ali-hamasalh.jpg

ئەوەی لە ھەولێر دەکرێت ھەرزانکردنی بەنزین نیە

Aug 12, 2021  |   بیروڕا 

 ئەوەی لە ھەولێر دەکرێت ھەرزانکردنی بەنزین نیە، قۆرخکاری و گەندەڵیەکی گەورەیە بە بەنزینی حکومەت دەکرێت..

ئەمڕۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ھەندێک بەرپرسی ئیداری و تەنانەت سیاسیش، وەک دەستکەوتێکی گەورە باس لەوەدەکەن بەنزین لە ژمارەیەک بەنزینخانەی ھەولێر دابەزیوە بۆ ٦٦٠ دینار!!

بەبێ ئەوەی بپرسن ئەم بەنزینە حکومەیەو چ قۆرخکاریەکی گەورە کراوە بۆ بەرژەوەندی سێ گەورە کۆمپانیای کورد نەفت و کارو سەن ئۆیڵ و جگە لە ٢٦ بەنزینخانەی خۆیان سەرجەم بەنزیخانەکانی ھەولێر ناچارن دایبخەن..

پاشان ئەم قۆرخکاریە نوێ نیەو مانگێکە ھەیەو من مانگی پێشوو یاداشتێکم دایە سەرۆکی حکومەت لەسەر ئەم بابەتە..

ئەمەش یاداشتەکە..

بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێم

حکومەتی ھەرێم ڕۆژانە ٢٥ ھەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت.. بە گوتەی وەزیری سامانە سروشتیەکان نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی بەرھەمی ھەیەو لە ڕێگای پاڵاوگەی کارەوە دەیداتە کۆمپانیاکانی کورد نەفت و سەن ئۆیڵ بە ٦٢٠ دینار..

لە بری حەقی پاڵاوتن!!! واتە: بەرمیلێک نەوت بە ١٧ دۆلار دەپاڵێون! بەڵام بۆ عێراق ٨ دۆلار..

-ئەم کۆمپانیانەش بەبێ ئەوەی ھیچ کارێک بکەن ئەمڕۆ ٢٠٢١/٧/١٠، بە جوملە لیرترێک بەنزینیان فرۆشتوە بە بەنزیخانەکانی ھەولێر بە ٨٠٠ دینار!!

-بۆ ئەوەی ھەموو بەنزینخانەکانی دیکە ناچاربن دایبخەن، لە بەنزینخانەکانی سەن ئۆیڵ و کورد نەفت لیترێک بەنزین ٦٦٠ دینارە!

- لە ھیچ کام لە بازگەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە ڕێگا نادرێت بەنزین بێتە سنوری ھەرێمی کوردستان..

قۆرخکاری بۆ کۆمپانیاکانی کارو کوردنەفت و سەن ئۆیڵ و لاناس بەھاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھۆکاری گرفتەکەیە..