Sarokiharem.jpg

سه‌رۆكى هه‌رێم: سیستمی پەروەردە پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی ریشەیی هەیە

Sep 19, 2021  |   پەروەردە 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، "سیستمی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان، هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاوەك قۆناخی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و خوێندنی باڵا، پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی جیددی و ریشەیی هەیە."

 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە میانی وتارێكدا لە كۆنفرانسی پەروەردەیی لە دهۆك سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سیستمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، "پێویستی بە چاككردن و چاكسازی هەیە، بە شێوەیەك لەگەڵ پێوەرە زانستی و ستانداردە جیهانییەكانی ئەمڕۆی پەروەردە و خوێندندا بگونجێت و بتوانێت تەبا و هاوشانی ئەو پێشكەوتنە خێرایانەبێت كە رۆژانە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا دێنە پێش."

 نێچیرڤان بارزانی وتیشی، زانست و تەكنەلۆژجیا هێندە خێرا پێشدەكەون، ئەگەر بەخۆمان نەكەوین و هەوڵ نەدەین لەگەڵیان بڕۆین، دەمێنینەوە. "خراپیش دەمێنینەوە." هەر ئەو پێشكەوتنانەش، چەمك، بەهاو تێگەیشتنی نوێ لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ دروست دەكەن.

 پێشكەوتن و پەرەسەندنەكان ئەوەندە خێران، بە وتەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، "روون و رەوانە كە ئێمە چیتر ناتوانین و ناكرێت دەست بە شێواز و میتۆدی كۆنی پەروەردە و فێركردنەوە بگرین و لەسەری بەردەوام بین. تا رۆژێك زووترە بكەوینە خۆ و دەست بە چاككردن و چاكسازی لە سیستمی پەروەردە بكەین، ئەوەندە زووتر دەگەینە كاروانی كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان لە جیهاندا و ئەوەندە شوێن و پێگەی باشتر لە داهاتووی نزیك و دووردا بۆ وڵاتەكەمان دەستەبەر دەكەین."