Parwarda.jpg

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

Sep 7, 2021  |   پەروەردە 

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی نوێ بۆ بەڕێوەبەر و  فەرمانبەرانی پەروەردە  دەركرد و ڕایدەگەنێت، پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەكان و ناوەندەكانی خوێندن، بەشێوەیەكی خێرا و بێ هیچ دواكەوتنێك كاروباری هاوڵاتییان و سەردانیكاران لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییەكان بەڕێبكەن.
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەبەوەدەكات، لە هەمو ئاستەكانی بەرپرسیارێتی و فەرمانبەرێتی، پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەكان و ناوەندەكانی خوێندن، بەشێوەیەكی خێرا و بێ هیچ دواكەوتنێك كاروباری هاوڵاتییان و سەردانیكاران لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییەكان بەڕێبكەن، ئەو كارەی كە یاسا و رێنمایی ڕێگەی پێداوە، دەبێت بە زوترینكات ئەنجام بدرێت، هەركارێكیش ڕوبەڕوتان ببێتەوە لەدەرەوەی یاسا و رێنمایی، نابێت سەردانیكار بێ وەڵام بێت، دەبێت بەشێوازێكی كارگێڕی دروست وەڵام بدرێتەوە".
باس لەوەشكراوە، لە ڕۆژانی دەوام دەبێت بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردە و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دەوام بەجێنەهێڵن تا دوا نوسراو واژوی لەسەر دەكرێت.
وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "وەزارەتی پەروەردە بەشی سكاڵای ئەلیكترۆنی هەیە، كە ژمارەكانی دیارە و هەر سكاڵایەك بگاتە وەزارەت لەسەر دواكەوتنی مامەڵەی هاوڵاتییان یان شێوازی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ سەردانیكارانی دامەزراوە پەروەردەییەكان و ناوەندەكانی خوێندن لەڕێگەی (بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچون و بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەت) بەدواداچونی جددی لەسەر دەكرێت، پاش بەدواداچون فەرمانبەری كەمتەرخەم لەهەر ئاستێكی بەرپرسیارێتی بێت (تایبەت - ئاسایی) پارێزراو نابێت لە لیژنەی لێكۆڵینەوە و سزای كارگێڕی بەگوێرەی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرت گشتیی ساڵی 1991ـی بەسەردا جێبەجێدەكرێت.