Zhala_Amin.jpg

مناڵەکەت بەتەنیا مەنێرە بۆ قوتابخانە!

Sep 20, 2021  |   پەروەردە 

ژاڵە ئەمین

باوکی بەڕێز دایکی ئازیز، ئەزانین زۆرێکتان تاقەتی خوێندنەوەی نوسینی زۆرتان نیە بەڵام لەبەرخاتری منداڵەکەت تکایە ئەمە بخوێنەوە.☟

وا دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە تکایە چاودێری مناڵەکانتان بن و ئاگاتان لێیانبێت با ڕەچاوی ئەمخاڵانە بکەین تا قوتابیەکانمان زۆرترین سود لە خوێندن و پەروەردە وەربگرن

٭شەوان زوو مناڵەکەت بخەوێنە بۆ ئەوەی کە بەیانی هەستا تێرخەو بوبێت و نانی بۆ بخورێت و بە دڵێکی خۆشەوە خۆی ئامادە بکات بۆ قوتابخانە نەک بڵێ توخوا با بخەوم نەچم بۆ قوتابخانە و بە زۆر بینێریت، ئەمە زوڵمە و دایک و باوک لە قوتابی دەکات چونکە بەخێوکردنی مناڵ لە ئەستۆی دایک و باوکە.

٭هەرگیز بیرتنەچێ مناڵەکەت بەبێ پارە بنێری بۆ قوتابخانە ئەگەر خواردنت بۆ ئامادەکردبوو زۆر باشترە ئەگەر نا مناڵێکی بچوک تاوانی چییە 4 سەعات یان زیاتر بەبرسیەتی بمێنێتەوە کە جاری واهەیە مناڵەکانمان لە سەعاتێکدا 4 جار سەلاجە ئەکەنەوە و شتێک ئەخۆن ئەگەر بچوکیش بێت، وە ئەگەر برسی بوو مێشکیشی توانای وەرگرتنی وانەکانی نابێت، دەتوانن شەوان پارەیان بۆ بکەنە ناو جانتا و بەیانیش پێش ئەوەی بڕوات بۆ دڵنیای سەیری بکەنەوە.

٭مناڵەکەت فێر مەکە پارەی زۆری بدەیتێ چونکە فێری زیادەمەسەرەفی دەبێت و کە گەورەتر بوو بۆت ڕازی ناکرێ بەو بڕە پارەی، دەشبێتە هۆکاری ئاژاوە و دڵتەنگی بۆ مناڵانی کەمدەرامەت.

٭ دەبەیەکی ئاوی بۆ بکڕە و هەموو ڕۆژێک لە ماڵەوە ئاو بدە بە مناڵەکەت با لەگەڵ خۆی بیبات، لە لایەنی ماددییەوە سودی هەیە واتە پێویست ناکا هەموو ڕۆژێک پارە بدات بە ئاو وە لە لایەنی ژینگە پارێزیشەوە چونکە ئەگەر ئاو بکڕێت هەموو ڕۆژێک دەبەیەکی ئاو ژینگە پیس دەکات.

٭با جل و بەرگ و پێڵاو و جانتای مناڵەکان پاک بن و فێریان بکەن چۆن خۆیان پاک ڕابگرن بۆ ئەوەی فێری پاکی ببن و بە هۆی پیسی کەل و پەلەکانیانەوە هاوڕێکانیان گاڵتەیان پێ نەکەن. هەمیشە چەند کلێنسێک بخەنە ناو جانتاکانیان.

٭ پێویستە لە ماڵەوە مناڵەکانمان فێری پاکردنەوە و ڕێزگرتنی ئەو شوێنە بکەین کە تێیدا دەژی و لەگەڵیدا فێری بکەین پاک و خاوێنی قوتابخانەکەی ڕابگرێت و پیسی نەکات هاوکاریش بێت بۆ پاکردنەوەی قوتابخانەکەی.

٭باوکی بەڕێز دایکی ئازیز تکایە.. تکایە.. تکایە.. مناڵەکەت کوڕ بێت یان کچ بە تەنیا مەینێرە بۆ قوتابخانە سەردەمێکی خراپە ڕێژەی دەستدرێژی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە بە تایبەت دەستدرێژی بۆسەر مناڵان لەم دواییانەدا زیاد بووە، هەتا مناڵەکانمان بپارێزین هێشتا کەمە. ئەگەر پاس و تەکسی بۆ ئەگریت بزانە سایەقەکە کێیە و متمانەپێکراو بێت وە بەبێ مامۆستا لەگەڵ هیچ پاس و تەکسیەک مەینێرە.

وەئەگەر بە پێ ئەڕوات یان خۆت ڕۆژانە بیبە یان هەندێک هاوڕێی بۆ بدۆزەرەوە کە هاتوچۆی لەگەڵ بکات یەک هاوڕێ و دوان بەس نییە چونکە ئەگەر ئەوان نەیەن مەجبور ئەبێت بە تەنیا بێ.

٭ئامۆژگاری مناڵەکەت بکە بە ڕاستەڕێگاکاندا بڕوات بەو شوێنانەدا کە زیاتر ئاوەدانن، بە کۆڵانی تەنگ و چۆڵدا نەڕۆن، مەهێڵە ڕۆژانە ڕێگاکەی بگۆڕێت و لە شوێنی جۆراو جۆرەوە هاتوچۆ بکات با تەنیا یەک ڕێگای هەبێ.

٭کاتێک مناڵەکەت لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە هەموو پرسیارێکی لێ بکە، ئەمڕۆ چیت کرد؟ چیت خوارد؟ چیت خوێند؟ چەندین پرسیاری تریش بۆ ئەوەی ئاگادای هەموو شتێکی مناڵەکەت بیت و فێر ببێت هەموو شتێکت بۆ باس بکات.

٭ئامۆژگاری بکە چی بکڕێت لە قوتابخانە و چ خواردنێک خراپە نابێ بیکڕێت و هۆکارەکەی بۆ ڕوون بکەرەوە.

٭بۆ کارە باشەکانی پاداشتی بکە و بۆ هەڵەکانی سزای گونجاوی بدە.

٭وەک دەزانین 2 ساڵی ڕابردوو خوێندن وەک پێویست نەبووە و زانستی تەواویان وەرنەگرتووە کاتێکی زۆریان بە سەیرکردنی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەسەر بردووە تکایە با لە کاتی خوێندندا بەکاریان نەهێنن و لێی دووربکەونەوە، چونکە لەگەڵ ئەوەی چاویان کز دەبێت توانای مێشکیشیان لاواز ئەبێت.

٭ ئامۆژگاری مناڵەکەت بکە لەگەڵ سەیارەی کەس سەرنەکەوێت لە ڕێگەی قوتابخانە، بەڵێ هیچ کەسێک جگە لە باوک و برای خۆی، تەنانەت کەسە نزیکەکانیشت، تەنانەت ئەگەر باران و سەرماش بوو، چونکە زۆربەی فڕاندن و دەستدرێژی کردنەکان بەمشێوەیە ڕوویانداوە. ئەم خاڵەت زۆر بەباشی لەبیربێ.

٭ مامۆستا داری سحری پێ نییە هەموو شتێک فێری مناڵەکەی تۆ بکات، مامۆستا ڕێنیشاندەرە تکایە سەعی بە مناڵەکانتان بکەن و لێپرسینەوەیان لێ بکەن چونکە 4 سەعات لای مامۆستایە 20 سەعات لای تۆیە، کۆتای ساڵ مەچۆ گلەیی لە مامۆستاکەی بکەیت بڵێی هیچ فێرنەبووە چونکە تۆش وەک باوک و دایک بەرپرسیت لە پەروەردە و فێرکردنی مناڵەکەت.

٭کاتی قوتابخانە و بە تایبەت تاقیکردنەوەکان هاتوچۆ و خزمایەتی کەم بکەنەوە تکایە، ڕەنگە تۆ گرنگی بە مناڵەکەی خۆت نەدەیت و بڵێی دەی قەینا با سەعی نەکات میوانییەکە خۆشترە و جەوێک ئەگۆڕین، ئەی ئەو ماڵەی کە تۆ ئەچیت بۆ ماڵیان؟ ئەی ئەگەر بەهۆی میوانداری تۆوە نەیتوانی سەعی بە تەلەبەکەی بکات. یان ئەگەر زەرووری بوو چویت تا 12ی شەو دامەنیشە چا بخۆیتەوە، ئەرکی خزمایەتیت بەجێ بگەیەنە و زوو بڕۆرەوە ماڵی خۆت. لە ڕۆژە پشووەکاندا میوانداری و چوونە دەرەوەکانتان ڕێک بخەن. تکایە با نەبینە ئەزێت و بارگرانی بەسەر خزم و کەس و کارمانەوە.