ئاری هەرسین، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی پارتی، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانی جێهێشت و رایدەگەیەنێت، "وازهێنانی مەسعود بارزانی پیلانێكی نێودەوڵەتییە و پیلانگێریە لە خەڵكی كوردستان".
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاری هەرسین رایگەیاند، "دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانم جێهێشت لەبەر ئەوەی ئەو نامەیەی مەسعود بارزانی بۆ پەرلەمانی كوردستانی ناردووە جۆرێك لە پیلانی نێودەوڵەتیە و ئەوەش مانای تەسلیم بوونە، كە هیچی كەمتر نیە لەو پیلانەی كە كاتی خۆی بە دەسیسەی هەواڵگری ئەمریكی كە لە سەرەتایی ساڵانی 1950 لە محەمەد موسەدق لە ئێران كرا".
ئاماژەی بەوەشكرد، "پێموایە ئەو مەسەلەیە بچوككردنەوەی ئیرادەی میللەتێكە لە یەك تاكە كەس بۆ لێدانی كەسایەتی ئەو لە رێگەی ئەویشەوە لێدانی كەرامەتی میللەتێكە، بارزانی سیمبولی ریفراندۆم و سەربەخۆی ئەو پەرچەمداری ئەو دروشمە بوو زیاتر لە سێ ملیۆن كەس لە كوردستان دەستی بۆ بەرزكردەوە و دەنگی پێدا".
ئاری هەرسین ئەوەشی خستەڕوو، "گرنگترین شت لە ئەمڕۆدا بۆ خەڵكی یەكریزی و تەبایی نەتەوەییە بەتایبەت لە ناو كورد و كوردا، ئەوە بۆ چەندین جار سەلێمندرا لە مێژوودا كە نەبوونی یەكریزی لە نێوان كوردا بە قازانجی ئێمە ناشكێتەوە".