Dr.Soran.jpg

چەند ڕێنماییەک لەکاتی گەڕانەوەی منداڵان بۆ قوتابخانە

Sep 14, 2021  |   پەروەردە 

* د. سۆران صابر عثمان
منداڵان کاتێک لە پشو دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن بێگومان گۆڕان بەسەر خەو و خواردن و تەندروستی و ھەڵسوکەوتیان دا
دێت، جا بۆ سەلامەتی منداڵەکانمان ئەو چەند ڕێنماییە دیاریە..
١. ڕێکخستنەوەی کاتی خەو: بۆ ئەوەی منداڵ چاڵاک بێت لە ڕۆژدا و باشتر بێت لە خوێندنی پێویستی بە لایەنی کەم ھەشت بۆ دە کاتژمێر نوستن ھەیە لە شەودا، وە دەبێ زوو بخەوێنرێت و کەشێکی ئارام و دوور لە شاشەی تەلەفزیۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی بۆ فەراھەم بکرێت.
٢. گرنگیدان بە خواردن: پێدانی خواردن کاتێک بەڕێدەکرێت بۆ قوتابخانە بۆ ئەوەی توانا و تەرکیز و تێگەیشتنی تەواوی ھەبێت، دانانی ھەندێ خواردنی وەکو میوە و شەربەتی سروشتی کارێکی باش دەبێت، وە ئاگادار بکرێتەوە لە نەخواردنی گیراوە گازیەکان و چپس و خواردنی دانەپۆشراو.
٣. کاتێ منداڵەکەت توشی نەخۆشیەکی گوازراوەی وەکو کۆڕۆنا و سۆریکە و مێکوتە و گوێ ڕەپە و دەردە سەرما بو ئەوا مۆڵەتی بۆ وەرگرە چونکە پشودان دەبێتە هۆی زوو چاک بونەوەی و ڕێگری کردن لە بڵاو بونەوەی نەخۆشیەکە.
٤. ئەگەر منداڵەکەت نەخۆشی درێژخایەنی ھەیە وەک ڕەبۆ، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی گورچیلەکان و شەکرە وا باشە کوتانی ئەنفلوەنزای ساڵانەی بۆ بکەی وە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی لێ ئاگادار بکرێتەوە بۆ یارمەتی دانی لەکاتی پێویست.
٥. منداڵ فێر بکرێت چۆن پاک و خاوێن بێت و بەشێوەیەکی ڕێک و لەکاتی گونجاو دەستی بە ئاو و سابون بشوات بەتایبەتی پێش خواردن و دوای سەرئاو.
٦. سەیری پرچی منداڵەکەت بکە ئەگەر ئەسپێ ی ھەیە چارەسەری بکە پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ قوتابی تر چونکە بونی ئەسپێ کێشەیەکی باو و بەردەوامی قوتابیانە.
٧. کاتێک ھەستت کرد منداڵەکەت زۆر نزیک دەبێتەوە لە تەلەفزیۆن یان ژانەسەری ھەیە یاخود لە دەرسەکانی دوا دەکەوێت وا باشترە پشکنینی چاوی بۆ بکەی چونکە لەوانەیە کێشەی بینینی ھەبێت.
٨. تا دەکرێت کەمترین کەلوپەل لەناو جانتای پشتی منداڵەکەت ھەبێت کاتێ دەڕوات بۆ قوتابخانە، بۆ دوور بون لە ئازار و کێشەکانی پشت.
٩. فشاری زۆر مەخەنە سەر منداڵەکانتان و ڕەچاوی باری دەرونیان بکەن بەوەی کە جگە لە کاتی خوێندن کاتی پشو و یاری و سەیری تەلەفزیۆنی پێ بدرێت و ھاوسەنگیەک ڕابگیرێت، وە هەر کات هەستت بە خراپ بونی منداڵەکەت کرد لە خوێندن یان لایەنی دەرونی بەدواداچونی بۆ بکە چونکە لەوانەیە کێشەیەکی هەبێت.
١٠. فێری ڕێنمایی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بکرێن و زوو زوو دەستیان بشۆن.
* پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان