Midya.jpg

"پەرلەمان لاوازە"

Nov 6, 2014  |   هەواڵەکانی پەی 

هەولێر- ئارام سەردار
ئەنستتیوتی پەی بۆ پەرەوەردە و گەشەپێدان یەكەمین راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەی چاودێری پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و بەگوێرەی راپۆرتەكەش لەم خولەدا لە ماوەی یەك ساڵی كاركردنی پەرلەمان لەك ۆی 61 پرۆژە یاسا تەنها 6 یاسایان پەسەندكراون و هەروەها پەرلەمانیش نەیتوانیوە بەئەركی خۆی هەڵبستێ‌ لەچاودێری كردنی حكومەت و بانگهێشتكردنی وەزیرەكانی.


د. سەروەر عەبداولڕەحمان بەرپرسی ئەنستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە دەسپێكی خولی چوارەم باش نەبوو، لە كاتی خۆی دەستی پێنەكرد كە بەگوێرەی یاسا دەبوایە پێش 1/11/2013 ئەنجامبدرابا، بەڵام 6 ڕۆژی بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕی واتە لە 6/11 پەرلەمان كۆبونەوەی خۆی كرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ و 23 ڕۆژ ئینجا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا، بۆیە هەر لەسەرەتاشەوە جۆرێك لە نەیاری و پێكدادان لە پەرلەمانی كوردستان دروست بوو كە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە، ئەمەش كاریگەری هەبووە لە سەر ئەدای پەرلەمان لە پێشكەشكردنی پرۆژە یاساكان و پەسەندكردنیان و دانانی سەرۆكی لیژنەكان كە تاوەكو ئێستاش 3 لیژنە سەرۆكایەتی نییە و پێچەوانەی پەیڕەوەی ناوخۆش خولی كۆبونەوەكانی ناو نەناوە.


لە بارەی چاودێری كردنی حكومەتیشەوە وتی :"پەرلەمان وەك پێویست ئەركەكەی بەجێ‌ نەگەیاندووە و لە ماوەی یەك ساڵ كاركردنیدا تەنها 4 وەزیر هاتونەتە پەرلەمان كە تەنها دوو وەزیریان بۆ قسەكردن بووە، ئەوانیش یەكێك خۆی چووە، یەكێكش بانگهێشتكراوە، هەروەها تەنها 11 وەزیر لەكۆبونەوەكانی لیژنە تایبەتمەندەكان بەشداربوون، بۆیە وەك پێویست نەیتوانیوە چاودێری حكومەت بكات، هەرچەندە ساڵێك بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم خولە بەس نییە و ئومێدەوارین لە داهاتوو باشتربێت و كەم و كوڕییەكان چارەسەربكرێن.


ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەكان كارەكانیان لاوازە و تەنانەت لە نوسینی ڕاپۆرت، هەروەها ژمارەیەك پرۆژە یاسا پێشكەش كراون لەیەك فراكسیۆن كە دژ بەیەكن، یاخود توێژینەوەی دەرچون كراوە بەپرۆژە یاسا، لەگەڵ ئەوەی 61 پرۆژە یاسا پێكەش كراوە لەم خولەدا تەنها 6 یاسا پەسەندكراوە كە 3 یاسایان تەنها چەند ماددەیەكی هەمواركراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمێرەی كۆتایی (حسابات خیتامی) ساڵی 2012 و 2013 تاوەكو ئیٍَستا لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، ئەمە جگە لەوەی چەندین پێشێلكاری كراوە لە كاتی چونی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان.

٢١٠٤/١١/٦

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

http://archive.xelk.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=6526&Jor=1