ali.jpg

لەپێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی…

Dec 22, 2022  |   بیروڕا 

عەلی حەمەساڵح

 

لەبارەی جێندەر و ڕێکخراوەکان و دروستکردنی ناوەندی جێندەر لە زانکۆکان و بەشی جێندەر لە حکومەتدا.
منیش بەڕوونی لەواتای تەواوی ئەم چەمکە(جەندەر) نەدەگەشتم.. کاتێک پرۆژە یاسای هەمواری بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هاتە پەرلەمان.. ئەم چەمکە لە هەموارەکەدا بوو..
لێکۆڵینەوەم کرد لە واتاو مەبەست و چۆنیەتی هاتنی ئەم چەمکە.
نەمدەویست قسەی لەسەر بکەم، چونکە ئەوەم بەکاری کۆمەڵناس و درونناسان دەزانی.
بەڵام کە دەبینم لە نێو زانکۆکاندا “نێوەندی جێندەر” دروستدەکرێت.. لە حکومەت بەشی جێندەر هەیە.. دەبینین بوە بە بەشێکی فراوانی گفتوگۆی گشتی.. هەڵوێستی خۆمان لەبارەی ئەم دەستەواژەو بەکارهێنانی ڕوندەکەینەوە.
جێندەر.. لە کورتترین پێناسەدا: مرۆڤ هەستی کرد بەوەی چ ڕەگەزێکە… ئەوەیە، نەک ئەوەی چۆن لە دایک بوە.. واتە: هەستت کرد نێری تۆ نێری.. هەستت کرد مێی تۆ مێی..
تەنانەت.. هەندێک زیاتر دەڕۆن و دەڵێن: هەستت کرد ئاژەڵی ئەوە ئاژەڵی.. هەستت کرد سەگی ئەوا سەگی( transspecies). …..1
لەبارەی پێناسەی جێندەر..
پەیمانگەی کەنەدی بۆ توێژینەوەی تەندروستی، بەم شێوە پێناسەی کردوە…
جێندەر، بریتییە لە ڕەگەزی کۆمەڵایەتی کەسێک.. نەک ئەو ڕەگەزە بایەلۆجییەی کە پێوەی لەدایکبووە، بەڵکو بریتییە: لەو ڕەگەزە کۆمەڵایەتییەی کە دەکرێت کارتێکراو بێت لەلایەن چەندین بارودۆخی کۆمەڵایەتیەوە، بۆ نمونە ئاساییە کەسێک گەر کوڕ بێت بەڵام لە ژینگەیەکی کچانە ژیابێت دواتر پێناسەی خۆی بە کچ بکات یان بە پێچەوانەوە، نەک تەنها کوڕ و کچ، ئەسڵەن جێندەر ئایدێنتی ئاژەڵیش ئەگرێتەوە….2
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی ئەمریکا، بەم شێوە پێناسەی کردوە..
سێکس، بریتیە لە جیاوازییە بایلۆجۆییەکانی نێوان نێر و مێ، کە خۆی لە کرۆمۆسۆم و ئۆرگانەکانی زاوزێ و جیاوازی هۆرمۆنەکان و چەند شتێکی دیکە دەبینێتەوە، بەڵام "جێندەر" ئاماژەیە بۆ ڕۆڵ و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە بنیات نراوەکان و یاساییەکان و کارتێکەرەکان کە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و کولتووریدا ڕوودەدەن و لە سەرانسەری کۆمەڵگاکان و بە تێپەڕبوونی کاتدا دەگۆڕدرێن…3
لە هەندێک شوێنی دیکە کە زۆر بە چڕێ کار لەسەر پرسی جێندەر و ناسنامەی ڕەگەزیی کراوە، ئەگەر کەسێک خۆی بە ئاژەڵ وەسف بکات تۆ پێی بڵێیت تۆ نەخۆشی دەروونیت هەیە تۆ مرۆڤیت نەک ئاژەڵ، ئەوا تۆ بە کەسێکی دەستدرێژیکار و پێشێلکاری مافی تاک دادەنرێیت.4
مەوسوعە بریتانیا، بەم شێوە پێناسەی جێندەری کردوە:
هەستی مرۆڤ بە نەفسی خۆی.. نێرە یان مێ. ناسنامەی جێندەر جێگیرنییە بەو ڕەگەزەی مرۆڤ پێوەی لە دایک بوە..
خۆت هەستت کرد تۆ چیت.. تۆ ئەوەیت…5
پرسیار بۆ ڕێکخراوەکان و هەندێک لە نووسەران؟
تائێستا کەستان پێناسەیەکی ڕوونی جێندەرتان کردووە؟ ئامانجی بەکارهێنانی ئەم چەمکەتان ڕونکردوەتەوە؟
دەپرسین: ئەگەر بابەت مافی مرۆڤ و ئافرەتە.. بۆ چەمک یان دەستەواژەیەکی کوردی بەکارناهێنن لە بری جێندەر؟
لەوانە: بەرگری لە مافی ژن، دادی کۆمەڵایەتی، هاوبەشی خێزانی، مافی مرۆڤ…. هتد!
بەدڵنیایی زۆرێک لەو کەسانەی چالاکوانن و دژی ژنکوژی و ئازاردانی ژنانن نیگەرانن لەوەی کەیسی مافی ژن تێکەڵ بەم پرس و چەمکە کراوەو پێیانوایە ئەمە بە زیان بۆ دۆسیەی بەرگری لە مافی ژن دەشکێتەوە.
جێندەر هاوڕەگەزخوازیە؟
هاوڕگەز خوازی لەنێو جێندەردا بوونی هەیە.. بەو پێیەی نێرێک هەستی کرد مێیە.. کەواتە: مێیەو دەتوانێت لەگەڵ نێرێک هاوسەرگیری بکات! بە پێچەوانەشەوە…. دەکرێیت هەردوکیان بیت لەیەک کاتدا یان هیچیان نەبیت!
واتە: ناتوانین بڵێین: جێندەر بەتەنیا هاوڕگەز خوازی دەگرێتەوە.. وەک چۆن ناشتوانین بڵێین: هاوڕگەزخوازی لەنێو جێندەردا جێگای نابێتەوە…
پرسیاری جدی و جەوهەری ئەمەیە..
لەم دۆخەدا کۆمەڵگای ئێمە ئەم گرفتەی هەیە “ کێشەی جۆری ڕەگەز”یان “جێندەر”. لەپای ئەم هەموو کێشەی بەرۆکی گرتووین بۆ خەڵک سەرقاڵ بکەین بەم چەمک و پێناسەکردنە.
هیواموایە.. نێوەندە زانستی کۆمەڵاتەتیەکان بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ و مافی ژن.. ئەو چەمکە کوردیانە بەکاربهێنن، کە پەیوەستە بەم پرسانەوە… کارێکی نادروستە چەمکێ بۆ مەبەستێ بەکارهاتبێت، بڵێیت لە بەکارهێنانیدا مەبەستم: ڕێگریە لە توندوتیژی دژ بە ئافرەت…
چەمکێ کە پێناسەیەکی جیهانی هەبێت، ناکرێ تۆ بۆ بڵێی بۆ بەمەستێکی دیکە بەکاری دەهێنم!!