Parwarda.jpg

وادەی دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندنی ئەمساڵ راگەیەندرا

Sep 11, 2022  |   پەروەردە 

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگیاند بۆ ئەمساڵی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان تەواوی ئامادەکاریەکان کراون و ھیچ کێشەیەکمان نییە و لەوادەی خۆیدا پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی نوێ دەست پێدەکات بەبەشداری ملیۆنێک و ٧٥٠ ھەزار قوتابی و نزیکەی ١٥٠ ھەزار مامۆستا.

سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئامادەکاری تەواو بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن کراوە و لە ١ی٩ سەرجەم مامۆستایان دەست بەکاربوون و ھەموو قوتابخانەکان ئامادەن و ئەو شوێنانەی پێویستیان بەنۆژەنکردنەوە ھەبووە کراوە و پەرتووکی نوێ چاپکراوە و ئەوەی رێنماییە دەرچووە، بۆیە ئامادەکاریەکان زۆر باشکراون".

ئاماژەى بەوەشکردوە، ١٤ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن لەسەرجەم قوتابخانەکان دەستپێدەکات و ئەم چەند رۆژە دیاریکراوە کە مامۆستایان و قوتابیان خۆیان رێکبێخن و ھەرچی پێویستە ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پرۆسەی خوێندن دەستپێبکەن.

بریکاری وەزارەتى پەروەردە باسى لەوەشکردوە، ئەمساڵیش نزیکەی ملیۆنێک و ٧٥٠ ھەزار قوتابیمان ھەبوو، لەگەڵ مامۆستایانیش بەوانەبێژانەوە دەگاتە نزیکەی ١٥٠ ھەزار مامۆستا، کە ئەمساڵ دەوام دەکەن و وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە.

له‌ كۆتایشدا وتویه‌تى: ئەمساڵ پێشوەختە ئامادەکاری باش بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن کراوە و ھیچ گرفتێکمان لەبەردەم نییە و ھیوادارین ساڵێک بێت کە سەرجەم قوتابیان تێیدا سەرکەوتووبن.
به‌پێى بڕیارێكى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك رێنمایى تایبه‌ت به‌ خوێندكاران ده‌وترێته‌وه‌ و دواتریش ده‌ست ده‌كرێت به‌ خوێندنى ئاسایى له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى خوێندن.