وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ بڕیار یان پێشنیازێک لە هیچ شوێنێکی وەزارەتەکەیانەوە یان لە پەرلەمانەوە کرابێت بۆ ئەوەی جگە لە رۆژی هەینی، رۆژانی شەممەش لە ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو.
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووه: "هیچ بڕیارێک لە وەزارەتی پەروەردەوە نییە بۆ ئەوەی رۆژانی شەممە لە ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو. هەروەها هیچ پێشنیازێکیشمان لە هیچ شوێنێکەوە بۆ نەهاتووە بۆ ئەوەی ئەو رۆژە بکرێتە پشوو".
چەند رۆژێکە دەنگۆیەک لە سۆشیاڵمیدیا هەیە گوایە پیێشنیازێک هەیە کە رۆژانی شەممە لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بکرێتە پشوو.
گەلاوێژ عوبێد سیان، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ههمان كهناڵ رەتیکردەوە ئەوان هیچ پێشنیازێکیان لەلایەن مامۆستایانەوە پێگەیشتبێت بۆ ئەوەی رۆژانی شەممە بکرێتە پشوو و وتی: "لێژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازی وامان نەکردووە".
لە ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەش رۆژی هەفتە دەوامی فەرمییە و تەنیا رۆژانی هەینی پشووە، لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی پشووی رۆژانی شەممە لە ناوەندەکانی خوێندن بڵاوبوویەوە گوایە بەهۆی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قوتابخانەکان پێشنیازێکی لەوجۆرە لەلایەن بەشێک لە مامۆستایانەوە کراوە.
14ی ئەیلوولی 2021، ساڵی نوێی خوێندنی 2021-2022 لە ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی باشووری کوردستان دەستیپێکرد، پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بە بەشداریی زیاتر لە 1 ملیۆن و 800 هەزار قوتابی و 162 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە 7 هەزار و 145 قوتابخانە و ناوەندی خوێندن دەستپێکرد.
بەپێی ساڵنامەی خوێندن، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ هەفتەی یەکەمی خوێندنی بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندنی لەدەستچووی ساڵی خوێندنی 2020-2021ی تەرخانکردووە، قەرەبووەکە قۆناخەکانی (2-3-4-5-6-8-9)ی بنەڕەتی لەگەڵ قۆناخی 11ی ئامادەیی دەگرێتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکان ئەو بەشەوانانەی دیاریکردووە کە پێویستە لە ماوەی ئەو سێ هەفتەیە بخوێندرێن.