Shawro.jpg

هەر ئەو مامۆستا مەزنەی کە فێرە مامۆستایەتیت کردم

Aug 12, 2021  |   پەروەردە 

وا (کەسی کاکی) پارچە شێلمانە هەڵواسراوەکەی بن پەیژەکانی، دایە بەر بۆرییە ئاسنەکەی نێو مستی و زەنگی دەرسی سێیەمی یەکەم ڕۆژی خوێندی ساڵی نوێی لێدا. هەر دوو سێ دەقیقەی پێنەچوو، چاودێرەکەمان، پڕ بە گەرووی گوتی:
Stand up!
(٣٦) قوتابی، وەک جوانۆ، هەڵساینە سەرپێ بۆ سەناندنەوەی سڵاوی مامۆستا.
Sit down. Thank you.
بە چاوێکی پڕ لە شکۆمەندی و ئارامی و دیقەتدانەوە، سەیرێکی تەواوی پۆلەکەی کورد و بە دەنگێکی بیسترا و بە ئەمر، بە زمانی ئینگلیزی، گوتی: ئەم وشانە، لە دەفتەری کەلیماتدا بنووسنەوە، ئەوجا لە لای چەپی تەختەڕەشەکە ڕاوەستا و قاچەکانی وەکو دوو دەمە مەقەست تێكپەڕاندوو و نووسی:
Business = work that has to be done
Sufficient = enough
Appear = seem
Give up = to stop doing something
Kingdom = a country or a state ruled by a king
لە گەڵ چەند وشەیەکی دیکە....
ئەو مامۆستا باڵابەرزە، ڕێک و پۆشتەوپەرداغ و بە نەزاکەتە، دەستی کرد بە گوتنەوەی یەکەم دەرسی ئینگلیزی ئەمساڵمان. بابەتەکە بەشی یەکەمی چیڕۆکێک بوو بە ناوی:
Everybody’s Business, is Nobody’s Business
سەرەڕای ئەوەی دەرسەکانمان بە زمانی عەرەبی بوو، مامۆستای ئینگلیزیش، هەر بە ئینگلیزی وانەکانی ڕاڤە دەکرد و زۆر پێویست نەبووایا بە عەرەبی هاوتای وشەکانیشان نەدەدا.
جگە لە کتێبی ئینگلیزی کە بابەتەکان و ڕاهێنانەکانی ڕێزمانیشی تێدا بوو، کتێبێکی دیکەشمان دەخوێند، کە کورتە چیڕۆکێک بوو لە شێوەی نۆڤڵێتێک، حەفتانە یەک ڕۆژ لەو کتێبەمان دەخوێندن. چیڕۆکەکە دەرباری ژیانی ڕۆژانەی دوو برا بوون کە لە لەندەن دەژیان.
هەر لە یەکەمین دەرسی ئەو مامۆستایە نوێیەمان، گشتمان هەستمان کرد، کە ڕوخسار و ڕەفتار و گوفتاری مامۆستایەکی جیاواز دەبینین.
هێمن، هەر بە تەماشاکردنێک، وای لە خوێندکاری لاساری دەکرد، ئارەقەی شەرم دەرکات. جددی، هەر وتەیەک لە زاری دەرچوو با، ڕاستی و ڕەوایی و کاردانەوەی لەگەڵ بوو. لە ڕاڤە و دەرس و تواناسازیشدا، دەسەڵاتی تەواوی بەسەر زمانەکەدا هەبوو، دیار بوو کە شارەزا و بەئەزموون بوو لە مامۆستایەتیدا. ئەو کەم پێدەکەنی و لە گەڵمان کەمدوو بوو، بەڵام دەرسەکەشی جۆرە خۆشی و چێژ و تامێکی تایبەتی هەبوو.
خاڵێ درەوشاوەی ئەو مامۆستا نوێیەمان، لەوەدا بووم کە نە توڕە دەبوو، نە هەڵدەچوو، نە قسەی نەشیاو لە زاری دەردەچوو، نە دارو لێدانی هەبوو. دەرسەکەشی تادواین چرکە، جددیەت و زانست و عیلم و مەعریفەت بوو. لە نمرەشدا، دەستی توند بوو. (٤٧)ی نە دەکردە (٥٠)، دەیگوت (٣) نمرە زۆر زۆرە، تۆ یەک و نێو وەدەست بێنە، تا من یەک و نیوەکەی دیکەت بۆ داشكێنم!
من هەر ئەمساڵ، لەو مامۆستا ژێر و هێمن و خاوەن کەسایەتییە سەنگینە فێر نەبووم، دوای دوو ساڵی دیکەش، دیسان وانەی ئینگلیزی پێگوتین.
ئەو مامۆستا مەزنە کە (٥٥)ساڵ پێش ئێمڕۆ، هاتە پۆلەکەمان کە دووی ناونەدی بووین لە قوتابخانەی دواناوندی کۆیەی کوڕان، هەروادەزانم دوێنەکە بوو، کتومت، وشەکانی یەکەمین دەرسی ئەوم لە بیرماوە، بێ پاش و پێش کردنیان... .
جا دوای دوو ساڵانیش لە دەست بەکاربوونم، وەک مامۆستا، کە لە شاری ڕومادی گەڕامەوە، چوومەوە هەمان قوتابخانەکەی خۆم و دیسان بوومەوە بە شاگردی ئەو مامۆستا مەزنە.
ئەوکات، ئێمە (٤) مامۆستای ئینگلیزی بووین لە وەێ، ئەو مامۆستای (یەکەم)مان بوو، جاران ئەو مامۆستایەی لە هەموو مامۆستاکان خزمەتی زۆرتر بووایە، دەکرێ بە مامۆستای (یەکەم)ی گرووپەکەی خۆی. ئێمە وەک باوک تەماشامان دەکرد و هەر یارمەتییەکی زانستی و پەروەردەییمان پێویست با، ئەو دەستی دەگرتین و هەمیشە دەبووە سەرۆکی لێژنەی ئەزموونەکانی بابەتی ئینگلیزی... .
ئەو مامۆستا بەڕێزە، جگە لە چەند ساڵێک کە لە وڵاتی سعودیە مامۆستا بووە، تاوەکو خانەنشین کرا: (١) هەر لە قوتابخانەی دواناوەندی کۆیە مامۆستا بوو. (٢) هەرگیز یەک ڕۆژ داوای پشووی فەرمی نەکردووەو بێ سەبەبیش غائیب نەبوو، (٣) بەدرێژایی ئەو تەمەنە زۆرەی مامۆستایەتیی، قەت ناخۆشییەکی لەگەڵ خوێندکار، مامۆستا یان ستافی قوتابخانە، بە قەراری قەتعی، نەبووە.
هەتا وەک هاومامۆستا، نەهاتمەوە لای ئەو مامۆستا گەورەیە، نەمدەزانی کە ئەو زاتە هێندە سوعبەتچییە و ئەوە هەموو نەکتە خۆش خۆشانە دەزانێ، کە لە گێڕانەوەیاندا تەفەنوونی تێدا دەکردن و قەتیش، دووبارەی نەدەکردنەوە.
مامۆستا عەبدولخالق محەمەد عەلی، پەسن و نمایشکردنی کەسێتی ئەو بە بابەتێک و دووان تەواو نابێ، هەر ئەوەندە دەڵێم:
من لە ژیانمدا، وەک خوێندکار و وەک پیشە مامۆستایەتی، زۆر کەم (مامۆستا)م دیوە. ئەو زاتە یەکێکە لە ژمارە دەگمەنەکان، لە ڕەوشتبەرزی و کەسێتیی بە‌هێز و بەهرەمەندی لە مامۆستایەتیدا و لە هەمووشیان گرنگتر لە مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەری و حەقانییەتدا.
ئەو بە مانای وشە، مامۆستا بوو و ئێستاش، هەر مامۆستای گەورەی خۆمە و تا ئەو ڕاوەستا بێ، وەک درەخت هەر بە پێوە ڕادەوەستم و حەددم نییە دانیشم.
حەیف، تا ئێستا، بە قەد یەک تاکە دەرسی، ئەو مامۆستایە مەزنە، شکۆدارە، پایەدارە، پاداشتی نەدراوەتەوە ... حەیف و مەخابن، ئەوە لە وڵاتان بوویا، سینگ و بەرۆکی دوو کێلۆ مەدالیا و ئاڕمی زێڕ و گەوهەرداری پێوەدەکرا.
خودا دەست بە باڵاتەوە و بگرێ، شارێک و وڵاتێک، بە قەد کوردستان، قەرزاری تۆیە و دەرسەکانت لە چاوماندایەوە، هەمیشە مامۆستا (یەکەم)مەکەمانی ـ هەرچەندە من لە حزوورتا خۆم بە مامۆستا نازانم.
سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی، مامۆستای قەدرگرانم، مامۆستا (عەبدوڵخاڵق)ی هێژا.
((درود لە ڕۆحی کاک ئیسماعیل (ناسراو بە کەسی کاکی) کە لە قوتابخانەکەمان بوو، خودا یاربێ، پایەداریی ئەو زاتە گەورەشتان بۆ بەیان دەکەم، زۆر قەرزاری ئەویشین.))