RZGAR-ABDULKARIM.jpg

خوێندنی زانکۆیی و بۆلۆنیا پرۆسێس

May 12, 2022  |   بیروڕا 

 د. ڕزگار عەبدولکەریم

مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێت " قەل ویستی وەک کەو بە لەنجە بروات، بۆی نەلوا و ڕۆشتنەکەی خۆیشی لە بیرچوو"
بە داخەوە بە زۆری پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان خۆی لە کۆپی و پەیستکردنی سیستەم و بیرو ئایدیای ووڵاتانی دیکە دا دەبێنێتەوە، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی وورد و زانستی بۆ واقیعی هەریم و کۆمەڵگای کوردی و ناوچەکە بکرێت.
یەکێک لەو مەسەلانەی کە بە پەلەپروزێ هاوردە کراوە بۆ خوێندنی باڵا، سیستەمی بۆلۆنیا پرۆسێسە، بە دڵنیاییەوە پرۆسەکە لە سەر وەرەقە و لە پێشکەکشکردنیدا نایاب و ناوازەیە، پێ دەچیت یارانی ئەم پرۆسەیە هەر بەوەندە ئیکتیفایان کردبێت و نەزانن لە ئەرزی واقیعدا چی دەگوزەرێت و بەشی هەرە زۆری زانکۆکان چۆن بە سەقەتی پرۆسەکە پیادە دەکەن، لەو نێوانەشدا بە پلەی یەک نەوەیەک لە خوێندکار دەبێت بە قوربانی و بە کەمترین زانیارییەوە بروانامەی پێ دەدرێت ، زانکۆ و بەشی زانستییەکان و خودی ماماۆستای زانکۆش لە پرۆسەی کات بەفیرۆداناندا خۆ دەخافڵێنن و خەریکی خوڵکردنە چاوی خۆیان و خوێندکارانن!!
چۆن ؟
1- چونکە یەکەم بەشی هەرەزۆری مامۆستا باوەری بەم پرۆسەیە نییە، نەخشی نەبووە لە دارشتینیدا.
2- بە پێی بۆلۆنیا پرۆسێس هەر سیمستەریک نابێت لە ١٥ هەفتە کەمتر بخوێنن، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا ٧ بۆ ٨ هەفتەش وانە ناخوێنرێت .دەبیت تەواکردنی ١٥ هەفتە هیچ چاوپۆشییەکی لەسەر نەکرێت.
3- ئەم سیستەمە لە دۆخێکدا دەگونجێت کە هیچ کلاسێک لە ٢٥ بۆ ٣٠ خوێندکار زیاتری تیدا نەبێت، بەڵام پۆلەکانی ئێمە لە سەروو ٥٠ خوێندکاری تێدایە و هەندێک کلاس نزیکەی ٨٠ خویندکار دەبن .
4- سیستەمەکە مامۆستا ناچار دەکات نمرەکانی بە سەر چالاکییەکاندا دابەش بکات وەک ئامادەکردنی راپۆرت ، کویز ، پێشکەشکردنی سیمینار، میدتیرم و ، لە دۆخی ژمارەی زۆری خوێندکاراندا ئەم چالاکییەیانە بە تایبەت راپۆرت و سیمینار کرداری نابن.
5- زانکۆ و بەش و مامۆستا بە ئاشکرا دەزانن کە ئەو راپۆرتانەی خوێندکاران ئامادەی دەکەن (بەشی هەرە زۆریان ئەگەر نەڵیم هەموویان) نەک کۆپی و پەیستن ، بەڵکو یەک خولەکیش خۆیانی پێوە ماندوو ناکەن و بە ئاشکرا لە بازاردا دوکانی راپۆرت نوسین هەیە و نرخەکانی لە ١٠ هەزارەوە بۆ ٣٠ هەزار بۆ هەر راپۆرتێکە، خوێندکارانیش سور دەزانن کە مامۆستاکان و زانکۆش بەمە دەزانن، بەڵام هەموومان ساوازی بووینەتەوە لە گەڵ یەکتر! لە دۆخێکی ئاوادا من دەپرسم بۆچی قودرەت و توانای خۆمان و خوێندکارانیش لە شتی پروپوچ و بێ بەرهەمدا سەرف دەکەین؟ هەر بەراست بۆچی ئیمە خەریکی خۆخەڵەتاندنین؟
6- هەرسیمستەرێکدا، بە لای کەمەوە خوێندکار بە ٥ وانە بار دەکرێت، باشە ئەگەر هەربەراست ئیمە داوای راپۆرت وسیمیناری راستەقینە لە خوێندکار بکەین بۆ هەر وانەیەک، چۆن خوێندکار فریا بکەوێت؟ چۆن هەم کویز هەم میدتیرم هەم راپۆت و سیمیناری ٥ وانە لەو ماوەکەمەدا ئامادە بکات؟ .
7- ئەم سیستەمە بە حیسابی خۆی خوێندکاری کردووە بە سەنتەری پرۆسەی خوێندن، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا خوێندکار و مامۆستاشی لە سەر رێڕەوی خوێندن دەرکردوە، بەردەوام تەرکیزی لەسەر تاقیکردنەوەیە، خوێندکار تاقیکردنەوەی میدتیرم دەکات، یەک هەفتە یان دوو هەفتەی تر دەخوێنیت ( لە هەندێک حاڵەت و دۆخدا فریای ئەوەش ناکەوێت) و دواترتاقیکردنەوەی کۆتایی دەکات، واتە ئەگەر سۆنەری پرۆسەکە بکەین ئەوا دەگەین بەو دەرئەنجماەی کە پرۆسەی تاقیکردنەوەیە، تەواوی ساڵەکە بەشە زانستییەکان و خوێندکاران سەرگەرمی تاقیکردنەوەن، بە بەروارد بە کاتی خوێندن، رێژەیەکی یەکجار زۆری کاتی خۆیان بە پرۆسەی ئامادەکردن و ڕێکخستن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەوە سەرف دەکەن
8- ئەمە جگە لەوەی کە هەندیک وانە نەک بە سیسمەتەرێک دەرەقەتی نایەت و ناتوانرێت تەواو بکریت، ساڵانەش بۆی کەمە.
زۆر شتی دیکە هیوادارم پیداچوونەوەیەک بەو دۆخەدا بکرێت، چونکە بەراستی دۆخەکە وێرانە.