Latif.jpg

ئەنجامی تاقیكردنەوەكان

Aug 24, 2021  |   پەروەردە 

له‌تیف حسێن

خوێندكاری ئازیز

كەسوكاری خوێندكاران

بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی نمرەی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12 ئامادەیی رابگەیەنرێت، بە ئومێدی ئەوەم خوێندكارانی ئازیز نمرەی دڵخوازی خۆیان بهێنن و سەركەوتووبن..

كەسوكارو دایك و باوكی بەڕێز:

ئەگەر خوێندكارەكەت نمرەیەكی نەهێنا كە بەدڵی خۆی یان ئێوە نەبوو، مەكەونە لۆمەكردنی و فشاری بۆ دروست مەكەن، چونكە بیرت بێت ئەوە تەنها تاقیكردنەوەیەكە لە كۆمەڵێك وانەی دیاریكراودا، رەنگە منداڵەكەت لەزۆر بواری تردا نمرەی بەرزو خاوەنی بەهرەیەكی گەورە بێت كە دەرفەت نەبووە خۆی تاقی بكاتەوە، مەرج نییە هەموو ببین بە پزیشك و ئەندازیار، بەڵكو هەموو پیشەو پسپۆڕییەكان بۆ كۆمەڵگەو ژیان پێویستن و بێ‌ ەئوان نە پزشیك و نە ئەندازیار ناتوانن بەردێك بخەنە سەر بەردێك، بیرت بێت فشار مەخەرە سەری و دەرفەتی زۆری لەبەردەمە بۆ ژیان، تكایە ژیانی لەبەردەم بچووك مەكەرەوە.

خوێندكارانی ئازیز:

بیرت بێت تۆ لە بارودۆخێكدا كۆششت كردو تاقیكردنەوەت كرد، كە زۆرێك لە دۆست و نزیكەكانت بە دەست نەخۆشی و قەیرانەوە نیگەران و بێتاقەت بوون تەنانەت كۆرۆنا هەندێكیانی لە ژیان كرد، تۆ دەرفەتی ژیانت ماوە، كە نمرەكەت بەدڵی خۆت نەبوو بیرت بێت ئەوەتا تۆ بە تەندروستییەكی باشەوە دەتوانی ژیان بكەیت و  هەوڵ بدەیتەوەو دەرفەتی زۆرت لەبەردەمە، تكایە خۆت نیگەران  مەكەو خۆت نائارام مەكەو بەردەوامبە، ژیان زۆری تری پێیە بۆ تۆ، هەموو ژیانت لە چەند نمرەیەكدا كۆمەكەرەوە...