Sara.jpg

لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا: سێ گرفتی سەرەکی و سێ پێشنیار

Sep 12, 2021  |   پەروەردە 

م. سارا ئه‌حمه‌د

چەند رۆژێکی تر دەرگای قوتابخانەکان لەهەرێمی کوردستان دەکرێنەوەو ساڵێکی نوێی خوێندن دەستپێدەکات. لەم سەرەتایەوە وەکو مامۆستایەک بەپێویستی دەزانم سێ پێشنیار بخەمە بەردەستی بەڕێز وەزیری پەروەردە بۆ چارەسەرکردنی سێ گرفتی سەرەکی کە بەدرێژایی دەیان ساڵ بوونیان هەیەو بونەتە مایەی لاوازی و کەم بەرهەمی خوێندن و پرۆسەی خوێندن.  

گرفتی یەکەم بریتیە لە ماوەی پشووی نێوان وانەکان. لەهەموو قۆناغەکانی خوێندندا ماوەی پشووی نێوان وانەکان زۆر کەمەو قوتابی یان مامۆستا ناتوانێت هیچ پێداویستیەکی خۆیی تێدا ئەنجام بدات. ماوەی نێوان وانەکان لە قۆناغەکانی سەرەتایی تەنها 5 خولەکەو لە قۆناغەکانی دواتر تەنها 10 خولەکە ئەویش دوای ئەوەی دوو وانە بەسەر یەکەوە دەخوێنن. ماوەی 5 یان 10  خولەک زۆر کەمەو قوتابی و مامۆستا ناتوانن پێداویسیەکانی خۆیان (پێویستی بە تەوالێت، یان خواردنی چایەک یان لەفەیەک) جێبەجێ بکەن. کەمی ئەم ماوەیە وادەکات قەرەباڵغیەکی زۆر لەسەر تەوالێت و حانوتی قوتابخانەکە دروست ببێت کە ئەمەش حاڵەتێکی زۆر ناتەندروستەو هەندێ جاریش دەبێتە مایەی گواستنەوەی نەخۆشی لە قوتابیەکەوە بۆ قوتابیەکی تر و هەروەها پاڵنان و کەوتن و دروستبوونی حاڵەتی نەخوازراو. هەربۆیە تکایە چاو بەماوەی پشووی نێوان وانەکان بخشێننەوە. 

گرفتی دووەم زۆری ژمارەی وانەکانە لە رۆژێکدا. قوتابیان لە هەموو قۆناغەکاندا لە رۆژێکدا 5 بۆ 6 وانەی جیاواز دەخوێنن. ئەم حاڵەتەش کاریگەی نێگەتیڤی لەسەر کواڵێتی وانەکان دروست کردووە، بەم شێوەیە: سەبارەت بە قوتابیان، ئەوان لەوانەی یەکەم و دووەمدا مێشکیان چالاکەو بابەتەکە وەردەگرن بەڵام لە وانەی سیێەم و دواتر ئیتر بەرەو ماندوێنی دەڕۆن و توانای وەرگرتنیان زۆر کەمدەبێتەوەو بەرەو خاڵی سفر دەچێت، و سەبارەت بە مامۆستایانیش، ئەوانیش بەهەمان شێوە ئەو وزەیەی لەوانەی یەکەم و دووم پێیانە هەمان وزە نیە بۆ وانەکانی دواترو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. شایانی باسە گرفتی یەکەم، کورتی ماوەی پشووی نێوان وانەکان، گرفتی دووەمی زۆر زیاتر کردووەو هیچ ماوەیەکی نەهێشتووەتەوە بۆ نوێبوونەوە (refresh) ی مێشکی قوتابیان و مامۆستایان. زۆری وانەکان لەرۆژێکدا بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر کواڵێتی بابەتەکان دروستکردووەو بەهەموو پێوەرێک 5 بۆ 6 وانە لەرۆژێکدا زۆرە. دڵنیاشم لە وڵاتە پێشکەوتووەکان جیاوازەو بەم شێوەیە نیە. 

گرفتی سێیەم تەنها پەیوەندی بە کەرتی پەروەردەوە نیە بەڵام ئەکرێت لێرەدا بەباشی چارەسەر بکرێت و حکومەتیش لەم رووەوە خزمەتێکی گەورە بە هاوڵاتیان بکات لەڕووی دۆزینەوەی کار. گرفتەکەش ئەوەیە کە مامۆستایانی دامەزراو تەنها بۆیان هەیە بە فول-تایم کاربکەن، دەرفەتی پارت-تایم نەرەخساوە. مامۆستایانی هەموو قۆناغە جیاوازەکان دەبێت لە هەفتەیەکدا 6 رۆژ دەوام بکەن، کەئەمەش کاتێکی زۆرەو کاریگەری لەسەر گەرموگوڕی و ئەدای بەرزی مامۆستاکان دەکات بەتایبەت مامۆستایانی رەگەزی مێ کە زۆربەیان ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و ئەرکی ماڵەوەیان لەسەرە. چارەسەرەکەی بەوە دەبێت کە بژاردەی پارت-تایم بخرێتە بەردەست مامۆستان لەبەرانبەر کەمکردنەوەی موچەکەی. ئەم بژاردەیەش هەموو ساڵێک نوێ بکرێتەوە، واتا مامۆستاکە بۆی هەبێت بۆ یەک ساڵ داوای پارت-تایم بکات و ساڵێکی تر بیکاتەوە بە فول-تایم بەگوێرەی بارودۆخی خۆی. بۆ نموونە، مامۆستایەک بۆ ئەمساڵی خوێندن بژاردەی پارت-تایم هەڵدەبژێرێت، 3 رۆژ دەوام دەکات، مووچەکەی بە ئەندازەی ئەوە بۆی کەمبکرێتەوەو ئەو مووچەیەی کە لێی کەم کراوەتەوە بدرێت بەمامۆستایەکی گرێبەست، بەمەش هەم مامۆستای دامەزراو ئاسانکاری بۆدەکرێت و دەتوانێت بە وزەیەکی زۆرتر ئەرکەکانی خۆی ئەنجامبدات، هەم مامۆستای گرێبەستیش سوودمەند دەبێت، لەئەنجامدا وانەکان بەباشترو بە ئەدایەکی بەرزتر ئەنجامدەدرێن. لەهەمانکاتدا، ئەم گۆڕانکاریە رێگایەکی باشە بۆ رەخساندنی هەلی کارو حکومەتی هەرێم لەم رێگایەوە دەتوانێت ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەن بڕوانامەکان بخاتەسەر کار.