dr.isma3il-namiq.jpg

سەرنجێکى ياسايى لەسەر کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن ودادگاى باڵاى فیدراڵى

Dec 23, 2019  |    

د. نامیق ئیسماعیل

 


کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن ودادگاى باڵاى فیدراڵى، دوو دامەزراوەن دەتوانن رۆڵى زۆر گرنگ بگێڕن لەبەدیهێنانى دیموکراسى وبەرقەرارکردنى حوکمڕانیەکى باشدا. کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن دوو ئەرکى زۆر سەرەکى هەیە، یەکەمیان بریتیە لەچاودێرى کردنى دروستبوون وهەڵسوکەوتى پارتە سیاسیەکان، جوان راپەڕاندنى ئەم ئەرکە دەبێتە هۆى راست ئاراستەکردنى ژیان ومۆدێلى حیزبایەتى، سەرەنجام پارتى سیاسى مۆدێرن دروستدەبێت وبەئامرازە دیموکراسیەکان مومارەسەى کارى سیاسى خۆی دەکات، بەمەش کایەى سیاسى لەسەر ئاراستەیەکى دروست دەبێت، چونکە ئەگەر پارتى سیاسى تەندروست بێت لەدروستبوون وهەڵسوکەوتیدا، بەدڵنیایەوە فەزاى سیاسیش تەندروست دەبێت، بەپێچەوانەشەوە، هەر کەموو کوڕیەک لەپارتى سیاسیدا رەنگدانەوەى خراپى دەبێت لەفەزاى سیاسیدا. ئەرکى دووەمى کۆمسیۆن بریتیە لەبەڕێوەبردنى هەڵبژاردنێکى پاک وبێگەرد، کۆمسیۆن ناتوانێت ئەم ئەرکە بەجوانى راپەڕێنێت ئەگەر ئەرکى یەکەمى بەباشى ئەنجامنەدابێ. واتە ناتوانێت، هەڵبژاردنێکى باش بەڕێوە ببات، ئەگەر پارتى سیاسى باشى دروست نەکردبێ، هەر لەبەر وابەستەبوونى ئەم دوو ئەرکە بەیەکەوە،فەرمانگەى پارت ورێکخراوە سیاسیەکان کراوە بەبەشێک لەکۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن.
دادگاى باڵاى فیدراڵیش دەتوانێت سێ رۆڵى زۆر گەورە وکاریگەر بگێڕێت، یەکەمیان، دەتوانێت رێگر بێت لەهەر هەڵبژاردنێکى ساختە وخراپ. دووەم، دەتوانێت پارێزەرى دەستور بێت. سێیەم، دەتوانێت رێگر بێت لەتەجاوز کردنى دەسەڵاتێک بۆ سەر دەسەڵاتێکى دیکە.
ئەوەى شایانى باسە، کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن ودادگاى باڵاى فیدرالى، لەرووى یاساییەوە تەواو دەستکراوە بوون بۆ ئەوەى ئەرک ورۆڵەکانى خۆیان بگێڕن، لەرووى واقعیشەوە، ئامرازى پێویستیان بۆ فەراهەم کرابوو. بۆ نموونە، ئەندامانى دادگاى فیدراڵى بەپێى یاسا ماوەى ئەندامێتیان هەتا هەتاییە، واتە کەس ناتوانێت لایانبات، لەرووى مووچە ومافى داراییەوە، باشترین مووچە وخزمەتى دارایى دەکرێن، ئایا ئەم دوو هۆکارە بەس نین بۆ ئەوەى کارەکانین بەو پەڕى پیشەیى وچاونەترسیەوە ئەنجامبدەن؟ ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمسیارانیش لەرووى یاساییەوە پشتگیرى ئەنجوومەنى نوێنەرانیان هەبوو، لەرووى مووچەو مافى داراییەوە باشترین خزمەتیان پێشکەشکراوە، ئیتر بۆچى ئەکەونە ژێر کاریگەرى ئەم وئەوەوە؟ بەڵام بەداخەوە، ئەزموونى هەڵبژاردنى 12/ ئایار / 2018 دەریخست کە ئەم دوو دامەزراوەیە سەرکەوتوو نەبوون لەکارەکانیاندا، بەڵکو یەکەمیان بەتەواوى شکستى هێنا ودووەمیشیان چەندین نیشانەى پرسیارى لەسەر کارایى وراستگۆیى خۆى دروستکرد. کۆمسیۆن خراپترین هەڵبژاردنى بەڕێوە برد، دادگاى باڵاى فیدراڵیش بەهاوبەشى لەگەڵ ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریدا ئەو خراپەیەیان کرد بەیاسا وبەمنەت بەخەڵکى عێراقیان فرۆشتەوە، ئێستاش خەڵکى عێراق باجى هەڵە وکەم وکوڕى ئەم دامەزراوانە ئەدات.
کەواتە چارەسەر چیە؟ سێ گریمانە هەن دەکرێت وەکو بژاردە سەیر بکرێن، بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم دوو دامەزراوەیەدا. بژاردەى یەکەم، هەردوو دامەزراوەکە بەکەسى پسپۆڕى سەربەخۆى بەهێز پڕ بکرێنەوە. بژاردەى دووەم، هەردوو دامەزراوەکە بەپشک پشکێنە پڕ بکرێنەوە، بەجۆرێک رێگە لەوە بگیرێت تەنها لایەنێک دەستیان بەسەردا بگرێت وکۆنترۆڵیان بکات. بژاردەى سێیەم، هەردوو دامەزراوەکە بەخەڵکى شارەزاى بیانى پڕ بکرێنەوە.
بەڕاى من بژاردەى یەکەم ئەگەر جێبەجێ بکرێت زۆر باش وکاریگەر دەبێت، بەڵام قەناعەتم وایە واقعى ئێستاى عێراق رێگە بەم بژاردەیە نادات. بژاردەى دووەم تاقیکراوەتەوە، ئەوە ئەنجامەکەیەتى کە ئەیبینین. کەواتە بەس بژاردەى سێیەم ماوەتەوە، خۆزگە ئەمیش تاقى بکرابایەتەوە بۆ ماوەیەکى دیاریکراو، بمانزانیبا ئەنجامەکەى چۆن دەبێت؟
ماوەتەوە بڵێم ئەم دوو دامەزراوەیە زۆر گرنگن ودەرگاى سەلامەتى دیموکراسی ودەوڵەتى یاسان، بەڵام مەخابن لاوازى کەسەکانى ناو ئەم دوو دامەزراوەیە، نا کارا وبێ کاریگەرى کردوون، چارەسەرى ئەم ناکاراییە بەوە ناکرێت، کەسەکانى دامەزراوەى یەکەم ببرێن بۆ دامەزراوەى دووەم، یان چەند کەسێک لەدامەزراوەى دووەم ودەسەڵاتى دادوەرى بکرێن بەسەرپەرشتیارى دامەزراوەى یەکەم. چونکە ئەگەر کۆمسیارێک متمانەى پەرلەمانى هەبێت ولاواز بێت، جا چاوەڕێى چى بکەین لەدادوەرێک کە پشتیوانى کەسى نیە. کەواتە پێویستە بیر لەرێگەیەکى تر بکرێتەوە، بۆ ئەوەى ئەم دوو دامەزراوەیە بەخەڵکى بەهێز پڕ بکرێنەوە، بۆ ئەوەى بتوانن ئەرک ورۆڵى راستەقینەى خۆیان بگێڕن.