناغی شەشەمی ئامادەیی لەو بەشانە وەردەگیران، ئەمەش وای لە فێرخوازانی كورد دەكرد، كە ڕوبكەنە بەشەكانی تری زانكۆ و پەیمانگاكان.
سێیەم: ئەم بڕیارە دەبێتە مایەی پەراوێزخستنی زمانی كوردی لەم چەند خاڵەدا :
1. ئەم بریارە‌ بێبەهاكردنی زمانی كوردییە لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن هەر لە قۆناغی باخچەی ساوایان و سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەوە تا دەگاتە زانكۆ و پەیمانگاكان، چونكە ئیتر زمان و ئەدەبی كوردی لای خوێندكارانی كورد هیچ ڕۆڵ و گرنگییەكی خۆی نابێت لە پرۆسەی خوێندن و فێركردندا، تەنها بۆ دەرچوونە و بەهای زانستی نامێنێت .
2. ئەم بڕیارە دەبێتە مایەی پەراوێزخستنی دەرچووان و فێرخوازانی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆكاندا .
3. ئەم بڕیارە دەبێتە مایەی پەراوێزخستنی بەشەكانی زمانی كوردی لە زانكۆكاندا كە لەمەودووا خوێندكاران وەك پێویست رووی تێنەكەن.
4. ئەم بڕیارە دەبێتە مایەی ئەوەی كە بابەتی زمان و ئەدەبی كوردیش وەك وانەكانی (هونەر و وەرزش) پەراوێز بخرێت، هەروەك پەراوێزخراون.
چوارەم: ئەم بڕیارە شێوازی دەركردنی نازانستیەو بە رێكارێكی ناڕاست دەرچووە:
1. بۆ دەركردنی بڕیارێكی لەم شێوازە دەبوایە لە كۆنفرانسێكی زانستییدا بە ئامادەبوونی كەسانی پسپۆر و زانایانی زمان و خەمخۆرانی پەروەردەیی و شارەزایانی دەوڵەتەوە بڕیاری لێ بدرێت و لایەنە باش و خراپەكانی دەستنیشان بكرێت.
2. بۆ دەركردنی ئەم بڕیارە دەبوایە بۆچوونی وەزارەتی پەروەدە وەربگیرێت كە پەیوەندیدارە بە بابەتەكەوە.
3. بۆ دەركردنی ئەم بڕیارە دەبوایە سەرۆكی زانكۆكان بەرلەوەی دەستی رەزامەندی بۆ هەڵبڕن، پێشتر بۆچوونی ئەنجومەنی زانكۆكانیان و بەشەكانی زمانیان وەربگرتایە.
4. ئەگەر مەبەست لێی جیاكردنەوەی پسپۆری بێت، پێویستە لە قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەییەوە هەنگاوی بۆ بنرێت و پسپۆرییەكان جیابكرێنەوە، بەو مەرجەی زمانی كوردی كە زمانی نەتەوەییە دەبێت هەمیشە بمێنێت و گرنگیی پێ بدرێت.
بەڕێزان... ئاساییە ئەگەر لە رابردوودا رژێمی بەعس كە داگیركەر بوو دژایەتی زمانی كوردیی كردبێت و هەوڵی پەراوێزخستنی دابێت، بەڵام ئەمڕۆ هەمان هەوڵی پەراوێزخستن لەلایەن حوكمی خۆماڵی و بەتایبەت تریش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای كوردستانەوە جێگەی شۆك و سەرسوڕمانە كە بە دەستی خۆمان زمانی كوردی لەناو ببەین. هەر لەبەر ئەمانەی باسمان كرد، ئێمە وەك رێكخراوێكی مەدەنیی پەیوەندیدار بە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵاوە، ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین لەهەمبەر سیاسەتی پەراوێزخستنی زمانەكەمان، داواكارین ئەنجومەنی وەزارەتی بەڕێز لەهەست كردن بە لێپرسراویەتیانەوە چاوێك بەو بڕیارەدا بخشێننەوەو بەزووترین كات ئەم بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە، زمانی نەتەوەیی كوردیش وەك پایەكی سەرەكی لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان و ناوەندەكانی خوێندن بەخورتی (ئیجباری) بێت، نەك بەئارەزوو (ئیختیاری). چونكە ناكرێت زمانی كوردی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بەراورد بكرێت كە ئەو زمانانە نەتەوەكانیان مێژووێكی سەدان ساڵەیان لە دەوڵتداریدا هەیەو لەخەم رەخسیون و بەشێوەی ستاندارد زمانی خۆیان رێكخستووە، لەكاتێكدا زمانی كوردی تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت لەبەردەم هەڕەشەو مەترسیدایە. بەپێچەوانەوە ئەم پەیامی ناڕەزایەتییەمان سەرەتای هەڵمەتێك دەبێت، بە هاوكاری ناوەندە زانستیەكانی زمانی كوردی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پسپۆران و خەمخۆرانی پەروەردەو زمان و نەتەوەكەمان هەموو رێكارێكی مەدەنی و یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەگرینە بەر، و خوازیارین لە هەموو كەس و لایەنێك دژی ئەم كارە بوەستنەوە و ڕێگری لەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكەن .
لەگەڵ رێزماندا ..
ئينستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

10/3/2017