Latif_Hsen1.jpg

سبەی تاقیكردنەوەیە

Aug 12, 2021  |   پەروەردە 

لەتیف حسێن

بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێر
سبەی تاقیكردنەوەی كۆتایی قۆناغی 12 دەستپێدەكات، ئەم تاقیكردنەوەیە لەكاتێكدا ئەنجامدەدرێت كە پاش ساڵێك لەنائارامی‌و ناسەقامگیریی دۆخی ئابوری تەندروستی بەهەر شێوازێك بێت گەیشتینە كۆتاییەكەی....
ئێستاش دیسان بارودۆخێكی خراپ دەگوزەرێ‌‌و دیسانەوە پەتای كۆرۆنا تەشەنەیكردوەو میدیاكانیش بەداخەوە لەبری هۆشیاركردنەوەو دروستكردنی ژینگەی ئارام بۆ خۆپارێزی، ترس‌و دڵەڕاوكێی زیاتری دروستكردوە.
ڕاستە دۆخی تەندروستی خراپە، بەڵام پێویستە لانیكەم بۆ ئەم چەند ڕۆژە كەمێك بەئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكەین، خێزان‌و خوێندكارەكانیان نەخەینە دۆخی شڵەژانەوە، با هاوكاربین بۆ ئەوەی ژینگەیەك دروستبێت كە خوێندكار بتوانێت كۆشش بكات‌و تاقیكردنەوەكانی ئەنجامبدات‌و لەگەڵیشیدا خۆی بپارێزێ‌...
خوێندكاری ئازیز..
ئەوەی لەسەر تۆی ئازیزە ئەوەیە كە خۆت لەدڵەڕاوكێ‌ بپارێزیت، بەئارامی كۆ‌وششەكانت بكەو بەئارامیش تاقیكردنەوەكانت ئەنجامبدە، ئەوەی پێویستە بۆ خۆپارێزیت لەناو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بەكاری بهێنەو لەهیچ شتێك سڵ مەكەرەوە، گوێچكەكانت دابخە لەئاست ئەو ڕەشبینانەی كە جگە لەسەر لوتی خۆیان هیچی تر نابینن..
خوێندكاری خۆشەویست، تەنها با بیرت لای ئەوەبێت هەروەك ڕۆژە ئاساییەكانی تری ژیانت ئەم چەند ڕۆژەش بەڕێبكە، مەترسە، تەنها خۆپارێزی بكە، تەنها بابیرت لای ئەو ماندوبونەبێت كە ماوەیەكی زۆرە هەم خۆت‌و هەم خێزانەكەشت چەشتویانەو تۆش بەئارامییەكەوە بەدڵنیایی بەری ڕەنجی خۆت ئەبینیتەوە، دڵنیابە چەند ڕۆژێكەو كۆتایی دێت، بەسەركەوتویی تێیدەپەڕێنی...
ئەوەی لەسەر ئێمەشە بۆ ئێوە، ڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارامە، دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆپارێزی تۆیە، تۆش لەكەشێكی ئارام‌و فێنكدا تاقیكردنەوەكانی خۆت بكەو وەڵامەكانت بەهێمنی بنوسە...
تكایە با ئەم چەند ڕۆژەی تاقیكردنەوەكان هەمومان ڕەچاوی دۆخی خوێندكاران‌و خێزانەكانیان بكەین، ژینگەیەك دروستبكەین كە دوربێت لەترساندنی ئەوان، با ڕەنج‌و ماندوبونیان بەفیڕۆ نەچێت...
بەهیوای ئەوەم بەتەندروستییەكی باشەوە بەسەركەوتویی هەموتان ببینم...