xwend1.jpg

وەزیری پەروەردە: خوێندكاران دەتوانن خولی سێیەمیش تاقیكردنەوە بكەن

Aug 12, 2021  |   پەروەردە 

ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بە بەشداری 124 هەزار خوێندكار  تاقیكردنەوەی  ئەزموونە گشتییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستیپێكرد، بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەش هەرخوێندكارێك لە خولی دووەم تووشی كۆرۆنا ببێت، خولی سێیەم تاقیكردنەوە ئەنجامدەدات.

 ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە هەماهەنگیی نێوان هەرسێ وەزارەتی پەروەردە، تەندروستی و كارەبا ئەمڕۆ تاقیكردنەوەی وزاری بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستیپێكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم ڕێكارە خۆپارێزییەكان لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دەگیرێنەبەر و خوێندكار دەبێت ماسك و ماددەی پاككەرەوە بەكاربهێنن و دووریی نێوان خوێندكارانیش بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان دیاریكراوە.
 هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، ئەگەر خوێندكارێك لەكاتی تاقیكردنەوەكان تووشی كۆرۆنا ببێت، سەرجەم تاقیكردنەوەكان لە خولی دووەمدا ئەنجام دەداتەوە، یان ئەو تاقیكردنەوانەی بەهۆی كۆرۆناوە نەیتوانیوە ئەنجامی بدات، خولی دووەم دەرفەتی دەبێت.
باسی لەوەشكرد، ئەگەر خوێندكارێك لەكاتی خولی دووەمی تاقیكردنەوەكان تووشی كۆرۆنا ببێت، بە بەڵگەی لایەنی تەندروستی پشتڕاستبكرێتەوە، دەرفەتیان پێدەدرێت لە خولی سێیەمدا تاقیكردنەوە ئەنجام بدەن، هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، كە 159 خوێندكارمان بەهۆی توشبوونیان بە كۆرۆنا لە خولی دووەمدا، دەرفەتیان پێدرا خولی سێیەم ئەو تاقیكردنەوانە ئەنجام بدەن.
 لەهەرێمی كوردستان لە  تاقیكردنەوەی ئەزموونە گشتییەكانی دوانزەی ئامادەیی 124 هەزار و 869 خوێندكار بەسەرجەم بەشەكان بەشدار دەبن، كە تاقیكردنەوەكان لە دوو هەزار و 367 هۆڵ بەڕێوەدەچن و 16 هەزار وسێ مامۆستا سەرپەرشتیان دەكەن، لەهەمانكاتدا شەش هەزار و 934 خوێندكاری دەرەكیش بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكەن.