kamaran-subhan.jpg

محاسەبەی نیابەت‌

Jun 19, 2016  |    

کامەران سوبحان

 

بە موناسەبەتی تەواوبوونی نیابەتمان

(بە موناسەبەتی فەسخی مەجلیسی ئومەت و تەواوبوونی وەزیفەی نیابەتمان، وام بە موناسیب زانی بەناوی خۆم و ڕەفیقەکانمەوە حساب و کتابێکی خۆمانە لەگەڵ موکیلە موحتەرەکانمانا بکەم،  لە ئیش و کاری لەم دوو ساڵ و نیوەی کە ئێمە وەکیلیان بووین بە دەرەجەیەک حاڵیان بکەم، لەلام وایە کە ئەم ئسوڵە زۆر باشە و لازمە دائیمەن تەتبیق و تەعقیب بکرێ، چونکێ بە سایەی ئێمە مومکینە کە موکیلەکان بزانن کە نائیبەکانیان وەزیفەی وەکالەتیان بە قەدەر ئیمکان بەجێهێناوە یان نا؟)

ئەمە پێشەکی کتێبە بەناوبانگەکەی نووسەر و مێژوونووسی بەناوبانگی کورد (محەمەد ئەمین زەکی بەگ)ە. کە لەدوای تەواوبوونی خولی پەرلەمانتاریی لە عێراق وەک نوێنەری شاری سلێمانی لەساڵی ١٩٢٨ دا بەناوی (محاسەبەی نیابەت. ئەوی حسابی پاکە، لە محاسەبە بێ باکە) بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە بۆ ئەو قۆناغە و ئێستاش گرنگ و بایەخی خۆی هەیە. بەتایبەتیش سەرجەم کار و چالاکییەکانی لە بوارە جیاوازەکانی بۆ شاری سلێمانی و دەروبەریی، ئەوانەی جێبەجێ کراون و ئەوانەشی نەکراون لەو کتێبەیدا خستوویەتییە ڕوو. لەناو کتێبەکانی ئەم نووسەر و مێژوونووسە بەناوبانگەی کورد بەدەر لە (خولاسەی تەئریخی کوردوکوردستان) دوو کتێبی ئەوم زۆر لا گرنگە، کە ئەوانیش (دوو تەقەلای بێ سوود و محاسەبەی نیابەت)ن. چونکە هەردووکیان پەیوەندە بە دیوێکی تری ژیانی ئەو مرۆڤەوە هەیە، بەدەر لەپیشەیی نووسەریی و مێژوو نووسیی. کە کاری پەرلەمانتارییەتی لە دەوڵەتی عێراقدا.

محەمەد ئەمین زەكی بەگ، 12 جار لە حکومەتی عێراقدا پۆستی وەزیریی وەرگرتووە، لەوەزارەتەكانی (مەعاریف، ئەشغاڵ و نیشتەجێكردن، دارایی، گەیاندن، سەربازی..هتد) دوو جار بووەتە نوێنەری شاری سلێمانی لە مەجلیسی ئەعیان (پەرلەمان) لەو بەرپرسیارێتییانەدا بووە و توانیووەتی چەندین کتێبی گرنگ و پڕ بایەخ بنوسێت و تا ئێستا بە یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی مێژووی کورد ئەژمار دەکرێت، لەوانە (خولاسەی تەئریخی کورد و کوردستان، دوو تەقەلای بێ سود، تەئریخی سلێمانی لە دەوری زۆر قەدیمەوە تا ئەوەلی ئیحتیلال) ئەمە جگە لە نووسینی چەند کتێبێکی تری مێژوویی و سەربازیی بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکی.

بایەخی (محاسەبەی نیابەت) لەوەدایە لەماوەی ئەو خولەیدا کە کاری نوێنەرایەتی سلێمانی تەواو کردووە، سەرجەم کار و چالاکییەکانی بە ژمارە و داتا و نمونە لەم کتێبەدا نووسیووە. کە ڕەنگە بۆ نووسینی کتێب و کاری پەرلەمانتاریی کوردێک لە دەوڵەتێکی تازە درووستکراویی وەک عێراق لەو سات و قۆناغەدا کارێکی تازە و گرنگ بووبێت. ئەوەی بۆ من گرنگە وەک خوێنەرێک، دوای چەندین جار خوێندنەوەی(محاسەبەی نیابەت) ئایا لەم سەردەمەدا نوێنەرەکانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم کتێبەیان خوێندووەتەوە؟ ئایا هیچ نوێنەرێک هێندەی ئەمین زەکی بەگ لەدوای تەواوبوونی خولەکەی ئامادەیە بێتە بەردەم دەنگدەرەکانی و بەو شێوە ڕاستگۆییە باسی کار و چالاکییەکانی خۆی بکات و لە کتێبێکدا بەم شێوەیە بە ئامار و ژمارە کارەکانی خۆی بخاتە ڕوو کە چی بۆ ئەو شار و پارێزگایە کردووە کە نوێنەرایەتی کردووە؟

هاوڵاتی دەبێت لە نوێنەرەکەی بپرسێت چیت کردووە؟
ئەمین زەکی بەگ لە کتێبی (محاسەبەی نیابەت) دا وتوویەتییەی  ئەوەی حسابی پاکە، لە محاسەبە بێ باکە.! هەر بۆیە ماوەی کارکردن و شێوازی کارکردنی لە هەمو بوارە جیاوازەکان بۆ شاری سلێمانی خستوەتە ڕوو، بەتایبەتیش لە بوارەکانی (سەحە، مەعاریق، ڕێگاو بان، تەلەگراف و تەلەفون و چەند بوارێکی تر) زۆر بە وردی گێڕاوەتەوە. ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لەو ماوەیەدا چی کردووەو سلێمانی و دەوروبەریی ساڵانە چەند داهاتی هەبووەو دەوڵەت چەندی بۆ سەرف کردووە. هەروەک خۆشی ئاماژەی پێ دەدات، ئامانج لە خستنە ڕووی ئەم داتا و ژمارە و زانیارییانەی لەم کتێبەدا بۆ خۆ هەڵکێشان نییە، هێندەی ئەوەی هاوڵاتی ئەوی کردووە بە نوێنەریی خۆی، مافی ئەوەشی هەیە پاش تەواوبوونی نوێنەرەکەی بزانێ چی کردووە و چۆن نوێنەرایەتییەکەی کردووە؟ لە کۆتایی کتێبەکەیدا دەڵێت”لەسەر ئێوە لازمە تەقدیریی خدمەتی نائیبەکانتان بفەرموون. چونکی ئەو تەشەکرە بە تەبیعەت ئەو لوتف و دڵسۆزییە زیاتر و بەردەواتر دەکات و ئەو تەقدیرەش لەلایەکەوە ئیسباتی نەجابەت و قەدر زانی ئێوە دەکات و لالایەکی تریشەوە بۆ نائیبی تازەتان دەبێتە سەبەبی شەوق و نەشئەی خدمەت.! ”
ئەو لە ماوەی نوێنەرایەتی کرندا، زۆر گرنگی بە بواری (پەروەردە و خوێندن) داوە. کە لەو کاتەدا پێی وتراوە (مەعاریف) زۆر هانی خەڵکی سلێمانی داوە منداڵەکانیان بخەنە قوتابخانە. لەو کاتەدا ژمارەی قوتابخانە لە سلێمانی تەنها یەک قوتابخانە بووە، بەڵام بەهەوڵی ئەم، لە یەک قوتابخانەوە گەیشتە چوار تەنها لە سلێمانی، ئەمە جگە لە قەزاکانی هەڵەبجە و پێنجوێن و چوارتا قوتابخانە هەبووە. باس لەوە دەکات لە گەڕاندنەوەیدا بۆ سلێمانی لە حزووری موتەسەڕیفی شار و هەندێ لە منەوەرانی سلێمانی بایەخی خوێندنم بۆ خستونەتە ڕوو. باسم لەوەکردووە لەم ماوەیەدا مامۆستای کورد وانە بڵێنەوەو قوتابییەکانیشمان فێری زمانی عەرەبی بکەن، چونکە سودی بۆ خۆمان هەیە، دەڵێت “بەعزێ کتێب هەیە وەکو جەبر، هەندەسەی ڕەسمی، تەئریخی تەبیعی و کیمیا ئەمە زۆر موحتەمەلە تا ئایندەیکی دوور بە کوردی درووست نەکرێ، بەم نەوعە تەلەبەکانمان لە ئیسفادەیە مەحروم دەمێنن پاش دەکەون، ئەمە جگە لەوەی تەلەبەی کورد، عەرەبی بزانن دەتوانن داخلی مەکتەبی ئیختساسی وەک هەندەسە و زەراعە و دارموعەلیمی عولیا و حقوق و عەسکەریی ببن. ئەمە جگە لەوەیبە عەرەبی فێربوون دەتوانن بەعزێکیان لەمەولا ئیستیفادە لە مەئمورییەتی لیواکانی تر بکەن.”

لە ئیفرات و تەفریت خۆم دەپارێزم.!
ئەمین زەکی بەگ، هەمو کارەکانی لەو خولەدا، بە وردیی لەم کتێبەکەدا باسکردووە. تەنانەت ئەو پڕۆژانەی لەو سەردەمەی ئەودا بۆ لیوای سلێمانی و دەوروبەریشی جێبەجێ کراون، ئەمەش بە ئەرکی خۆی دەزانێ و پێی وایە هاوڵاتی بۆیە دەنگیان بەو داوە بۆ ئەوەی ئەو نوێنەرایەتیان بکات و کارەکانیان بۆ جێ بەجێ بکات بە بێ هات و هاوار.

لەباسی وەزیفەی نائیب (پەرلەمانتار) ئەمین زەکی بەگ دەڵێت”وەزیفەی نائیب دوو نەوعە: ( ١-عمومی. ٢-خسوسی) بە دورودرێژی لەسەر هەردوو ئەم وەزیفانە دەوەستێت، کە پێویستە پەرلەمانتار بیکات. بە زمانێکی پوخت باسی وەزیفەکان دەکات و لە ئەزموونی کارکردنی خۆیەوە بۆ خوێنەر و دەنگدەرەکانی خۆی باس دەکات و دەڵێت”ئەگەر بەعزێ فکری مناسبتری هەبێت بەیانی دەکات و حکومەت و مەجلیسی ئیرشاد کات، هیچ وەقتێ نە بە سوقی غەرەزی شەخسی نە بەقسەی ئەم و ئەو خۆی نەهاوێتە ناو هەراو زەنای بێ سوود و بێ مەعنا، چونکێ ئەگەر بیکا ئەوەلەن مۆفەق بە خدەمەت کردن نابێو جگە لەمەش لەلایەکەوە خۆی پیاو خراپ دەکا، لەلایەکیشەوە ئابڕووی موکلەکانی و وەتەنەکەشی دەبا. لازمە لەسەر دائیمەن ملاحەزەی حاڵ و ئەحواڵ بکا و لە ئیفرات و تەفریت خۆی بپارێزێ و دائیمەن دوورندیش و موعتەدیل بێ لە فکر و قەناحەتدا سابت بێ و فڕ فڕی نەبێ، لە پێش تەڵەبکردنی هەر شتێکدا ملاحەزەی ئیمکانی بکا.!”

لەم بەشەی کتێبەکەدا ئەو داواکارییانەی خۆی دەخاتە ڕوو، کە لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەشی کردووە بۆ شاری سلێمانی و دەوروبەری جێ بەجێ بکرێن. ئەوەی گرنگە لەژیانی تایبەتی خۆیدا، ئەمین زەکی بەگ، پیاوێکی ئارام و لەسەر خۆ بووە، لە نووسین و کتێبەکانیشیدا، ئەم تایبەتمەندییانە ڕەنگی داوەتەوە. هەر بۆیە کە دوو خول نوێنەر بووە لە بەغدا و لە چەندین کابینەی حکومەتی عێراق وەزیریی وەزارەتی جیاواز بووە، ئەو بنەمای کارکردنەی (نە ئیفرات و نە تەفریت)ە، زۆر کاری لەسەر کردووە. بەتایبەتیش لە سەرەتای درووست بوونی دەوڵەتی عێراقدا هەندێ لە دەستەبژێریی ڕۆشنبیرو سیاسی  کورد ڕەخنەیان لە بەشداریی ئەمین زەکی بەگ و هەندێ لە هاوڕێکانی گرتووە لە دەوڵەتی عێراقدا. بەڵام بەرهەم و کارەکانیانیان بۆ کورد، وەڵام بوو بۆ ئەو ڕەخنانەی کە لەو سەردەمەدا لەسەر بەشداریی ئەوان لەو دەوڵەتدا هەبوو.

بە ئامار و ژمارە و بڕی تێچوونی پارە، باسی ئەو بینا و کارە خزمەتگوزارییانەی کردووە لە ماوەی کارکرناردنی ئەودا وەک (پەرلەمانتار-نیاب) بۆ شاری سلێمانی و دەروبەری جێبەجێ کراوە. بۆ نمونە بە (ڕوپییە) کە پارەی ئەو کات بوو، بڕێ تێچوونی ئەم شوێنانەی خستووەتە ڕوو: (سەرای سلێمانی 300 هەزاری تێچووەو ئەمساڵ تەواو دەبێ. مەکتەبی کچان ٣٢ هەزار، سەرای قەرەداغ ١٢٠ هەزار، سەرای پێنجوێن ١١٠ هەزار، نوقتەی پۆلیس ١٤٠ هەزار، ئیعانە بۆ مەکتەبی هەڵەبجە ٤٠ هەزار. کۆی گشتی، هەندێ تێچووی تر، بە کۆی گشتی لەو ساڵەدا ٨١١ هەزار. ئەمە جگە لەوەی لەم کتێبەدا باسی ناردنی قوتابی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات و غەدر کردن لە قوتابی کورد و لیواکەی ئەو کراوەو بە دیکۆمێنت باسی لێوە کردووە. ئەمە جگە لە باسکردن لە چاپکردنی کتێب بە زمانی کوردی و فەرامۆشکردنی ئەو بوارەی بۆ دەنگدەر و خوێنەرەکانی خستوەتە ڕوو. لە هەریەک لە بوارەکانی بەروبومی کشتوکاڵ و توتن ئامار و کارو چالاکی خۆی باس کردووە. لە کۆتایشدا بە ژمارە داهاتی سلێمانی و دەوربەری لە ساڵانی ١٩٢٥ بۆ ١٩٢٨ دەخاتە ڕوو، لەگەڵ ئەو بڕە پارانەی کە دەوڵەت بۆی سەرف کردووە. لە هەمو بوارەکاندا یەک یەک دەخاتە ڕوو، بەراوردیان دەکات بە یەکتریی.

مەسەلەی شەمەندەفەرەکەی سلێمانی
(قەناعەتی ئەوان وابوو کە لە کەرکوکەوە بە قەراغ چەمی خاسەدا تا لای ژووروی چەمچەماڵ سەهلە، لەوە بەدوا تا تاسڵوجە بە مەسرەفێکی زۆر مومکینە و تاسڵوجە زۆر زۆر زەحمەتە و تەرتیباتێکی تری دەوێ. حەوت ساڵ لەمەو پێش، ڕێگەیەکی تر بۆ شەمەندەفەر کەشفکراوە، ئەویش لە خانەقینەوە بە قەراغ سیرواندا تا نزیک زەڵم دەچێ و لەوێوە دەبرێتەوە بە قەراغ چەمی تانجەرۆدا دەچێ بۆ سلێمانی.!) ئەمە بەشێکی تری هەوڵەکانیی ئەمین زەکی بەگە وەک (پەرلەمانتار-نیاب)لە بواری ڕێگاو بان  و هێنانی شەمەندەفەر بۆ شاری سلێمانی و دەوربەریی. کە لە کتێبی(موحاسەبەی نیابەت) زۆر بە وردی باسی دەکات. کتێبەکە ساڵی ١٩٢٨ نووسراوە، دەڵێ ٧ ساڵ لەمەوبەر واتە ساڵی ١٩٢١ دەبوو لەو ساڵەدا حکومەتی عێراق شەمەندەفەر بۆ سلێمانی بێنێت.! بە ئێستاشەوە ئەو شەمەندەفەرە نەگەیشتە سلێمانی.

هاوینان یان لە کاتی پشوودا ئەمین زەکی بەگ دەهاتەوە بۆ سلێمانی، چینە جیاوازەکان و ئەشرافی شاری کۆدەکردەوەو داوای لێدەکردن پێداویستییە گرنگەکانی بنووسن و بیدەنێ بۆ ئەوەی لە پایتەخت لەگەڵ بەرپرساندا هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن. هەر جارەی ئەو کۆبونەوەیە دەکرا و هاوڵاتی باسی کاتی گەیشتن و درووستکردنی هێڵی شەمەندەفەریان بکردایە. ئەمین زەکی بە پێکەنینەوە کڵاوەکەی سەری دادەگرت و بە خەندەیەک تێکەڵ لە پێکەنین و نیگەرانی دەیوت”بەخودا من لە ئێوە زیاتر پەلەی هاتنی شەمەندەفەرم بۆ سلێمانی، چونکە شەمەندەفەر مەملەکەتەکەی ئێمە ئەحیا دەکاتەوە، ڕەنگە بە فکری ئێوەدا بێت لەو بوارەدا هیچ نەکراوە، بەڵام لاکین تامینتان دەکەم کە ئەوەی مومکین بێت کراوە.”

مانگ و ساڵ هات و ڕۆی، چەندین دەوڵەت لە عێراقدا هاتن و ڕۆشتن، بەڵام ئەو شەمەندەفەرە هەر ناوی هەبوو بەڵام خۆی نەهات و دەرنەکەوت. تا وای لێهات لەناو هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ئەم بابەتە بوویە نوکتەیەک و ئەگەر کارێک زۆر دوا بکەوتایە دەیانوت، کارەکە هێندە دوا کەوت بوو بە شەمەندەفەرەکەی سلێمانی. تا ئێستاش ئەو نوکتەیە هەیە و بە هەمو کار دوا کەوتنێ لە سلێمانی دەوترێت: (هێندە دوا کەوت بوو بە شەمەندەفەرەکەی سلێمانی) ئەو نوکتەیە سەرەتاکەی لەمەوە هاتووە.!

لەگەڵ ئەوەشدا لەبەشی ڕێگاوباندا ئامار و داتا و بڕی تێچوونی ئەو پڕۆژانەی لەو بوارەدا بۆ سلێمانی و دەوروبەریی لەو ماوەیەدا جێبەجێ کراون بە (ڕوپییە) خستووەتە ڕوو. کە لەساڵی ١٩٢٥ بڕی ٥٣ هەزار بووە. ساڵی ١٩٢٦بڕی ١٤٠،٥٠٠ بووە، ساڵی ١٩٢٧ بڕی ١٧٧ هەزار بووە. ساڵی ١٩٢٨ بڕی ٣٠٠ هەزار بووە کە وەک خۆی نوسیویەتی لە میزانییەی فەوقە سادە دایە، دەبێ سەرف بکرێ. کۆی ئەو ماوەیە بە هەندێ تێچووی ترەوە لەو سێ ساڵەدا گەیشتووەتە ٥٧٠ هەزار تەنها بۆ ڕێگاو بانی لیوای سلێمانی و دەوروبەری سەرف کراوە.

ئەمین زەکی بەگ لە (محاسەبەی نیابەت) دا، زۆر کار و لایەنی تری گرنگی ئەو کاتی سلێمانی و کاری (نیابەت-پەرلەمانتاریی) خۆی خستووەتە ڕوو. لێرەدا هەر ئەوەندە دەرفەت هەیە، هیوادارم نوێنەرەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەم کتێبە بخوێننەوە، بۆ ئەوەی بزانن لەو سەردەمەدا ئەمین زەکی بەگ چۆن کاری کردووەو ئێستا ئەوان چۆن کار دەکەن.!