zed.jpg

کارەکانی سەرجەم فراکسیۆنەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا

Oct 13, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 


دامەزراوەی پەی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، کار و چالاکییەکانی سەرجەم فراکسیۆنەکانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا ڕوونکردووەتەوە. لە خوارەوە، بە داتا و ژمارە کار و چالاکی یەک بە یەکی فراکسیۆنەکان خراونەتەڕوو.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە بەدەستهێنانی ٦٨٨ هەزار و ٧٠ دەنگ، ٤٥ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بردەوە. بە ژمارە ٤٧ ئەندامی فراکسیۆنەکە سوێندی یاساییان خواردووە و ژمارەیەکیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

لەماوەی خولی پێنجەمدا، ٣٢٤ جار ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ٢٧٤ جار لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکان ئامادە نەبوون.

هەر لەماوەی خولی پێنجەمدا، ١٤ پێشنیازەیاسا لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە پێشکەش کراون و خوێندنەوەیان بۆ کراوە، ٣١ پێشنیازەیاسای دیکەیش لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنەکەوە واژۆیان لەسەر کراوە.

ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی یەک ملیار و ٦٥٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دیناریان دوای تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمان وەرگرتووە.

ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لەماوەی خولی پێنجەمدا، هیچ یاداشتنامەیەکیان بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشکەش نەکردووە، بەڵام دوو یاداشتنامەیان بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنی پەرلەمان واژۆ کردووە و هەشت بیرۆکەیش لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنەکەوە پێشکەش کراوە.

ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، سێ هەزار و ٢٤٠ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا قسەیان کردووە و کۆی ماوەی قسەکردنەکەیان ٥٣ کاتژمێر و ٢٠ خوولەک و ١٦ چرکە بووە.

فراکسیۆنەکە، پڕۆژەیاسای پێشکەش کرد بەمەبەستی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە کە دواتر لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقەوە، بە نادەستووری لەقەڵەم درا.

ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، بڕی یەک ملیار و ٦٥٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دیناریان دوای تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمان وەرگرتووە.

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بەدەستهێنانی ٣١٩ هەزار و ٩١٢ دەنگ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، ٢١ کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان مسۆگەر کرد، بەڵام ٢٢ ئەندامی فراکسیۆنەکە سوێندی یاساییان خواردووە، بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێک و هاتنە پێشەوەی یەکێکی دی.

ئەندامانی فراکسیۆنەکە، ٣١٩ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ١٦١ جار لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکانی پەرلەمان ئامادە نەبوون.

لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتییەوە، ١٢ پێشنیازە یاسا، پێشکەشی پەرلەمان کراوە و ئەندامانی فراکسیۆنەکەش واژۆیان لەسەر ٣٦ پێشنیازە یاسا کردووە، بەڵام هیچ یاداشتێکیان بەمەبەستی پرساندن واژۆ نەکردووە.

فراکسیۆنی یەکێتی هاوشێوەی فراکسیۆنی پارتی، پڕۆژەیاسان ئامادە کرد بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە

فراکسیۆنەکە لەماوەی خولی پێنجەمدا، ٢٠ یاداشتنامەی بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان واژۆ کردووە و دوو بیرۆکەش لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنەکەوە خراونەتەڕوو.

بەکۆی گشتی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی، هەزار و ٣٠٣ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان
قسەیان کردووە و ماوەی کۆی قسەکردنەکان ٢٣ کاتژمێر و ٣٩ خوولەک و ٣٨ چرکە بووە. فراکسیۆنی یەکێتی، هاوشێوەی فراکسیۆنی پارتی، پڕۆژەیاسان ئامادە کرد بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانیان درێژکردەوە. ئەندامانی فراکسیۆنەکە، بڕی ٩٠٨ ملیۆن دیناریان وەک مووچە وەرگرتووە، دوای تەوابوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمان.
دامەزراوەی پەی، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە بابەتی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، چوار ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی، لە دەرەوەی سیاسەتی فراکسیۆنەکە بەشداریان لە واژۆکردنی یاداشتێک کردووە، بەڵام فراكسیۆنەکە هیچ یادداشتێكی بۆ ئەم مەبەستە واژۆ و پێشكەش نەكردووە.

فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان بە بەدەستهێنانی ١٨٦ هەزار و ٩٠٣ دەنگ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، ١٢ کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کرد و ١٤ ئەندامی فراکسیۆنەکە سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی دووانیان و جێگرتنەوەی دووانی دی.

پەرلەمانتارانی گۆڕان ٩٧ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ٩٢ جار لە کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان ئامادە نەبوون.

ئەوان بەدرێژایی تەمەنی خولی پێنجەم، یەک پێشنیازە یاسایان پێشکەش کردووە، بەڵام وەک ئەندامانی فراکسیۆنەکە، واژۆیان لەسەر ٢٠ پێشنیازە یاسا کردووە.
ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان واژۆی هیچ یاداشتنامەیەکیان بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە، بەڵام واژۆی ٢٥ یاداشتیان کردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا و یەک بیرۆکەیش لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنەکەوە پێشکەش کراوە.

ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان واژۆی هیچ یاداشتنامەیەکیان بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە

ئەندامانی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا هەزار و ٣٦٩ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەیان کردووە کە ماوەی قسەکردنەکە ٢٣ کاتژمێر و ٤٢ خوولەک و دوو چرکە بووە.
ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوون و واژۆی پڕۆژەیاساکەیان کرد. ئەندامانی فراکسیۆنەکە دوای تەواوبوونی تەمەنی پەرلەمان بڕی ٥٢٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دیناریان وەک مووچە وەرگرتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی، هەرچەند فراکسیۆنی گۆڕان خۆی هیچ یاداشتێکی بەمەبەستی پرساندن واژۆ نەکردووە، بەڵام چەند ئەندامێکی گۆڕان لە دەرەوەی سیاسەتی فراکسیۆنەکە، واژۆی دوو یاداشتیان کردووە. هەروەها، لە پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا، چوار پەرلەمانتاری گۆڕان لە دەرەوەی سیاسەتی فراکسیۆنەکە، دژی درێژکردنەوە بوون، لەکاتێکدا فراکسیۆنەکە خۆی، بەشداربوو لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە واژۆکردنی پڕۆژەیاساکە و دەنگدان پێی. فراکسیۆنەکە، دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دوو ئەندامی نوێیان ناردە پەرلەمان بۆ سوێندخواردن، بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو ئەندامانەی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەستیان لەکارکێشایەوە.

فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

بە بەدەستهێنانی ١٢٧ هەزار و ١١٥ دەنگ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەشت کورسی پەرلەمانیان بردەوە.

نۆ ئەندامی فراکسیۆنەکە سوێندی یاساییان خواردووە، بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی یەکێکیان و شوێنگرتنەوەی یەکێکی دیکە.

پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لەماوەی خولی پێنجەمدا، ٥٥ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا و ٤٩ جار لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکاندا ئامادە نەبوون.

 

فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەدرێژایی خولی پێنجەمی پەرلەمان، هیچ پێشنیازە یاسایەکی پێشکەش نەکردووە

فراکسیۆنەکە بەدرێژایی ماوەی خولەکە، هیچ پێشنیازە یاسایەکی پێشکەش نەکردووە، بەڵام ئەندامانی فراکسیۆنەکە واژۆیان لەسەر شەش پێشنیازە یاسا کردووە. تەنیا یەک یاداشت بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنەکەوە واژۆ کراوە، بەڵام فراکسیۆنەکە واژۆی ٢٨ یاداشتی کردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا.

ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەماندا، هیچ بیرۆکەیەکیان نەخستووەتەڕوو، بەڵام ٤٠٦ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەیان کردووە کە ماوەی کۆی قسەکردنی ئەندامانی فراکسیۆنەکە نۆ کاتژمێر و نۆ خوولەک و ٣٥ چرکە بووە.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوون و بایکۆتیان کرد. لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەماندا، ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ هیچ پێشنیازە یاسایەکیان پێشکەش نەکردووە.

وەک لە ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی ڕوونکراوەتەوە، سەرەتا جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەشت ئەندامی هەبوو، بەڵام دواتر بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیانەوە چوار ئەندامی جیابوونەوە و سەربەخۆییان ڕاگەیاند، پاشان سەرۆكی فراكسیۆنەكەشیان جیابووەوە و تەنیا سێ ئەندام مانەوە. لە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەندامێكی تازەیان سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام لەو مێژووەوە بایكۆتی پەرلەمانیان كرد.

 

فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان

بە بەدەستهێنانی ١٠٩ هەزار و ٤٩٤ دەنگ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، کۆمەڵی دادگەری بووە خاوەنی حەوت کورسی لە پەرلەمانی کوردستان. هەشت ئەندامی فراکسیۆنەکە سوێندی یاساییان خوارد، دوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەندامێک و دەستبەکاربوونی ئەندامێکی نوێ.

ئەندامانی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری ٩١ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ٧٥ جار لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکانی پەرلەماندا ئامادە نەبوون.

فراکسیۆنەکە لەماوەی خولی پێنجەمدا حەوت پێشنیازە یاسای پێشکەش کردووە کە خوێندنەوەیان بۆ کراوە، هاوکات ئەندامانی فراکسیۆنەکە واژۆیان لەسەر ١٤ پێشنیازە یاسا کردووە.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوون و بایکۆتیان کرد. لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەماندا، ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ هیچ پێشنیازە یاسایەکیان پێشکەش نەکردو

کۆمەڵی دادگەری دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوو و بایکۆتی کرد، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان، ئەندامەکانیان بڕی ٢٣٨ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دیناریان وەک مووچە وەرگرت

 

هەر لەو ماوەیەدا، ئەندامانی فراکسیۆنەکە واژۆیان لەسەر سێ یاداشت بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و هەروەها واژۆیان لەسەر ٣٥ یاداشت کردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا.

ئەندامانی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا دوو بیرۆکەیان خستووەتەڕوو. ئەوان، ٧٦٤ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان قسەیان کردووە کە ماوەی کۆی قسەکردنەکەیان ١٤ کاتژمێر و ٣٨ خوولەک و ٢٥ چرکە بووە.

فراکسیۆنەکە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوو و بایکۆتیان کرد، بەڵام ئەندامانی فراکسیۆنەکە دوای تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمان، بڕی ٢٣٨ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دیناریان وەک مووچە وەرگرتووە.

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

بە بەدەستهێنانی ٧٩ هەزار و ٩١٢ دەنگ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمدا، فراکسیۆنی یەکگرتووی کوردستان بووە خاوەنی پێنج کورسی لە پەرلەمانی کوردستان.

لەماوەی خولەکەدا، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ٣٥ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ٤٢ جار لە کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەماندا ئامادە نەبوون.

فراکسیۆنەکە دوو پێشنیازە یاسای پێشکەش کردووە و هەشت پێشنیازە یاسایش لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنەکەوە واژۆ کراوە. هەروەها، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو سێ یاداشتیان بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ کردووە. ئەوان، هەرچەند هیچ بیرۆکەیەکیان لەماوەی خولی پێنجەمدا نەخستووەتەڕوو، بەڵام ئەندامانی فراکسیۆنەکە واژۆیان لەسەر ٣٩ یاداشت کردووە، بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا.

ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا هیچ بیرۆکەیەکیان نەخستووەتەڕوو

ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بەکۆی گشتی ٩١٢ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان قسەیان کردووە و تێکڕای ماوەی قسەکردنەکەیان ١٧ کاتژمێر و شەش خوولەک و ٥٠ چرکە بووە.

ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوون و دەستیان لەکارکێشایەوە، بەڵام بڕی ٨٤ ملیۆن دیناریان وەک مووچە لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان وەرگرت.

وەک لە ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی ڕوونکرداوەتەوە، یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمدا بە هاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی، بەناوی لیستی ئیسلاح بەشداری هەڵبژاردنەكەیان كرد، هەر بۆیە دەنگەكان تەنیا هیی یەكگرتووی ئیسلامی نییە و هیی هەردوو حزبەکەیە، بەڵام تەنها ئەندامەكانی یەكگرتوو دەنگی پێویستیان هێنا و چوونە پەرلەمانەوە.

فراكسیۆنەكانی پێكهاتەی توركمان

فراكسیۆنەكانی پێكهاتەی توركمان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەشت هەزار و ٨٧٣ دەنگیان بەدەستهێنا، بەگوێرەی سیستەمی کۆتای پێکهاتەکان، بوون بە خاوەنی پێنج کورسی.

شەش ئەندامی پێکهاتەی تورکمان لەماوەی خولی پێنجەمدا سوێندی یاساییان خواردووە، بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێک و شوێنگرتنەوەی لەلایەن ئەندامێکی نوێ.

هەر پێنج ئەندامە تورکمانەکە، ٣٤ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ٤٤ جار لە کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەماندا ئامادە نەبوون.

فراکسیۆنەکانی پێکهاتەی تورکمان لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا تەنیا یەک پێشنیازە یاسایان بەناونیشانی (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان) پێشكەش كردووە

لەماوەی خولەکەدا، تەنیا یەک پێشنیازە یاسا لەلایەن پێکهاتەی تورکمانەوە بەناونیشانی (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان) پێشكەش كردووە، بەڵام پەرلەمانتارە تورکمانەکان واژۆیان لەسەر ١٦ پێشنیازە یاسا کردووە.

ئەوان، هیچ یاداشتێکیان بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ نەکردووە، بەڵام سێ یاداشتیان بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان واژۆ کردووە.

ئەندامانی پێکهاتەی تورکمان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هیچ بیرۆکەیەکیان پێشکەش نەکردووە، بەڵام بەگشتی ١٤٣ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەیان کردووە کە تێکڕای ماوەی قسەکردنەکەیان دوو کاتژمێر و ٣٢ خوولەک و چوار چرکە بووە.

ئەندامانی پێکهاتەی تورکمان لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوون و واژۆی پڕۆژەیاساکەیان کرد، دوای تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمانیش، بڕی ١٩٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دیناریان وەک مووچە وەرگرتووە.

فراكسیۆنەكانی پێكهاتەی كریستیان

فراکسیۆنەکانی پێکهاتەی کریستیان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا ١٣ هەزار و ٦٧٧ دەنگیان بەدەستهێنا و بەگوێرەی سیستەمی کۆتای پێکهاتەکان بوون بە خاوەنی پێنج کورسی پەرلەمان.

ئەندامانی پێکهاتەی کریستیان ٤٦ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ٤٤ جار لە کۆبوونەوەی لیژنەکاندا ئامادە نەبوون.

ئەوان، بەدرێژایی تەمەنی خولی پێنجەم هیچ پێشنیازە یاسایەکیان پێشکەش نەکردووە، بەڵام ئەندامانی کریستیان واژۆیان لەسەر ١٧ پێشنیازە یاسا و هەروەها واژۆیشیان لەسەر سێ یاداشت بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان کردووە.

فراکسیۆنەکانی پێکهاتەی کریستیان هیچ پێشنیازە یاسایەکیان پێشکەش نەکرد و ئەندامەکانیانیشیان هیچ بیرۆکەیەکیان گەڵاڵە نەکردووە

ئەندامانی فراکسیۆنەکانی کریستیان، هیچ یاداشتێکیان بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ نەکردووە و هیچ بیرۆکەیەکیشیان لە پەرلەمان گەڵاڵە نەکردووە. بەسەریەکەوە، ئەندامانی کریستیان ١٤٥ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەیان کردووە کە تێکڕای ماوەی قسەکردنەکەیان سێ کاتژمێر و حەوت خوولەک و ٤١ چرکە بووە.

ئەندامانی پێكهاتەی كریستیان لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوون و واژۆی پڕۆژە یاساكەیان كرد. دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمانیش بڕی ٢١٦ ملیۆن دیناریان وەک مووچە وەرگرتووە.

فراكسیۆنی پێكهاتەی ئەرمەن

پێکهاتەی ئەرمەن لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا ٦١٥ دەنگیان بەدەستهێنا و بەگوێرەی سیستەمی کۆتای پێکهاتەکان خاوەنی کورسییەک بوون.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی ئەرمەن، حەوت جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ١٢ جار لە کۆبوونەوەی لیژنەکاندا ئامادە نەبووە.

هەرچەند وەک فراکسیۆنی ئەرمەن هیچ پێشنیازە یاسایەک واژۆ و پێشکەش نەکراوە، بەڵام ئەندامە ئەرمەنەکە واژۆی لەسەر پێنج پێشنیازە یاسا و هەروەها واژۆی یاداشتێکی کردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا.

نوێنەری ئەرمەن تەنیا حەوت جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەی کردووە و تێکڕای ماوەی قسەکردنەکەی ١١ خوولەک و ١٠ چرکە بووە.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی ئەرمەن، هیچ یاداشتێکی بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ نەکردووە و هیچ بیرۆکەیەکیشیان گەڵاڵە نەکردووە.

نوێنەرە ئەرمەنەکە، حەوت جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەی کردووە، تێکڕای ماوەی قسەکردنەکەی ١١ خوولەک و ١٠ چرکە بووە.

ئەو، لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بوون، دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمانیش بڕی ٣٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دیناری وەک مووچە وەرگرتووە.

فراكسیۆنی ئازادی؛ حزبی شیوعی كوردستان

بە بەدەستهێنانی هەشت هەزار و ٦٣ دەنگ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەماندا، فراکسیۆنی ئازادی کە فراکسیۆنی حزبی شیوعی کوردستان بوو، توانی ببێت بە خاوەنی کورسییەک لە پەرلەمانی کوردستان.

نوێنەرەکە، حەوت جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و پێنج جار لە کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەماندا ئامادە نەبوو. لەماوەی خولەکەدا، هیچ پێشنیازە یاسایەکی پێشکەش نەکردووە، بەڵام واژۆی لەسەر شەش پێشنیازە یاسا کردووە.

فراکسیۆنی ئازادی لەماوەی خولی پێنجەمدا هیچ پێشنیازە یاسایەکی پێشکەش نەکردووە و هیچ بیرۆکەیەکیشی نەخستووەتەڕوو

ئەندامەکەی فراکسیۆنی ئازادی، دوو یاداشتی واژۆ کردووە بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و هەروەها واژۆی ٣١ یاداشتیشی کردووە بۆ خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا.

پەرلەمانتارەکە، هیچ بیرۆکەیەکی نەخستووەتەڕوو، بەڵام ١٩٢ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەی کردووە کە تێکڕای ماوەی قسەکردنەکانی سێ کاتژمێر و پێنج خوولەک و ٢٤ چرکە بووە.

فراکسیۆنی ئازادی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوو، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان، بڕی ٣٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دینار وەک مووچە لەلایەن پەرلەمانتارەکەوە وەرگیراوە.

فراكسیۆنی سەردەم

بە بەدەستهێنانی ١٥ هەزار و ٤٣٤ دەنگ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، فراکسیۆنی سەردەم براوەی کورسییەکی پەرلەمان بوو. دوو ئەندام بەناوی فراکسیۆنەکەوە سوێندی یاساییان خواردووە، بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێک و دەستبەکاربوونی ئەندامێکی نوێ.

نوێنەرەکەی فراکسیۆنی سەردەم ١٧ جار لە دانیشینەکانی پەرلەمان و پێنج جار لە کۆبوونەوەی لیژنەکاندا ئامادە نەبووە. هیچ پێشنیازەیاسایەک لەلایەن فراکسیۆنی سەردەمەوە پێشکەشی پەرلەمان نەکراوە، بەڵام ئەندامی فراکسیۆنەکە واژۆی لەسەر یەک پێشنیازە یاسا کردووە.

فراکسیۆنی سەردەم هیچ پێشنیازە یاسایەکی پێشکەش نەکرد؛ هیچ بیرۆکەیەکی نەبوو؛ بەڵام لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوو

ئەندامەکەی فراکسیۆنی سەردەم لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، واژۆی لەسەر هیچ یاداشتێک بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە، هەروەها هیچ یاداشتێکیشی واژۆ نەکردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا و هیچ بیرۆکەیەکیشی گەڵاڵە نەکردووە.
ئەندامی فراکسیۆنەکە ٢٥ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان قسەی کردووە کە تێکڕای ماوەی قسەکردنەکانی یەک کاتژمێر و هەشت خوولەک و ٢٥ چرکە بووە.
فراکسیۆنەکە لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بوو، دوای تەوابوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان، نوێنەرەکەی، بڕی ٣٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دیناری وەک مووچە وەرگرتووە.

ئەندامە سەربەخۆكان

ئەندامە سەربەخۆکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا بەکۆی گشتی، چوار هەزار و ٢٢٧ دەنگیان بەدەستهێنا و نوێنەرایەتی چوار کورسیان دەکرد. ئەوان لە بنەڕەتدا ئەندامانی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوون، بەڵام لە فراکسیۆنەکە جیابوونەوە و وەک ئەندامی سەربەخۆ مانەوە.

بە سەرجەمیان ٤٣ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ٣٢ جار لە کۆبوونەوەی لیژنەکاندا ئامادە نەبوون.

ئەندامە سەربەخۆکان وەک خۆیان، هیچ پێشنیازە یاسایەکیان پێشکەش نەکرد، بەڵام واژۆیان لەسەر شەش پێشنیازە یاسا کردووە و سێ یاداشتیشیان بەمەبەستی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ کردووە.

ئەندامە سەربەخۆکان واژۆی ٢٨ یاداشتیان کردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و دوو بیرۆکەیشیان گەڵاڵە کرد

هەر چوار ئەندامە سەربەخۆکە، هاوکات واژۆی ٢٨ یاداشتیان کردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا و دوو بیرۆکەیشیان گەڵاڵە کردووە.

بە تێکڕای گشتی ئەندامە سەربەخۆکان ٥٥١ جار لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەیان کردووە کە ماوەی تەواوی قسەکردنیان ١٢ کاتژمێر و ٣٩ خوولەک و ٥٧ چرکە بووە.

ئەندامە سەربەخۆکان لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نەبوون، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان، بڕی ١٩٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دیناریان وەک مووچە وەرگرتووە.

وەک دامەزراوەی پەی ئاماژەی بۆ کردووە، لە بابەتی پرساندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، تەنیا سێ لە ئەندامە سەربەخۆکان واژۆیان کردووە، بەڵام ئەندامێکی دیکەیان (شادی نەوزاد” هیچ بەشدارییەکی لە پرساندندا نەکردووە و هاوکات بە جیا لە سێ ئەندامەکەی دیکە، ئەو، لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوو.

 

 

هەواڵێکی ماڵپەڕی(ZED PRESS) لەسەر راپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی

 

پوختەی کار و چالاکی فراکسیۆنەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا بە pdf